لە دوای هەڕەشەكانی سەرۆك كۆماری توركیاوە
سەدان خێزانی شنگال داوای دوبارە گەڕانەوە دەكەن بۆ كەمپەكان

نەینەوا/ 2020/ ساتی گەڕانەوەی ژمارەیەك خێزانی ئێزیدی لە كەمپەكانی دهۆەكەوە بۆ قەزای شنگال فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – دهۆك

سەدان خێزانی شنگال داوایان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە دوبارە رێگەی گەڕانەوەیان پێبدەن بۆ ناو كەمپەكانی دهۆك، ئەوەش دوای چڕبونەوەی ئاڵۆزییەكانی قەزاكە دێت بەتایبەت هەڕەشەكانی رەجەیب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا.

ئەردۆغان، لە 22ی كانونی دووەم، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان، كە ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی دەقەی بڵاوكردەوە، لەبارەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ حكومەتی عیراق، وتی "هەم لە ئێستا و هەم لە رابردودا ئامادەبوین بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش"، لە بارەی ئەوەی ئەوە بە مانای چی دێت، ئەردۆغان وتی "من هەمیشە وتەیەکم هەیە کە دەڵێم 'شەوێک لەناکاو دێین' هەموو بابەتەکەش هەر ئەمەیە".

ئاژانسی ئەنادۆڵ، لە مانشێتی هەواڵەكەیدا نوسیویەتی "ئەردۆغان لەبارەی شنگال: رەنگە لە شەوێكدا بێین".

ئه‌کره‌م مشکۆ خدر، كە شەش مانگە گەڕاوەتەوە شنگال و كەمپی ئاوارەیی بەجێهێشتوو، وتی دوای ئەوەی لێدوانەكەی لە میدیا و تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك خوێندۆتەوە، داوایەكی ئاراستەی ئیدارەی پارێزگای دهۆك كردووە بۆ ئەوەی رێگەی بدەن بگەڕێتەوە كەمپەكان.

"له‌ بارودۆخێکی زۆر ناخۆشدا ده‌ژین، ترسمان هەیە شەڕ روبدات، تورکیا هێرشبکاته‌ سه‌ر شنگال و جارێكی تر ئاوارەبینەوە"، ئەكرەم مشكۆ وایوت.

بەپێی ئامارێكی لقی دهۆكی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، لە دوای لێدوانەكەی سەرۆك كۆماری توركیاوە، 100 كەس داوای گەڕانەوەیان بۆ كەمپەكان كردووە، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمیش دەڵێت "تەنیا لای ئێمە 200 كەس داواكاریی گەڕانەوەیان پێشكەش كردووە".

awaraduhokk-1
دهۆك، كه‌مپێكی ئاواره‌كان كه‌ زۆرینه‌ خه‌ڵكی نه‌ینه‌وان  فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئه‌سکه‌نده‌ر محه‌مه‌د ئه‌مین، به‌ڕێوه‌به‌ری لقی دهۆكی فه‌رمانگه‌ی کۆچ و کۆچبه‌رانی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو 100 كەسە لە دوای هەڕەشەكانی توركیاوە داواكارییان پێشكەش بە ئێمە كردووە... وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ لە دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، نەك ئێمە، چونكە ئەوان سەرپەرشتی كەمپەكان دەكەن".

وتیشی "هه‌ر ئاواره‌یه‌ک به‌ ئاره‌زوی خۆی له‌ هه‌رێمی کوردستانەوە گەڕابێتەوە‌ زێدی خۆی، مه‌له‌فه‌که‌یمان به ‌ته‌واوی داخستووە، چیتر وه‌ک ئاواره‌ هاوکاری مانگانەیان بەسەردا دابەشناكەین، لەیەك حاڵەتدا نەبێت كە ئەگەر لایه‌نێک به ‌شێوه‌یه‌کی راسته‌خۆ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردنیان لێبکات".

هه‌ر ئاواره‌یه‌ک به‌ ئاره‌زوی خۆی له‌ هه‌رێمی کوردستانەوە گەڕابێتەوە‌ زێدی خۆی، مه‌له‌فه‌که‌یمان به ‌ته‌واوی داخستووە

کاروان زه‌کی، به‌ڕێوە‌به‌ری راگەیاندنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان – سەرپەرشتی راستەوخۆی كەمپی ئاوارەكان دەكەن-، بە (كەركوك ناو)ی وت "لای ئێمە 200 خێزانی شنگال دوبارە داوای گەڕانەوەیان كردووە، بەهۆی ناجێگری دۆخی ئەمنی شنگال... تا ئێستا بڕیاری کۆتاییمان نه‌داوه‌، بەڵام گفتوگۆ و كۆبونەوە هەیە لەسەر ئەم بابەتە... هەم لەگەڵ رێكخراوەكان، هەم لە گەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان".

بارودۆخی شنگال لە ئێستادا بە قۆناغێكی سەختدا تێپەڕدەبێت، بەهۆی ناكۆكی نێوان هێز و  گروپە چەكدارییەكانی ناوچەكە لەلایەك و هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان لەلایەكی تر، ئەوەش رێگەخۆشكەر بووە بۆ مەیلی لایەنی دەرەكی بۆ دەستتێوەردان، لە نێویاندا توركیا.

توركیا بە پاساوی بونی هێزەكانی نزیك پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، كە زۆرینەی چەكدارەكانی لە ئێزیدییەكانی شنگالن، دەیەوێت هێرش بكاتە ناوچەكە و بۆ ئەوەش ئامادەیی خۆی نیشانداوە "بۆ ئۆپەراسیۆنی هاوبەش"، بەپێی وتەی ئەردۆغان.

لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا توركیا چەند جارێك بۆردومانی قەزای شنگالی كرد، ئەوەش بە بیانوی "لێدان لە چەكدارانی سەر پەكەكە".

shngal (4)-2
شنگال، 16ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، خۆپیشاندانی كچان و ژنانی ئێزیدی دژی رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ ئیداره‌دانی قه‌زاكه‌ فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

ئەوەش لەكاتێكدایە رێككەوتنی حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لە تشرینی یەكەمی 2020 نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە.

به‌پێی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر؛ قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال دادهنێن و دۆسیه‌ی ئه‌منی قەزاكە بە هه‌ماهه‌نگی لە نێوان هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بەڕێوەدەبرێت.

هه‌روه‌ها لە رێككەوتنەكەدا جه‌ختیكراوه‌ته‌وه‌ له‌ دورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی دیكه‌ و پێنه‌دانی هیچ رۆڵێك به‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)و ئه‌و هێزانه‌ی له په‌كه‌كه‌ نزیكن.

ئەو دۆخەش وایكردووە، ئەكرەم مشكۆ، دوای شەش مانگ لە گەڕانەوەیدا بۆ گوندەكەی (گوهبەل) لە شنگال، جارێكی تر داواكاریی گەڕانەوە بۆ كەمپ پێشكەش بكات.

"ئه‌گه‌ر هه‌ر دەرگای كەمپەكەمان لێ نەكەنەوە، دەچم لە دهۆك لە دەرەوەی كەمپ دەژیم... ناتوانم ژیانی ماڵ و منداڵم بخەمە مەترسییەوە".

هێشتا زیاتر لە 200 هەزار ئاوارەی ئێزیدی كە زۆرینەیان لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆكن نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، ئەوەش بەپێی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان، بە هۆكاری جیاجیا بووە لە نێویاندا هۆكاری ئەمنی، دوو ئیدارەیی و نەبونی خزمەتگوزاریی.

پیر عه‌لو که‌چه‌ل، به‌ڕێوه‌به‌ری که‌مپی خانکێ لە دهۆك – كەمپەكە تایبەتە بە ئاوارە ئێزیدییەكان-،  به‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "رۆژانه‌ سێ تا چوار خێزان له‌ شنگالەوە په‌یوه‌ندیم پێوەدەكەن و داوادەكەن جێیان بكەینەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT