دەیان بژاردە لە بەردەم حزبە كوردییەكانی كەركوكدا هەن بۆ چۆنیەتی بەشداریكردنیان بەیەك لیست لە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراقدا، بەڵام رێككەوتن لەسەر بژاردەكان بە ئەگەرێكی "قورس" دادەنرێت، بەهۆی جیاوازی بۆچون و پێداگرییان لەسەر داواکارییەکانیان.
ئەو حزبانە، دوای دەیان كۆبونەوە، هێشتا نەگەیشتونەتە رێككەوتن، لەكاتێكدا گفتوگۆی ناوی لیستەكە، لۆگۆ، دروشم و هەیكەلی لیستەكە دەكەن، هەرچەندە گرفتی گەورەی بەردەمیان لە دیاریكردنی كاندیدەكاندایە لەو سێ بازنەیەی بۆ كەركوك دیاریكراوە.
بژاردەی زۆر و هیوای كەم
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كە لە دوای ساڵی 2005ەوە دەنگی زۆرینەی پارێزگاكەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەدەستهێناوە، ئامانجی ئەوەیە لە حاڵەتی یەك لیستیدا، حزبە بچوكەكان هیچ كاندیدێكیان نەبێت، بۆ ئەوەش هەڵبژاردنەكانی رابردوی وەك پێوەر هێناوەتەوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەك كە لەناو یەكێتیی و حزبەكانی ترەوە قسەیان بۆ (كەركوك ناو)، كردووە، یەكێتی چەند بژاردەیەكی لە كۆبونەوەكاندا خستۆتەڕوو، كە هیچ یەكێك لە بژاردەكان نەیتوانیووە حزبەكانی تر قایلبكات.
جگە لە بژاردەی ئەوەی تەنیا خۆی كاندیدی هەبێت لە لیستەكەدا، یەكێتی لەدواین كۆبونەوەكاندا بژاردەیەكی تری خستۆتە یەردەم حزبەكانی تر، ئەویش ئەوەیە لەو بازنەیەی كە دەنگی كورد تیایدا زۆرینەیە و پێنج كورسی هەیە، هەموو كاندیدەكانی یەكێتی بن، لە بازنەكانی تریش بەپێی رێككەوتن. بەڵام ئەو بژاردەیەش رەتكراوەتەوە.
بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراق، كەركوك بەسەر سێ بازنەدا دابەشكراوە، گەورەترین بازنە كە پێنج كورسییە، دەكەوێتە ناوچە كوردییەكان و جێی ناكۆكی حزبە كوردییەكانە لە دیاریكردنی كاندیدەكان.
حەسەن شێخانی، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "وەک حزبەکانی دەرەوەی یەکێتی، داوای ئەوەمان کردووە کاندیدمان لە هەرسێ بازنەكەدا هەبێت... هەرچی پارتی دیموكراتی كوردستانە داوا دەكات كاندیدیان لەو بازنەیە هەبێت كە زۆرینە كوردن، لە بەرامبەر ئەوەدا لە بازنەی تێكەڵ كاندیدیان نەبێت".
وەک حزبەکانی دەرەوەی یەکێتی، داوای ئەوەمان کردووە کاندیدمان لە هەرسێ بازنەكەدا هەبێت
پارتی دیموكراتی كوردستان تائێستا بەشداریی هیچ كۆبونەوەیەكی حزبە كوردییەكانی كەركوكی نەكردووە، بەڵام ئامادەیی خۆی نیشانداوە گفتوگۆی یەك لیستی بكات.
حەسەن شێخانی، وتی "لە ئێستادا كۆدەنگییەك هەیە، کە هەر حزبێک کاندیدی لە لیستەكەدا نەبێت، ئەوا لە دوای هەڵبژاردن لەو پۆست و ئیمتیازاتانەی بە کورد دەدرێن پشکی دەدرێتێ".
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، شەش حزبی دەرەوەی یەكێتیی و پارتی، دیارترینیان بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی دادگەریی کوردستان، یەكگرتوو و بزوتنەوەی ئیسلامی، ئامادەنین بەبێ بونی كاندید لە لیستەكەدا بەشداریی یەك لیستی بكەن.
سەرچاوەیەكی بەشدار لە كۆبونەوەی حزبە كوردییەكان، لەبەرئەوەی هێشتا بڕیاری كۆتایی لەسەر یەك لسیتی نەدراوە، نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، وتی "پارتی پێی باشە دوو کاندیدی لەنێو لیستەکەدا هەبێت، بەڵام یەكێتی ئەمەی قبوڵنەكردووە...".
پارتی پێی باشە دوو کاندیدی لەنێو لیستەکەدا هەبێت، بەڵام یەكێتی ئەمەی قبوڵنەكردووە
بژاردەیەكی تر كە حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی داوای دەكەن، ئەوەیە سێ بازنەكەی هەڵبژاردن بەسەر حزبەكاندا دابەشبكرێت، سەرچاوەكە وتی "بۆ نمونە حزبە بچوكەكان، لەوانەش چەپەکان کاندیدێکیان هەبێت و حزبە ئیسلامییەکانیش کاندیدێکیان هەبێت، هەریەكە و لە بازنەیەك، یان ئەگەر حزبێك نەیەوێت كاندیدی هەبێت ئەوا رێككەوتنێك بكرێت كە دوای هەڵبژاردن لە حكومەتی خۆجێی كەركوك پۆستی پێبدرێت".
لە بازنەی یەكەمی هەڵبژاردن، كورد چاوی لە بەدەستهێنانی هەر پێنج كورسییەكەیە، لە بازنەی دووەمدا كە بە بازنەی تێكەڵ ناودەبرێت، كورد چاوی لە بردنی نیوەی كورسییەكانە لەكۆی چوار كورسی، بەڵام بۆ بازنەی سێیەم كە زیاتر ناوچە عەرەبنشینەكان و باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوكە، كورد ئەگەر بەیەك لیست بەشداریی نەكات ئەگەرێكی زۆرە هیچ كورسییەك بەدەستنەهێنێت.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، دوا وادەی تۆماركردنی ناوی لیست و هاوپەیمانێتیەكانی بۆ 27ی شوبات درێژكردەوە.
سەرچاوەیەك لە حزبە كوردییەكانی كەركوك، وتی "یەک لیستی لە کەرکوک بەو ئاسانییە سەرناگرێت... ناکۆکی قوڵ هەیە لە نێوان دوو حزبی دەسەڵات (پارتی و یەكێتی) لەبارەی کەرکوکەوە، ناشزانرێت تاچەند ئەو دوو لایەنە ئامادەن لەیەک لیستدا بەشداربن، بە دڵنیاییەوە هەر یەکێک لەو دوو حزبە لە لیستەکە بکشێنەوە، ئەوە بێگومان سێ بۆ چوار حزبی دیکەش راستەوخۆ دەکشێنەوە".
خاڵێكی تر كە پێدەچێت كۆتایی بە بونی یەك لیستی كوردی بهێنێت، پێداگری یەكێتییە لەسەر ئەوەی تەنیا خۆی و پارتی كاندیدیان هەبێت، ئەوەش بە پێوەری هەڵبژاردنەكانی رابردوو.
لە هەڵبژاردنی ئایاری 2018دا پارتی بەشداریی هەڵبژاردنەكەی نەكرد، یەكێتی بە بەدەستهێنانی 166 هەزار و 204 دەنگ، توانی شەش كورسی لەكۆی 12 كورسی پارێزگاكە بەدەستهێنا و هیچ حزبێكی تری كوردی نەبونە خاوەنی هیچ كورسییەك. دووەم حزبی كوردی لەو هەڵبژاردنە لیستی نیشتیمان بوو (گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیی و دادپەروەریی و كۆمەڵی ئیسلامی) كە 10525 دەنگیان هێنا، دوای ئەوەش نەوەی نوێ بۆ 9638 دەنگ.
لە هەڵبژاردنی 2013دا یەكێتی 209 هەزار و 964 هەزار دەنگی بەدەستهێناو بووە خاوەنی شەش كورسی، پارتیش بە 63 هەزار و 76 دەنگ دوو كورسی، سێیەم حزبی كوردی لە كەركوك بزوتنەوەی گۆڕان بوو بە نزیكەیی 15 هەزار دەنگ و هیچ كورسییەكی نەبردەوە.
ناكۆكییەكان بەردەوامە و گفتوگۆی دروشم و لۆگۆ دەكەن
سەرەڕای بەردەوامی ناكۆكی حزبە كوردییەكان، لە كۆبونەوەكانی ئەم دواییانەیاندا گفتوگۆی لۆگۆ، دروشم و ناوی لیستەكە كراوە.
حەسەن شێخانی، لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی بزوتنەوەی ئیسلامی وتی "لەسەر لۆگۆ، ناو، شێوەی گشتیی و سەرۆکی لیستەکە رێکكەوتوین، تەنیا ماوەتەوە سەر هەندێك رێکاری دیکە تا بتوانین لیستێکی هاوبەش دروستبکەین کە تەعبیر لە هەموو حزبە كوردییەكان بكات"، بەبێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر لەسەر ئەو پرسە بدات.
ئەو وتی "ئەگەر ئیدارەیەکی جوانی هەڵبژاردنەکە بدەین و ژیرانە مامەڵە بکەین، ئەوە پێموایە دەتوانین حەوت كورسی بەدەستبهێنین... لە بازنەی سێیەم كورد 30 هەزار دەنگی هەیە، ئەگەر بە یەكلیست بەشداربین ئەوا كورسییەكی قورسترین بازنە بۆ كورد مسۆگەر دەكەین".
ئەگەر ئیدارەیەکی جوانی هەڵبژاردنەکە بدەین و ژیرانە مامەڵە بکەین، ئەوە پێموایە دەتوانین حەوت كورسی بەدەستبهێنین
لەتیف فاتیح فەرەج، نوسەر لەسەر دۆخی كەركوك، پێیوایە "زۆر ئەستەمە" حزبە کوردییەکان بگەنە رێکەوتن لەبارەی یەك لیستی-یەوە، "ململانێی حزبی و خواستی حزبی و دابەشکاریی پەنجا بە پەنجای نێوان یەکێتی و پارتی و خۆبەزلزانیان وایکردووە حزبەکانی تریش سڵبکەنەوە لەگەڵیاندا لە چوارچێوەی لیستی هاوبەشدا بەشداری بكەن".
لەتیف فاتیح وتی "زۆرجار هەوڵدراو یەکلیستی دروستبێت، لە ساڵی 2013دا هەوڵی زۆر هەبوو بۆ ئەو مەبەستە، دواتر بیانوی پارتی ئەوەبوو کە نابێت نەجمەدین کەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك سەرۆکایەتی لیستەکە بكات، ئەوەبوو كێشە بۆ یەك لیستی دروستبوو و لەگەڵ پاشەکشێی پارتی، حزبەكانی تریش پاشەکشێیان کرد".
لەبارەی پێداگرییەكانی یەكێتی لەسەر بژاردەكانی بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە چوارچێوەی یەك لیستیدا، لەتیف فایتح وتی "ئەو دۆخەی جاران تێپەڕیوە، یەکێتی پێیوایە خەڵکی كەركوك لەگەڵ ئەودان و لە رابردوشدا شەش کورسی بەدەستهێناوە کە رەنگە بۆ ئەم هەڵبژاردنە وانەبێت".
جەختیشیكردەوە "پێموانییە یەكێتی لەگەڵ یەك لیستیدا بێت، پارتیش بیانوی خۆی هەیە و پێیوایە لە 16ی ئۆکتۆبەر خیانەت كراوە و وازی لەو دروشمە نەهێناوە، ئەمانە بەربەستی گەورەن بۆ یەك لیستی، لەپاڵ بونی گلەیی حزبەكانی تر".
پێموانییە یەكێتی لەگەڵ یەك لیستیدا بێت، پارتیش بیانوی خۆی هەیە و پێیوایە لە 16ی ئۆکتۆبەر خیانەت كراوە
پارتی لە هەڵبژاردنی 2018ی پەرلەمانی عیراقدا، بەشداری نەكرد، كەركوكی بە "داگیركراو" وەسفكرد و یەكێتیشی بە "خیانەتكردن" لە پاشەکشێی پێشمەرگەدا تۆمەتباركرد، بەو هۆیەوە وتی "تا دۆخی كەركوك ئاسایی نەكرێتەوە و دەسەڵاتی سەربازیی كۆتایی نەیەت، ئەوان ناگەڕێنەوە كەركوك و بەشداریی لە هیچ هەڵبژاردنێكیشدا ناكەن".
بەڵام لە ئێستادا ئەو حزبە لە زاری خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنیانەوە بۆ (كەركوك ناو)، قسەی كردووە، دەڵێت بۆ ئەم هەلبژاردنە ئامادەن.
لەتیف پێیوایە باشترین چارەسەر ئەوەیە، حزبەكان لە چوارچێوەی پارێزگاكاندا لە ناوچەكانی جێناكۆك رێككەوتن بكەن، بەتایبەت یەكێتیی و پارتی. ئەو وتی "بۆ نمونە پارتی و یەكێتی دەتوانن بۆ موسڵ و كەركوك رێككەوتن بكەن و ئاڵوگۆڕی دەنگ بكەن، بە ئامانجی كۆكردنەوەی دەنگی زیاتر بۆ كورد".
لەبارەی حزبەكانی ترەوە، لەتیف وتی "ناكرێت تۆ داوای یەك لیستی بكەیت و نەشهێڵێت كاندیدی هەبێت، ئەمە شتێكی زۆر نەگونجاوە... بەڵام بۆ نمونە حزبێك لەناو لیستەكەدا دەتوانێت لەگەڵ یەكێتی یان پارتیدا رێككەوتن واژۆ بكات، بڵێت دەنگەکانی خۆم دەدەم بە تۆ، تۆش دواتر لە پۆست و پلە پشكی خۆم بدەرێ... رێگای زۆر هەیە بۆ رێككەوتن، بەڵام من بەگشتی بەهۆی ناكۆكی پێشوتر و بەرژەوەندی حزبی، یەك لیستی بە ئەستەم دەبینم، ئەگەر هەشبێت هەموو حزبەكان كۆنابنەوە".
ناكرێت تۆ داوای یەك لیستی بكەیت و نەشهێڵێت كاندیدی هەبێت
لەپاڵ كۆبونەوەی بەردەوامی حزبە كوردییەكانی كەركوك، كۆبونەوەی هاوشێوەش بۆ پرسی كەركوك لەسەر ئاستی سەكردایەتی باڵای حزبەكان بەردەوامی هەیە و هێشتا هیچ ئاسۆیەك دیار نییە.
حەسەن شێخانی داوایكرد بۆ پرسی كەركوك، کۆبونەوەی لوتکەی حزبەكان بكرێت، "بۆ درككردن بەوەی یاسای ئەمجارەی هەڵبژاردن دەبێت بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و رەنگە بە زیان بۆ كورد بشكێتەوە".