هه‌زاره‌ها خێزانی ئێزیدی، دوای به‌جێهێشتنی كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی هێشتا چاوه‌ڕێی به‌خششه داراییه‌كه‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا چه‌ند هێنده‌ی ئه‌و پاره‌یه‌یان پێویسته تا ژیانی ئاسایی ده‌ستپێبكه‌نه‌وه.
به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی (كه‌ركوك ناو) له دامه‌زراوه و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به كاروباری ئاواره‌كان ده‌ستی كه‌وتون، له كۆی 11 هه‌زار خێزانی ئێزیدی كه فۆڕمی وه‌رگرتنی به‌خششی حكومه‌تی فیدراڵی عیراقیان پڕكردۆته‌وه، كه‌متر له 20 خێزان لێی سودمه‌ند بون.
به‌خششه‌كه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی، بڕه‌كه‌ی ملیۆنێك و 500 هه‌زار دیناری عیراقییه بۆ هه‌ر خێزانێكی ئاواره دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ زێدی خۆی، له‌رێی فه‌رمانگه‌كانی كۆچ و كۆچبه‌رانه‌وه له پارێزگاكاندا دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌ی فۆڕمی به‌جێهێشتنی كه‌مپ پڕده‌كه‌نه‌وه.
نه‌سیما حه‌سه‌ن، ئه‌و زیانانه‌ی به‌هۆی ھێرشه‌كانی داعشه‌وه به‌ر ماڵ و موڵكی خێزانه‌كه‌ی كه‌وتووه چه‌ند هێنده‌ی ئه‌و پاره‌یه‌یه، زۆر له‌وه‌ش زیاتریان پێویسته تا ژیانی ئاسایی ده‌ستپێبكه‌نه‌وه، ئه‌و دوای شه‌ش ساڵ له ئاواره‌یی ناچار بووه كه‌مپ به‌جێبهڵێت و فۆڕمی وه‌رگرتنی ئه‌و هاریكارییه‌ی حكومه‌ت پڕبكاته‌وه.
"باوكم ئیفلیجی هه‌یه و ئیش ناكات، 9 كه‌سین، دووجار فایلی وه‌رگرتنی مینحه‌كه‌ی حكومه‌تمان پڕكردۆته‌وه و یه‌ك دینارمان وه‌رنه‌گرتووه" نه‌سیما بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئێستا له هاوكارییه‌كانی تری وه‌ك خۆراك و نه‌وتیش بێبه‌شكراوین
خێزانه‌كه‌ی نه‌سیما له ئابی 2014دا به‌هۆی هێرشه‌كانی داعشه‌وه له ناحیه‌ی گرعوزێرهوه ئاواره‌ی چیای شنگال بون و وه‌ك هه‌زاران خێزانی تر خانوه‌كانیان زیانی به‌ركه‌وت؛ یان روخێنران یان سوتێنران یاخود له‌لایه‌ن داعشه‌وه بۆمبڕێژكران.
"ئێستا ئێمه به ئاواره حساب ناكرێین، چونكه فۆڕمی وه‌رگرتنی مینحهمان پڕكردۆته‌وه، بۆیه له هاوكارییه‌كانی تری وه‌ك خۆراك و نه‌وتیش بێبه‌شین له هه‌ر كوێ نیشته‌جێبین، بۆیه له ژیانێكی زۆر سه‌ختداین و هێنده سه‌خته به قسه ناگێڕدرێته‌وه" به‌وته‌ی نه‌سیما حه‌سه‌ن.
حكومه‌تی عیراقی، له ئه‌مساڵدا و له چوارچێوه‌ی پلانێكدا بۆ داخستنی كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی تا كۆتایی 2020، زۆرینه‌ی ئاواره‌كانی له كه‌مپه‌وه بۆ زێدی خۆیان نارده‌وه و له چه‌ندین پارێزگاش كه‌مپه‌كانی داخست.
عه‌لی شه‌عبۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی سه‌رده‌شت له چیای شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "خێزان هه‌یه دوو ساڵه كه‌مپی به‌جێهێشتوه و فۆڕمی وه‌رگرتنی مینحه‌ی پڕكردۆته‌وه، به‌ڵام پاره‌ی پێنه‌دراوه".
ئه‌و ده‌ڵێت 11 هه‌زار خێزانی ئێزێدی مامه‌ڵه‌یان له فه‌رمانگه‌كانی وه‌زاره‌تی كۆچ پڕكردۆته‌وه، له نێویاندا زیاتر له چوار هه‌زار خێزانی خه‌ڵكی سه‌نته‌ری شنگال، پێنج هه‌زار خێزانی ناحیه‌ی سنونێ و دانیشتوانی ناوچه‌كانی دیكه‌ی قه‌زاكه.
به‌بڕوای به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی سه‌رده‌شت له خه‌رجكردنی ئه‌و به‌خششه‌ی حكومه‌تدا جیاوازی ده‌كرێت، "زانیاریمان هه‌یه ئاواره‌كانی ناوچه‌كانی تر له نێویاندا ئه‌نبار و نه‌ینه‌وا پاره‌كه‌یان پێدراوه دوای گه‌ڕانه‌وه به‌ڵام بۆ ئێزیدییه‌كان كاتی پێدانی ئه‌و پاره‌یه نادیاره بێ ئه‌وه‌ی كێشه له فۆڕمهكانیاندا هه‌بێت".
عه‌لی شه‌عبۆ وتی "چوار تا شه‌ش مانگ پێدانی هاریكارییه‌كه دوابكه‌وێت قه‌ینا به‌ڵام بۆ دوو ساڵ هیچ ره‌وایه‌تییه‌كی تیا نییه، له‌كاتێكدا ئه‌و پاره‌یه به‌راورد به قه‌باره‌ی زیانه‌كان زۆر كه‌مه به‌ڵام هه‌ر له نه‌بونی باشتره".
حكومه‌تی عیراقی به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و قه‌یرانی دارایی و بارودۆخی كۆرۆناوه له مانگه‌كانی رابردودا بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشی به‌پێی یاسایه‌كی په‌سه‌ندكراو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه قه‌رزی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی كرد.
له‌و پاره‌یه‌ی تائێستا دابه‌شكراوه هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان ئاواره‌كاندا نه‌كراوه
ئه‌سكه‌نده‌ر محه‌مه‌د ئه‌مین، لێپرسراوی فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له دهۆك به (كه‌ركوك ناو )ی وت بۆ ماوه‌یه‌ك دابه‌شكردنی به‌خششی حكومه‌ت بۆ ئاواره گه‌ڕاوه‌كان راگیراوه، وتیشی "به‌ڵام له‌و پاره‌یه‌ی تائێستا دابه‌شكراوه هیچ جیاوازییه‌ك له‌نێوان ئاواره‌كانی كریستیانی و ئێزیدی و موسڵمان و پێكهاته‌كانی دیكه‌دا نه‌كراوه".
هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه هه‌ر خێزانێكی ئاواره مامه‌ڵه‌كانی دروستبن و كێشه‌ی تیا نه‌بێت به دڵنیاییه‌وه پاره‌كه‌ی پێده‌درێت.
هه‌رچه‌نده له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵی كه‌مپه‌كان داخراون به‌ڵام هێشتا له هه‌رێمی كورستان زیاتر له 730 هه‌زار ئاواره‌ی ناوخۆیی هه‌ن، كه سه‌دا 30یان ئێزیدیین، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان سه‌ر به حكومه‌تی هه‌رێم بۆ تشرینی یه‌كه‌می 2020.
حسێن حه‌سه‌ن نه‌رمۆ، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی په‌رله‌مانی عیراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "واسته‌كاریی له وه‌رگرتنی مینحه‌ی ئاواره‌كاندا هه‌یه، سه‌رباری تێبینی زۆر له‌سه‌ر شێوازی دابه‌شكردنه‌كه‌ی، به‌ڵام فشارمان كردۆته سه‌ر وه‌زاره‌ت تا پاره‌ی ئاواره ئێزیدییه‌كانیش خه‌رجبكرێت و بۆ ئه‌وه‌ش به‌ڵێنیان پێداوین".
به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره، تائێستا نۆ قۆناغی پاره‌ی به‌خششی ئاواره‌كان خه‌رجكراوه، به‌ڵام كه‌مترین ئێزیدی تیادا بووه، له‌كاتێكدا زیاتر له 11 هه‌زار خێزانیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه و فۆڕمیان پڕكردۆته‌وه، "ده‌بوو تائێستا لانیكه‌م نیوه‌یان ئه‌و پاره‌یه‌یان وه‌ربگرتایه".
له سه‌رده‌می شه‌ڕی داعش (2014-2017) نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره بون و هێشتا نزیكه‌ی ملیۆنێك كه‌س بۆ زێدی خۆیان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه.
عه‌لی عومه‌ر گه‌عبۆ، یاریده‌ده‌ری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ كاروباری ئاواره‌كان به (كه‌ركوك ناو)ی وت "گله‌یی ئێزیدییه‌كانمان له‌سه‌ر وه‌رنه‌گرتنی ملیۆن و 500 هه‌زار دیناره‌كه به‌ده‌ست گه‌یشتووه، ئه‌و پرسه‌مان به وه‌زاره‌تی گه‌یاندووه و ئه‌وان ده‌ڵێن ئێزیدییه‌كان دره‌نگتر له ئاواره‌كانی دیكه فۆڕمیان پڕكردۆته‌وه بۆیه پێدانی بهخششهكهیان دواكه‌وتووه".
ئه‌و ده‌ڵێت سودمه‌ندبوانی ئه‌و به‌خششه‌ی حكومه‌ت له نه‌ینه‌وا گه‌یشتۆته دوو هه‌زار خێزان، كه زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر و تلكێف و ده‌شتی نه‌ینه‌وان، له‌و ژماره‌یه 10 بۆ 20 خێزانی ئێزیدی تیادا بووه.
"بڕوامان به پاساوه‌كانی وه‌زاره‌ت نییه.. وه‌زیری كۆچ له‌كاتی سه‌ردانیكردنی نهینهودا به‌ڵێنی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دابه‌شكردنی پاره‌ی ئێزیدییه‌كانی دا به‌ڵام ئه‌ویش به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆی نه‌برده سه‌ر به پاساوی نه‌بونی پاره" ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی گه‌عبۆ، كه ده‌ڵێت واز له‌و دۆسیه‌یه ناهێنن تا چاره‌سه‌ری بۆ ده‌دۆزنه‌وه.