رێككه‌وتنی شنگال، هیچ خاڵێكی به ته‌واوی جێبه‌جێنه‌كراوه و هێشتا ناڕه‌زایی له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی هه‌یه، ئه‌وه‌ش دوای سێ مانگ له واژۆكردنی له‌لایه‌ن هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
رێككه‌وتنی به‌غدا و هه‌ولێر، له تشرینی یه‌كه‌می 2020 به‌ناوی "گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی قه‌زای شنگال" واژۆكرا و له سێ میحوه‌ری سه‌ره‌كی پێكهاتون؛ ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانكردنه‌وه.
به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو) له شنگال، هیچ میحوه‌ر و بڕگه‌یه‌كی رێككه‌وتنه‌كه به ته‌واوی جێبه‌جێنه‌كراوه، له نێویاندا به‌شی یه‌كه‌می كه له دوو بڕگه پێكهاتووه و تایبه‌ته به پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ.
تائێستا قەزای شنگال دوو قایمقامی هەیە؛ مەحما خەلیل –له‌سه‌ر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان- لە پارێزگای دهۆك دادەنیشیت و خۆی وەكو قایمقامی شنگال دەناسێنێت، فەهد حامد، لەناو شنگاله و به‌وه‌كاله‌ت پۆسته‌كه به‌ڕێوه‌ده‌بات.
فه‌هد حامد به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به ره‌سمی هیچ هه‌نگاوێك نه‌نراوه تا ده‌ست به‌رێكاره‌كانی پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ بكرێت، كه ئه‌وه‌ش به‌ندی یه‌كه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌یه و هه‌ركات هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی درا ئێمه نابینه به‌ربه‌ست".
سه‌رباری پشتگیری لێپرسراوانی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم، رێككه‌وتنه‌كه نه‌یتوانیوه كۆده‌نگی لایه‌نه‌كانی ناو شنگال به‌ده‌ستبهێنێت و له سێ مانگی رابردودا چه‌ندین خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی دژی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌چووه.
عەلی عەمەر گەعبۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نه‌ینه‌وا به (كه‌ركوك ناو)ی وت "بڕیاربوو تا كۆتایی ساڵی 2020 به‌ندی یه‌كه‌می رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێبكرێت، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی دانرابوو له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه سه‌رینه‌گرت، بۆیه دوای تێپه‌ڕینی سێ مانگ نه‌توانراوه كار بۆ به‌ندی یه‌كه‌م بكرێت".
ئه‌و ده‌ڵێت له رڕوی ئیدارییه‌وه هه‌موو شتێك له شنگال وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه و هیچ هه‌نگاوێك بۆ گۆڕانكاری نه‌نراوه.
ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی دانرابوو له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه سه‌رینه‌گرت
رێككه‌وتنه‌كه به چاودێری و ئاگاداری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بوو، دوای چه‌ندین ساڵ له ململانێی ئیداری و ئه‌منی له شنگال.
له قه‌زای شنگال زیاتر له حه‌وت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن له نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان.
لیوا ته‌حسین خه‌فاجی، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عیراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت ده‌ستیان به جێبه‌جێكردنی قۆناغه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه كردووه، به تایبه‌ت له رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منیدا، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی خه‌فجی رۆڵی له سه‌قامگیری و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان و ئاوه‌دانیدا ده‌بێت.
له خاڵی دوه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌دا هاتووه دۆسیه‌ی ئه‌منی سه‌نته‌ری شنگال به‌ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی و هه‌واڵگرییه‌وه ده‌بێت، له ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ش هێزه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی جێگیرده‌بن.
هه‌روه‌ها بڕیاردراوه به دامه‌زراندنی دوو هه‌زار و 500 چه‌كدار.
به‌ڵام تائێستا دۆسیه‌ی ئه‌منی به‌پێی ئه‌و خاڵه‌ی رێككه‌وتنه‌كه رێكنه‌خراوه‌ته‌وه.
ڤیدیۆ: خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی دژی ده‌ركردنی ئاسایشی ئێزیدخان له ناوه‌ندی شنگال / كانونی یه‌كه‌می 2020/ كه‌ركوك ناو
ته‌نیا هێزی پۆلیسی فیدراڵی له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دا 19ی تشرینی دوه‌می 2020 له كه‌ركوكه‌وه ره‌وانه‌ی شنگال كراون، به‌ڵام له‌بری گرتنه‌ده‌ستی دۆسیه‌ی ئه‌منی له ناوچه سنورییه‌كاندا جێگیربون.
یاریده‌ده‌ری پارێزگاری نه‌ینه‌وا وتی "هیچ هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی نه‌چونه‌ته ناو شنگال و له سنوری عیراق و سوریادا جێگیربون له كاتێكدا ده‌بوو دۆسیه‌ی ئه‌منی لای ئه‌وان بێت".
ئاسایشی ئێزیدخان؛ كه ژماره‌یان زیاتر له هه‌زار چه‌كدار ده‌بێت و سه‌ر به یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)ـن، ئاماده‌نین ناوه‌ندی شنگال به‌جێبهێڵن.
فه‌هد حامد وتی "جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌م شێوازه‌ی ئێستا ئه‌سته‌مه، به‌هۆی رێكنه‌خستنی دۆسیه‌ی ئه‌منییه‌وه، چونكه هێشتا ئاسایش له سه‌نته‌ری شاره‌كه‌دا ماون و باره‌گاكانیان راده‌ست ناكه‌نه‌وه".
بڕگه‌ی سێیه‌می رێككه‌وتنه‌كه تایبه‌ت به پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه له شنگال، كه دوای چه‌ند ساڵێك له كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زاكه و هێرشه‌كانی ئابی 2014ی داعش، هێشتا زۆربه‌ی خانوه‌كان و كه‌رتی گشتی وێرانه‌ن.
نه‌بونی خزمه‌تگوزاری و كێشه ئه‌منییه‌كانیش به به‌ربه‌ستی به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان به تایبه‌ت هاوڵاتیانی ئێزیدی داده‌نرێن كه سه‌دا 30ی زیاتر له 700 هه‌زار ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان پێكده‌هێنن.
به‌بڕوای قایمقامی شنگال به‌وه‌كاله‌ت، دۆسیه‌ی ئه‌منی بناغه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی رێككه‌وتنه‌كه و تا كێشه‌كانی سه‌قامگیری چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، حكومه‌ت ناتوانێت هه‌نگاوی دیكه بنێت.
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.