لە ماوەی كەمتر لە هەفتەیەكدا 10 كەس بە هێرشی چەكداریی لە خانەقین كوژران و برینداربون، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ هەندێك زانیاریی هەواڵگریی كە باس لە دانانی "ئەمیرێكی نوێی داعش" دەكەن بۆ سنوری خانەقین و جەلەولا.
شەوی رابردوو 2ی كانونی دووەم، ژمارەیەك چەكدار كە هێزە ئەمنییەكان بە "داعش" ناویان دەبەن، ھێرشیانكردە سەر خاڵێکی سەربازی سوپای عیراق لە خانەقین و بەهۆیەوە سەربازێک کوژراو حەوتی تر برینداربون، ئەوەش بەپێی وتەی ئەبو سەجاد، موسەوی، فەرماندە لە لیوای ٢٣ ی حەشدی شەعبی.
ئەو هێرشە كە لە نزیک پردی حەلوان لە باکوری خۆرئاوای خانەقین بوو، دوای هێرشێكی تر هات بۆ سەر گوندی ئەبو حونتەی جەلەولا لە قەزای خانەقین لە 29ی كانونی یەكەم، كە بەهۆیەوە گەنجێكی 25 ساڵ كوژراو مام-یشی برینداربوو.
سەجاد موسەوی بە (كەركوك ناو)ی وت "هێرشەكانی شەوی رابردوو (2ی كانونی دووەم) لەلایەن چەكدارانی داعشەوە ئەنجامدران و فەوجی دووی لیوای مەغاویر سەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە كرانە ئامانج".
لانیكەم دوو كاتژمێر روبەڕوبونەوە رویداوە لە نێوان چەكدارەكان و سوپا و "ھێزەکانی سوپا داوای ھاوکارییان لە ھێزی ئاسمانی کردووە بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆریستان، بۆیە لەڕێی موشەكی هێلیكۆپتەرەوە ئەو ناوچانە بۆردومانكراوە كە گوماندەكرێت لە شەودا جموجۆڵی چەكدارانی داعش هەبێت"، هەر بە وتەی موسەوی.
ھێزەکانی سوپا داوای ھاوکارییان لە ھێزی ئاسمانی کردووە بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆریستان
دوای ئەو دوو هێرشە هێزەكانی سوپای عیراق، ئەمڕۆ یەكشەممە 3ی كانونی دووەم، هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان ئەنجامدا لەو ناوچەیەی كە هێرشكرایە سەر سوپا.
ئەو هێرشانە هاوكاتە لەگەڵ ساڵی نوێی 2021 كە بەپێی سەرچاوەیەكی باڵای هێزەكانی پێشمەرگە لە سنوری خانەقین دوابەدوای دانانی ئەمیرێكی نوێی داعش دێت لە قەزای خانەقین.
سەرچاوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی زانیارییەکانمان داعش ئەمیرێکی نوێی داناوە بۆ ناوچەی خانەقین و جەلەولا... ئەو سەرکردەیەی داعش پێشتر لە ناوچەی قەرەتەپە بووە، بەڵام ئێستا سەرپەرشتی گروپەکانی داعش دەکات لە قەزای خانەقین".
ئەو هێرشانە كە هێشتا بە تەواوی رون نییە چەكداری سەر بە داعشن یان گروپی تر، لەكاتێكدایە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق، لە تشرینی دووەمی 2017 كۆتیاپێهێنانی داعشی لە تەواوی عیراق راگەیاند، ئەوەش دوای نزیكەی سێ ساڵ و پێنج مانگ دێت لە شەڕی بەردەوام.
لێپرسراوەكەی پێشمەرگە وتی "ئێستاش جموجۆڵی داعش لە سنوری خانەقین هەیە، تەنانەت پاش خۆرئاوابون لە ناوچەکانی نێوان خانەقین – جەلەولا، ھێزە ئەمنییەکانی سەر بە عیراق دەکەونە حاڵەتی بەرگریکردنەوە و ھیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر ناوچەکەدا نامێنێت".