كه‌سوكاری ئه‌و دوو گه‌نجه‌ی له خۆپیشاندانه‌كانی كفری گیانیانله‌ده‌ستدا، داوا له لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كه‌ن تۆمه‌تبارانی ته‌قه‌كردن له خۆپیشانده‌ران راده‌ستی دادگا بكه‌ن.
ئه‌و داواكارییه ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 16ی كانونی یه‌كه‌می 2020 راسته‌وخۆ به هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی دراوه، كاتێك "بۆ پرسه و سه‌ره‌خۆشی" سه‌ردانی خانه‌واده‌ی هه‌ردوو گه‌نجه‌كه‌ی له كفری كردووه.
ئاسۆ سه‌لمان، برای ئاكۆ سه‌لمان-ی یه‌كه‌م قوربانی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی كفری به (كه‌ركوك ناو)ی وت "لاهور شێخ جه‌نگی بۆ دڵنەوایی و پرسە و سەرەخۆشی سه‌ردانیكردین، بەڵام ئێمە داوامانلێكرد بۆ ئه‌وه‌ی خوێنی شەهیدانی خۆپیشاندانەكە به‌فیڕۆ نه‌ڕوات كه له‌به‌ر بەرژەوەندی گشتی و داواكاری مافی خەڵك كوژراون، بكوژانی براكەم بدەنە دادگا و سزای یاساییان بدەن".
له خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زاییدا، شه‌وی 7ی كانونی یه‌كه‌می 2020 ئاكۆ سه‌لمان (22 ساڵ) به‌ته‌قه‌ی پاسه‌وانانی باره‌گای حزبی به‌ركه‌وت و له نه‌خۆشخانه گیانیله‌ده‌ستدا، كه‌سوكاره‌كه‌ی سكاڵایان دژی كۆمیته‌ی یه‌كێتیی تۆماركردووه و تائێستا ته‌نیا چه‌كدارێكی ئه‌و حزبه به تۆمه‌تی ته‌قه‌كردن ده‌ستگیركراوه.
"ته‌نیا كه‌سێك ده‌ستگیركراوه و ئه‌وانیتر له ده‌ره‌وه‌ی زیندانن، بۆیه به هاوسه‌رۆكی یه‌كێتمان وت پێویسته بكوژان سزای خۆیان وه‌ربگرن، ئه‌ویش وتی قبوڵیان نییه سزا وه‌رنه‌گرن و داوایكرد هه‌موان چاوه‌ڕێی دادگا و یاسا بین" به‌وته‌ی براكه‌ی ئاكۆ.
ئاسۆ سه‌لمان وتیشی چاوه‌ڕێی به‌ڵێنه‌كانی لاهور شێخ جه‌نگی ده‌كه‌ن به پێچه‌وانه‌وه رێگه‌ی تر بۆ به‌سزاگه‌یانی تۆمه‌تباره‌كان ده‌گرنه‌به‌ر.
چه‌ند رۆژێك دوای مه‌رگی ئه‌و گه‌نجه و له خۆپیشاندانێكی دیكه‌ی ناڕه‌زاییدا له كفری، ئێواره‌ی 10ی كانونی یه‌كه‌می 2020 شڤان محه‌مه‌د شكور (21 ساڵ) فیشه‌ك به‌ر سه‌ری كه‌وت و گیانیله‌ده‌ستدا، به‌هۆیه‌وه كه‌سوكاری سكاڵای یاساییان دژی هێزێكی چه‌كداری سه‌ر به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆماركرد.
مامۆستا محه‌مه‌د شكور، باوكی شڤان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "لاهور شێخ جه‌نگی، سه‌ردانیكردین و وتی چیتان ده‌وێت جێبه‌جێیده‌كه‌ین، ته‌نیا داواكاری ئێمه ئه‌وه‌بوو بكوژانی كوڕه‌كه‌م بدرێنه دادگا، به مه‌رجێك بدرێنه دادگای مه‌ده‌نی نه‌ك دادگای سه‌ربازی".
"لاهور شێخ جه‌نگی به‌ڵێنیدا و وتی دڵنیابن بكوژان رادەستی دادگا دەكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەردەگرن و دەبێ دادگا كاری خۆی بكات" مامۆستا محه‌مه‌د ده‌ڵێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن به‌ڵێنه‌كانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی ئه‌نجامی كرداری هه‌بێت، "چونكه قه‌ناعه‌تمان پێییه‌تی و قەولی پێداوین حەقی كوڕ كوژراوەكانمان بۆ بسه‌نێت".
له خۆپیشاندانه‌كانی ناڕه‌زایی كفری و ناوچه جیاوازه‌كانی دیكه‌ی پارێزگای سلێمانی، له ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌دا به‌هۆی دروستبونی بارگرژی و ته‌قه‌كردنه‌وه، 9 كه‌س كوژران و زیاتر له 60 كه‌سی تر برینداربون، به‌پێی ئاماره فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له فه‌یسبوك به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و تیایدا ئاماژه به‌سه‌ردانی خانه‌واده‌ی كوژراوانی خۆپیشاندانه‌كان ده‌كات له ده‌ربه‌ندیخان و كفری، نوسیویه‌تی "هاوڕابوین کە لێکۆڵینەوەی وورد لەو ڕووداوانە بکرێت و یاسا مافەکانیان بۆ وەربگرێتەوە".
هه‌روه‌ها هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی پێیوایه "هەندێک کەس و لایەنی بەرژەوەندیخواز، خۆپیشاندانەکانیان بەلاڕێدا برد کە تیایدا مامۆستا و فەرمانبەران و هاووڵاتییان داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکرد...، بەداخەوە دەرئەنجامەکەی ڕووداوی نەخوازراوی لێکەوتەوە و خوێنی چەند گەنجێک بە ناهەق ڕژا".
لاهور شێخ جه‌نگی جه‌ختیشیكردۆته‌وه "ئەو تۆمەتانەمان ڕەتکردەوە کە بۆ داپۆشینی سیاسەتە هەڵەکانیان پێیان وابوو دەستی دەرەکی لە پشت خۆپیشاندانەکانەوە هەبووبێت".
خۆپیشاندانی ناوچه‌كانی پارێزگای سلێمانی، 3ی كانونی یه‌كه‌می 2020 له‌ناوشاره‌وه به‌هۆی پێنه‌دانی موچه و خراپی گوزه‌رانه‌وه ده‌ستیپێكرد و رۆژانی دواتر چه‌ندین ناوچه‌ی گرته‌وه، تا له 11ی كانونی یه‌كه‌م به‌هێز بڵاوه به خۆپیشانده‌ران كرا و ناڕه‌زاییه‌كان كپكرانه‌وه.