هەردوو پێكهاتەی عەرەب و توركمان، داوا لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەن پەشیمانبێتەوە لە بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە كەركوك و دژایەتی خۆیان بۆ هەر هەنگاوێكی لەو شێوەیە دەردەبڕن.
ئەو ناڕەزاییە لە راگەیەنراوێكی هاوبەشی نوێنەرانی عەرەب و توركمان هات لە پەرلەمانی عیراق و تیایدا جەختیانكردەوە لەوەی "سەرۆک وەزیرانى عیراق فەرمانی كردووە بە چۆڵکردنى بارەگاى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان و رادەستکردنى بە و حزبە... ئەمە هەوڵێکە بۆ پشێویی لە شارى کەرکوک کە ئەمن و ئاسایشی بەرقەرارە لە دواى سەپاندنى یاسا لە 16 ئۆکتۆبەرەوە".
ئەو دوو پێكهاتەیە داوا لەسەرۆک وەزیران دەكەن "پاشگەزبێتەوە لەو بڕیارە و دوربکەوێتە لە رازیکردنى دڵى حزبێک لە کەرکوک، ئێمە لە دژى گەڕانەوەى هیچ حزبێک نین بۆ شارەکە، بەڵام لەگەڵ رادەستكردنەوەی ئەو بارەگایە نین".
محەمەد رەیاشى، وتەبێژى بەرەى عەرەبی لە کەرکوک – لە كۆمەڵێك حزب و لایەنی عەرەبی و سەرۆك هۆزەكان پێكدێت – لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "راستە سەرۆک وەزیران بڕیاریداوە بە چۆڵکردن و رادەستکردنى بارەگاى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى بەو حزبە، بەڵام ئەو بارەگایە لەسەر زەوى زیادەڕۆ دروستکراوە کە موڵکى وەزارەتى نەوتە و بە پارەی قوتى خەڵکى دروستکراوە".
زیاتر وتی "سەرەتا ئەو بینایە بە ناوی بنکەیەکى رۆشنبیرییەوە دروستکرا، بەڵام دواتر پارتى دەستیبەسەردا گرت... ئێمە بەهیچ شێوەیەک رازى نین رادەستیان بکرێتەوە، نامانەوێت ئەو بارەگایە جارێکى دیکە بکرێتەوە بە شوێنى سزادان و ئەشکەنجەدان و کوشتنى هاوڵاتیانى بێتاوان... بینیتان لە دواى 16 ئۆکتۆبەرەوە لە نێو مەجارى نێو بارەگاکە دوو تەرم دۆزرانەوە".
له 16ی ئۆكتۆبهردا هێزهكانی سهر به حكومهتی فیدراڵی گهڕانهوه بۆ كهركوك و ناوچهكانی تری جێناكۆك، دوای پاشهكشێی پێشمهرگه، ئهوهش بههۆی بارگرژیی نێوان ههردوو حكومهتی عیراق و ههرێمی كوردستان بههۆی ریفراندۆمهوه.
لەوكاتەوە تەواوی بارەگاكانی پارتی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستیانبەسەردا گیراوە، لە نێویاندا بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوكی حزبهكه لە گەڕەكی شۆراو كە لە ئێستادا كراوەتە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.
محەمەد رەیاشى، وتەبێژى بەرەى عەرەبی لە کەرکوک، وتی "بۆ دژایەتی رادەستكردنەوەی ئەو بارەگایە، چەندین رێگەمان لەبەردەمدایە، شاندمان بۆ ئەو مەبەستە چۆتە بەغدا، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی كۆدەبینەوە و شەقام لە دژی ئەو هەوڵەش دەجوڵێنین".
بۆ دژایەتی رادەستكردنەوەی ئەو بارەگایە، چەندین رێگەمان لەبەردەمدایە و شەقام لە دژی ئەو هەوڵەش دەجوڵێنین
بەپێچەوانەی نوێنەرانی توركمان لە بەغدا، عەلى قەریاغلى، سکرتێرى گشتى دەستەى تەنفیزى حزبی تورکمان ئیللی، بە (كەركوك ناو)ی وت "بە هیچ شێوەیەک لاریمان نییە لە رادەستکردنى بارەگاکانى پارتى، بەڵام بە مەرجێک بەکارینەهێنن بۆ شوێنى ئەشکەنجەدان و لێکۆڵینەوە، وەکو ئەوەى بینیمان بەر لە 16 ئۆکتۆبەر".
ساڵی رابردو حكومهتی عیراقی بڕیاریدا بارهگاكانی پارتی رادهستبكاتهوه بهڵام بههۆی ناڕهزایی و مانگرتنی لایهنگرانی حزبه عهرهبی و توركمانییهكانی كهركوك بڕیارهكه راگیرا.
محهمهد خورشید، لێپرسراوی لقی كهركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەبارەی گەڕانەوەیان بۆ كەركوك مانگی تشرینی یەكەم، بە (كەركوك ناو)ی وت "كۆبونەوە زۆر كراون، بەڵام هیچ هەنگاوێك نییە بە ئاڕاستەی ئەوەی ئێمە بگهڕێینەوە، لهو واتایهی هیچ هەنگاوێك نهنراوه بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركوك".