"خوێن بە خوێن"
سوڵحی عەشایەری بۆ دۆسییەی كوشتنی كچێكی 16 ساڵ لە جەلەولا

دیالە/5ی ئازاری 2020/ گوندی ئیسڵاح لە باكوری جەلەولا، كاتێك ژمارەیەك چەكدار ئاگریان لە بەروبومە كشتوكاڵییەكان بەردا. وێنەكە لەلایەن خەڵكی گوندەكەوە گیراوە

لەیلا ئەحمەد

سەرۆك هۆز و عەشیرەتەكانی دیالە، كۆبونەوە، بۆ ئەوەی دۆسییەی كوشتنی كچێكی 16 ساڵان بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر بكەن. مەرجێكی كەسوكاری كچەكە "خوێن بە خوێنە"، لەكاتێكدا بەدەستی خۆیان كچەكەی خۆیان كوشتووە.

كاتژمێر 8:30ی شەوی 13ی شوبات لە گوندی ئوم حونتەی ناحیەی جەلەولا كچێكی 16 ساڵ بەناوی لوقا حەبیب، لەلایەن براكەیەوە دەستڕێژی گولـلەی لێكرا و كوژرا، دوای ئەوەی لە پشتی ماڵی خۆیان لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا بینراوە.

ساڵح محەمەد، كەسایەتی گوندەكە و خزمی نزیكی كچەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەر دوێنێ یەكشەممە دوای ناشتنی تەرمەكە، سەرۆك هۆز و عەشیرەتەكانی ناوچەكە لە ماڵی كچەكە كۆبونەوە بۆ ئەوەی سوڵحی عەشایەری بكەن... لەو كۆبونەوەیەدا باوك و كەسوكاری كچەكە چەند مەرجێكیان هەیە".

بەپێی مەرجەكان كە ساڵح محەمەد گێڕایەوە، باوكی كچەكە وتویەتی "دەبێت باوك و براكانی ئەو كوڕەی كە لەگەڵ كچەكەیدا بینراوە، كوڕەكەی خۆیان بكوژن و گوندەكەش بە تەواوی چۆڵبكەن و بچنە دەرەوەی پارێزگای دیالە".

گوندی ئوم حونتە، لە 500 خێزان پێكهاتووە، هەمویان خزم و كەسوكاری یەكترن لە نەتەوەی عەرەبن.

لە دوای روداوەكەوە، باوكی كوڕەكە و پێنج برای كوڕەكە كە ماڵ و خێزانیان هەیە گوندەكەیان بەرەو شوێنێكی نادیار بەجێهێشتووە.

mandali
دیاله‌، 2016، گه‌ڕه‌كێكی ناوه‌ندی ناحیه‌ی مه‌نده‌لی فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هەرچەندە لەكاتی كوشتنی كچەكەدا، كوڕەكەش لەلایەن برا و باوكی كچەكەوە دەستگیركراوە و قۆڵبەستكراوە، بەڵام دواتر ئازادكراوە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی كە یەكشەممە 13ی شوبات قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد، لە ئێستادا كوڕەكە و برای كچەكەش دەستگیركراون.

بەڵام سەرچاوەكە وتی "هەوڵی فراوان هەیە بۆ ئەوەی بە سوڵحی عەشایەری كێشەكە چارەسەربكرێت... بەداخەوە لەم ناوچەیە عەشیرەتەكان زۆربەی كێشەكان لەڕێی عەشایەرییەوە چارەسەر دەكەن، بەتایبەش كێشەكانی پەیوەست بە ژنان و كێشەی كۆمەڵایەتی، رۆڵی دادگا و هێزیە ئەمنییەكانیش لەو روداوانەدا لاوازن".

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) كە لە خەڵكی گوندەكەوە وەریگرتووە، باوك و براكانی كچەكە، چەند جارێك فشاریان لە لوقا كردووە تا شوو بە ئامۆزاكەی خۆی بكات، بەڵام كچەكە رەتیكردۆتەوە و سور بووە لەسەر ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا بكات، كە خەڵكی هەمان گوندە و خزمی یەكن. هەروەها ئەو كوڕەش چەند جارێك چۆتە داوای لوقا، بەڵام پێیاننەداوە.

ساڵح محەمەد، وتی "ئێستا كەسوكاری كچەكە وتویانە ئەگەر باوك و براكانی كوڕەكە، كوڕەكەی خۆیان نەكوژن (خوێن بە خوێن)، ئەوا ئێمە لە مافی خۆمان خۆشنابین و دەیكوژین".

ئێستا كەسوكاری كچەكە وتویانە ئەگەر باوك و براكانی كوڕەكە، كوڕەكەی خۆیان نەكوژن (خوێن بە خوێن)، ئەوا ئێمە لە مافی خۆمان خۆشنابین و دەیكوژین

لەبارەی ئەوەی بۆ لەڕێی دادگاوە، كێشەكە یەكلایینەكانەوە، ساڵح محەمەد وتی "لەم گوندە بڕیاری كۆتایی لای سەرۆك عەشیرەتەكانە و هەمووان گوێڕایەڵییان دەكەین، سەدان كێشەمان بەمشێوەیە چارەسەر كردووە".

لێپرسراوێكی حكومی كە لە جەلەولا بەرپرسیارێتی هەیە، لەبەر كاردانەوەی كەسوكاری كچەكە ئامادەنەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێزە ئەمنییەكان براى کچەکە و خۆشەویستی كچەكەشیان دەستگیركردووە، بەڵام عەشیرەتەكان خۆیان هەوڵی رێككەوتن دەدەن و دوێنێ چەند مەرجێكیان بۆ ماڵی باوكی كوڕەكە ناردووە... لێرە عەشیرەتەكان زاڵن و یاسا ناتوانێت تەداخولیان بکات، حساب بۆ پۆلیس و یاسا ناکەن".

بەپێی لێدوانی ئەو لێپرسراوەی حكومەت، "كوڕەكە لای پۆلیس دانیبەتاوانەكەیدا ناوە و وتویەتی لەسەر شەرەف خوشكەكەی كوشتووە... بەڵام كەس سكاڵای نەكردووە".

تائێستا هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە هیچ رونكردنەوەیەكیان لەسەر ئەو روداوە نەداوە.

"لەبەرئەوەى ئەم کەیسانە لەم ناوچەیە بە عەشایەرى چارەسەر دەکرێت، بۆیە ساڵ بەساڵ كوشتن و توندوتیژى بەرامبەر بە ژنان زیاتر دەبێت"، ئەو لێپرسراوەی حكومەت مەشێوەیە نیگەرانی خۆی نیشاندا.

لەبەرئەوەى ئەم کەیسانە لەم ناوچەیە بە عەشایەرى چارەسەر دەکرێت، بۆیە ساڵ بەساڵ كوشتن و توندوتیژى بەرامبەر بە ژنان زیاتر دەبێت

بەپێی ئامارێكی ناڕەسمی كە ماڵپەڕی (كەركوك ناو) لە چەند رێكخراوێكی ناوخۆیی دیالەوە دەستیكەوتووە، تەنیا لە ساڵی 2020دا زیاتر لە 120 كەیسی توندوتیژی دژ بە ژنان لە ناحیەی جەلەولا تۆماركراون، لە نێویاندا كەیسی "شەرەف".

ئەمەل فوئاد، چالاکوانی ژنان لە خانەقین، یەكشەممە دوای روداوەكە لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە هۆشداریدا لەوەی چارەسەری عەشایەری دادپەروەرانە نییە و وتی "هەر خۆی توندوتیژییەكی ترە بەرامبەر بە ژنان... پێویستە یاسا لەم كەیسانەدا بڕیار بدات و بكەران سزاى یاسایی وەربگرن، نەوەك شێخ و سەرۆك هۆزەكان بڕیار بدەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT