دوو سەرچاوە لە ئیدارەی كەركوك:
راكان سەعید نابێتە پەرلەمانتار و وەكو پارێزگار دەمێنێتەوە

كەركوك/23ی ئایاری 2020/ عوسمان غانمى، وەزیرى ناوخۆى عیراق و راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەت لە فڕۆكەخانەی كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی نوسینگەی پارێزگار

سۆران محەمەد – كەركوك

دوو سەرچاوە لە ئیدارەی كەركوك، تەئكید دەكەنەوە كە راكان سەعید، "نابێتە پەرلەمانتار و وەكو پارێزگار دەمێنێتەوە". پێشتریش خۆی لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، له‌ پۆسته‌كەمدا ده‌مێنمەوە".

جەختكردنەوەی ئەو دوو سەرچاوە ئیدارییەی پارێزگای كەركوك، لەبارەی مانەوەی راكان سەعید، وەكو پارێزگار، دوای ئەوە هات كە ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن و پەیج لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، دەنگۆی ئەگەری سوێندخواردنی راكان سەعیدیان بڵاوكردەوە تا ببێتە ئەندامی پەرلەمان.

سەرچاوەیەک لە لێپرسراوێتی هەیە لە دیوانی پارێزگای كەركوك و لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە بۆ هەندێك بابەت، بۆیە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو هەواڵانەی باس لە چونی راکان سەعید جبوری دەکەن بۆ پەرلەمان تا ئەوەی وەک پەرلەمانتار سوێندی یاسایی بخوات دورە لە راستییەوە، هیچ هەوڵێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە".

هاوكات فەلاح یایچلی، قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکوک لە پشكی توركمان، بە (كەركوك ناو)ی وت "چونی راکان جبوری بۆ پەرلەمان تا ببێت بە پەرلەمانتار راست نییە، ئەم دەقەی کە وا من قسە لەگەڵ سایتی کەرکوک ناو دەکەم (كاتژمێر یەكی دواینیوەڕۆی چوارشەممە 25ی مانگ)، خودی راكان سەعید لە کۆبونەوەدایە وەكو پارێزگاری کەرکوک".

چونی راکان جبوری بۆ پەرلەمان تا ببێت بە پەرلەمانتار راست نییە

راكان سەعید، لە ئێستادا بە سەردانێك لە بەغدایە، ئەوەش بۆ بەشداریكردنی لە كۆبونەوەی دەستەی هەماهەنگی نێوان پارێزگاكاندا، بەپێی ڤیدیۆیەك كە راگەیاندنی پارێزگاری كەركوك بڵاویكردۆتەووە.

rakan1-1
كه‌ركوك، 2019، راكان سه‌عید جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت فۆتۆ: راگه‌یاندنی نوسینگه‌ی پارێزگار

بەپێی یاسا لە حاڵەتی چۆڵكردنی پۆستی پارێزگاردا، جێگری پارێزگار پۆستەكە پڕدەكاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارێزگاری كەركوك لەئێستادا خۆی بەوەكالەت لەو پۆستەیە و جێگری نییە، ئەوكات قایمقام جێگەی دەگرێتەوە.

فەلاح یایچلی، كە بەوەكالەت لە پۆستی قایمقامە، وتی "خۆ ئەگەر بابەتێکی وەها هەبێت، ئەوا دەبێت من ئاگاداربم، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە هیچ بابەتێكی لەو شێوەیە بونی نییە".

راكان سەعید، لە ئایاری 2018دا دەنگی پێویستی بەدەستهێنا بۆ پەرلەمانی عیراق، بەڵام ئەو لە پۆستی پارێزگاری كەركوكدا مایەوە و سوێندنی یاسایی نەخوارد.

لە حوزەیرانی رابردوو، لە دواین لێدوانیدا لەسەر ئەو پرسە، راكان سه‌عید بۆ (كەركوك ناو) وتی "تا هه‌ڵبژاردنی داهاتوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ پۆسته‌كه‌مدا دەمێنمە‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی نیمچه‌رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر ئاستی باڵای ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی".

جەمال شکور، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان و یەكێك لە نوێنەرەكانی كەركوك، لەبارەی ئەو پرسەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "پێدەچێت راكان سەعید بۆ ئەوەی کەیسە گەندەڵییەکانی داپۆشرێت، ببێتە پەرلەمانتار، بۆ ئەوەی پارێزبەندی وەربگرێت"، ئەو جەختیكردەوە "چەندین مەلەفی گەندەڵی لەسەر كراوەتەوە، بۆیە بونی بە پەرلەمانتار و سوێندخواردنی یەکێکە لە ئەگەرەكان"، بەڵام هیچ زانیارییەكی وردی لەسەر بابەتی جێهێشتنی پۆستی پارێزگار نەبوو.

پێدەچێت راكان سەعید بۆ ئەوەی کەیسە گەندەڵییەکانی داپۆشرێت، ببێتە پەرلەمانتار

لە 15ی ئەیلولی رابردوو دەستەی نەزاهەی عیراق گەشتی دەرەوەی لە راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، قەدەغە كرد، ئەوەش بە تۆمەتی "گەندەڵی" لە پڕۆژەیەكی 57 ملیار دیناریدا، هاوكات بۆ لێكۆڵینەوە بانگهێشتی دادگا كرا.

یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كاتێك نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك دورخرایەوە، چاوەڕێی وەرگرتنی ئەو پۆستە دەكات و بە مافی خۆی دەزانێت.

جەمال شوكر وتی "لەڕوی یاساییەوە پۆستەكە دەبێت بۆ كورد بێت، بەڵام ئەگەر راكان سەعید ببێتە پەرلەمانتار ئەوا ئۆتۆماتیکی قایمقام جێگاکەی پڕدەکاتەوە، بەڵام من باوەڕم بەوە نییە عەرەب و توركمان بۆ پرسێكی وا گفتوگۆ و رێككەوتنیان كردبێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT