بابه‌شێخی نوێی ئێزیدی، بڕیاره بچێته شنگال به ئامانجی نه‌هێشتنی ئه‌و ناكۆكییانه‌ی له‌سه‌ر شێوازی هه‌ڵبژاردنی دروستبون، له‌كاتێكدا به‌ره‌ی ناڕازی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و داواده‌كه‌ن سه‌ردانه‌كه بۆ دوای هێوربونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه دوابخرێت.
زۆرینه‌ی ئێزیدییه‌كانی نیشته‌جێی قه‌زای شنگال، به عه‌شیره‌ت و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانیشه‌وه، به‌شێوازی دانانی شێخ عه‌لی ئه‌لیاس، وه‌ك بابه‌شێخ قایل نین و تائێستا دانیان به حازم ته‌حسین به‌گ –دا نه‌ناوه وه‌ك میری ئێزیدییان، به‌هۆی "ده‌ستتێوه‌ردانی حزبی و پشتگوێخستنی" رای ئه‌وانه‌وه له‌هه‌ردوو پرۆسه‌كه‌دا.
عه‌لی ئه‌لیاس، 18ی تشرینی دوه‌می 2020 له مه‌راسیمێكی ئایینییدا له په‌رستگای لالش له قه‌زای شێخان، به‌ره‌سمی وه‌ك بابه‌شێخی نوێی ئێزیدییه‌كان له عیراق و جیهان ده‌ستبه‌كاربوو.
شێخ ئەرکان ئه‌لیاس، برای بابه‌شێخ به (كه‌ركوك ناو)ی وت بابەشێخ بڕیاریداوە بچێتە شنگال، "ئەگەر سەریشی لەسەر دابنێت"، چونکە به‌لای ئه‌وه‌وه رێككه‌وتن و یه‌كگرتنی ئێزیدییان لەسەروی هەموو شتێکەوەیە.
"نازانین كه‌ی سه‌ردانه‌كه ده‌كات، به‌ڵام هه‌ركاتێك دیاریكرا ده‌چێت و بڕواناكهین کەس رێگریی لێبكات، چونکە بڕیارێکی ئایینییە و ئه‌و ده‌چێت بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی ئێزیدییان" به‌وته‌ی ئه‌ركان، ئه‌وه‌ش دوای "ده‌نگۆی دروستبونی درزێك له نێو ئێزیدییه‌كاندا و به ئامانجی ئه‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان زیاتر په‌رته‌وازه نه‌بن".
به‌ره‌ی ناڕازی دژی شێوازی دانانی بابه‌شێخی نوێ، به‌ر له مه‌راسیمه ئاینییه‌كه‌ی لالش، له كۆبونه‌وه‌یه‌كدا داوای دواخستنی دانانی باباشێخ-یان كرد، له پێناو یه‌كڕیزی ئێزیدییه‌كاندا، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوێستی توندیان كرد.
بابه‌شێخ ده‌چێته شنگال ئه‌گه‌ر سه‌ریشی له‌سه‌ر دابنێت
پێگه‌ی بابه‌شێخ، به‌رزترین پله‌ی ئایینی ئێزیدیيه و به رابه‌ری روحی هه‌ژمارده‌كرێت.
شێخ خەڵەف شێخ بەحری، مجێوری پەرستگای شەرهفەدین لە شنگال، كه یه‌كێكه له كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی ناڕازی له شێوازی دانانی بابه‌شێخ به (كه‌ركوك ناو)ی وت له‌روی ئاینییه‌وه بۆ ئه‌وان قورسه رێگری له سه‌ردانی بابه‌شێخ بۆ شنگال بكه‌ن، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ده‌نگه ناڕازییه‌كانیش ناشاردرێنه‌وه.
"پێمان ناخۆشه کەسێکی وەک بابەشێخ بەو جلە پیرۆزەوە بێتە شنگال و شتێکی ناخۆش روبدات، بۆیه با جارێ نەیات و سه‌ردانه‌كه‌ی دوابخرێت، تا رەوشەکە ئارام دەبێته‌وه".
شێخ خه‌ڵه‌ف رونیكرده‌وه ئه‌وان هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ خودی بابه‌شێخ نییه، به‌ڵكو له‌سه‌ر شێوازی دانانیه‌تی، "ئێمە کێشەمان لەگەڵ حازم تەحسین بەگ هەبوو ده‌رباره‌ی میکانیزمی دانانی بابەشێخ، بەڵام ئێستا هەوڵێك لە نێوان شنگال و حازم تەحسین بەگ دا هەیە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، هەرکاتێك کێشه‌کە چارەسەرکرا بابه‌شێخ ده‌توانێت سه‌ردانی شنگال بكات".
ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه شێخ، شێخی وه‌زیره و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه ده‌رده‌كه‌ن.
زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئێزیدی ده‌كه‌ونه هه‌ریه‌ك له قه‌زای شێخان (له باكوری موسڵه و له‌روی ئیدارییه‌وه سه‌ر به هه‌ولێره و لالشی تێدایه) و له‌گه‌ڵ قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ و له‌روی ئیدارییه سه‌ر به پارێزگای نه‌ینه‌وایه).