ژماره‌یه‌ك له خوێندكارانی ده‌رچوانی 12ی ئاماده‌یی له كه‌ركوك، داوا له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن ده‌رفه‌تی خوێندنیان له زانكۆ و په‌یمانگه حكومییه‌كاندا بۆ بڕه‌خسێنێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 10ی كانونی یه‌كه‌م ژماره‌یه‌ك له ده‌رچوانی 12ی ئاماده‌یی خوێندنی كوردی، به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ گروپی شه‌قام گردبونه‌وه و داوایانكرد فۆڕمی وه‌رگرتن له زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی هه‌رێم، خولی دوه‌می ده‌رچوانی كه‌ركوكیش بگرێته‌وه.
دیلان محه‌مه‌د، ده‌رچوی 12ی ئاماده‌یی و به‌شداربوی گردبونه‌وه‌كه، له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشتی "هه‌موان قه‌رزاری كه‌ركوكن" به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه ده‌رچوی خولی دوه‌مین و بێبه‌شكراوین له پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی وه‌رگرتن له زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، بۆیه داوای ئه‌و مافه ده‌كه‌ین، هه‌رچه‌نده به‌ڵێنی زاره‌كییان پێداوین به‌ڵام متمانه‌مان به‌و به‌ڵێنانه نییه".
سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د، گه‌نجێكی دیكه‌ی به‌شداربوی گردبونه‌وه‌كه بوو، ئه‌و ده‌ڵێت هیچ بڕیارێك نییه تا بتوانن وه‌ك ده‌رچوانی خولی دوه‌م فۆڕمی زانكۆ و په‌یمانگه پڕبكه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش توشی دڵه‌ڕاوكێی كردون و ده‌ترسن خه‌ونی به‌رده‌وامی خوێندنیان له‌باربچێت.
له پرۆسه‌ی زانكۆلاین بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچوانی ئاماده‌یی له زانكۆ و په‌یمانگه حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ خوێندنی 2020-2021، له كه‌ركوكه‌وه 750 كه‌س فۆڕمیان پڕكردۆته‌وه به‌ڵام 592 كه‌سیان وه‌رگیراون، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێم.
شێرزاد سەعید، بەڕێوبەری نوسینگەی كەركوكی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، له‌كاتی به‌ده‌مه‌وه‌چونی داواكاری گردبونه‌وه‌ی ده‌رچوانی ئاماده‌یی به (كه‌ركوك ناو)ی وت فۆڕمی وه‌رگرتن له زانكۆ و په‌یمانگه بۆ ده‌رچوانی خولی دوه‌م ته‌نیا دواكه‌وتووه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی دره‌نگكه‌وتنی تاقیكردنه‌وه‌كانی خولی دوه‌م، یان پێدانی ده‌رفه‌تی دوو تا سێ خولی تاقیكردنه‌وه به خوێندكاران له‌لایه‌ن به‌غداوه، كه "فه‌وزای دروستكردووه و به‌رنامه‌ی خوێندنی هه‌رێمیشی تێكداوه".
به‌وته‌ی شێرزاد سه‌عید له‌مساڵدا پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی وه‌رگرتن پێشخراوه و سه‌ره‌تا ته‌نیا بۆ ده‌رچوانی خولی یه‌كه‌می تاقیكردنه‌وه‌كان بووه، به‌پێچه‌وانه‌ی ساڵانی رابردوه‌وه كه ده‌رچوانی هه‌ردوو خولی تاقیكردنه‌وه‌كان پێكه‌وه پڕیان ده‌كرده‌وه، بۆیه ئێستا ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ رێكخستن و دابه‌شكردنی فۆڕم بۆ ده‌رچوانی خولی دوه‌م.
له ساڵی خوێندنی 2019-2020دا وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی 533 خوێندكاری كه‌ركوكی له زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرت.
پێشتر و له پێنج ساڵی رابردوشدا، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵای هه‌رێم نزیكه‌ی پێنج هەزار خوێندکارى كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆكی وه‌رگرتووه له زانكۆ و په‌یمانگا حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا.