له پارێزگای كه‌ركوك، تائێستا سه‌دا 66ی ده‌نگده‌ران تۆماره‌كانیان نوێكردۆته‌وه و به‌شێكی زۆر له‌و كه‌سانه‌یش بۆ یه‌كه‌مجاره به‌شداری هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن كارتی بایۆمه‌ترییان وه‌رگرتووه، به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن.
ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆن له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه هه‌ڵمه‌تێكی چڕی ده‌ستپێكردووه بۆ نوێكردنی تۆماری ده‌نگده‌ران و دابه‌شكردنی كارتی بایۆمه‌تری بۆ ده‌نگدان له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌ی داهاتوی عیراقدا.
سه‌وسه‌ن ته‌یب، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به (كه‌ركوك ناو)ی وت له‌رێی 43 بنكه‌وه كه به‌سه‌ر شار و قه‌زا و ناحیه‌كاندا دابه‌شكراون، له‌گه‌ڵ چه‌ندین تیمی گه‌ڕۆك، هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران ده‌ده‌ن.
ژماره‌ی دانیشتوانی كه‌ركوك زیاتر له ملیۆنێك و 600 هه‌زار كه‌سن و له‌و ژماره‌یه زیاتر له ملیۆنێك هاوڵاتی مافی ده‌نگدانیان هه‌یه.
سه‌وسه‌ن ته‌یب وتی "تائێستا سه‌دا 66ی ده‌نگده‌ران تۆماره‌كانیان و كارتی ده‌نگدانیان نوێكردۆته‌وه".
كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدان، جگه له په‌نجه‌مۆر، وێنه‌ی هاوڵاتیانی ده‌نگده‌ری له‌سه‌ر هه‌یه و له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا، به‌و كارته خه‌ڵك ده‌توانێت به‌شداری پرۆسه‌كه بكات.
به‌پێی دوایین بڕیاری حكومه‌تی فیدراڵی عیراق له 10ی تشرینی یه‌كه‌می 2021دا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی په‌رله‌مان له ته‌واوی وڵات‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی كه‌ركوكی كۆمسیۆن ده‌ڵێت له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا له‌دایكبوانی ساڵانی 2001، 2002 و 2003 مافی ده‌نگدانیان هه‌یه و له‌و كه‌سانه‌ش سه‌دا 89 كارتی بایۆمه‌تری ده‌نگدانیان وه‌رگرتووه.
پشكی پارێزگای كه‌ركوك له په‌رله‌مانی عیراق 12 كورسییه و به‌سه‌ر سێ بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا دابه‌شكراون.
سه‌وسه‌ن ته‌یب رونیكرده‌وه به‌پێی رێكار و رێنماییه‌كانی كۆمسیۆن؛ گواستنه‌وه‌ی كارتی ده‌نگدان ته‌نیا له‌ناو یه‌ك بازنه‌دا رێگه‌پێدراوه، به‌ڵام رێگه‌نادرێت هیچ كارتێكی ده‌نگدان له پارێزگاكانی تره‌وه بۆ كه‌ركوك بگوازرێنه‌وه.
به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆن له‌سه‌ر ئاستی عیراق؛ له كۆی زیاتر له 25 ملیۆن ده‌نگده‌ر زیاتر له 14 ملیۆن تۆماره‌كانیان نوێكردۆته‌وه و زیاتر له 12 ملیۆن ده‌نگده‌ریان كارتی بایۆمه‌تریی ده‌نگدانیان وه‌رگرتووه.