حه‌سه‌ن خه‌ڵه‌ف ئاوی خواردنه‌وه به ماڵان ده‌گه‌یه‌نێت، بۆیه زۆر ده‌گه‌ڕێت و له هاوڵاتیانی دیكه زوتر هه‌واڵ و ده‌نگۆی جیاجیا ده‌بیستێت، ئه‌وه‌ش وایكردووه كه‌م رۆژ هه‌یه نه‌كه‌وێته دڵه‌ڕاوكێ و ترسێكی تازه‌وه.
نوێترین ده‌نگۆ لای حه‌سه‌ن و له نێو هاوڵاتیانیشدا بۆته باسێكی گه‌رم، دزه‌كردنی چه‌كدارانی رێكخراوی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عیراق و شام – داعش"ـه بۆ شنگال، كه هێشتا زانیاریی پشتڕاستكراوه و یه‌كلاییكه‌ره‌وه له‌باره‌یه‌وه نییه.
"رۆژانه له‌ناو خه‌ڵكدام، بیستومه ژمارەیەک چەکداری داعش لە ناحیەی سنونێ دەستگیرکراون، كه بەرێگای قاچاغ هاتونەتە ناوچەکە، ئه‌وه‌ش ترسێکی زۆری لەناو خەڵکدا دروستکردووە" حه‌سه‌ن بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.
ئه‌گه‌ر وابڕوات خه‌ڵك له ترسا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ كه‌مپ و ژیانی ئاواره‌یی
ئه‌و هاوڵاتییه سێ ساڵه له ئاواره‌یی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ناحیه‌ی سنونێی شنگال، هێشتا به ته‌واوی جێگیر نه‌بووه و ترسی هه‌یه دوباره ناچاربێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌مپ، "هه‌ر چۆنێك بێت نابێت رێگه‌بدرێت روداوه‌كانی رابردو دوباره ببنه‌وه، ئه‌گه‌ر وابڕوات خه‌ڵك له ترسا ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ كه‌مپ و ژیانی ئاواره‌یی".
له یه‌ك مانگی رابردودا زیاتر له 200 هاوڵاتی شنگال داوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی تۆماركردووه، به‌هۆی مه‌ترسی شه‌ڕ و ململانێی چه‌كداری له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.
ناتق عەلو ئەحمەد، لێپرسراوی راگه‌یاندنی پۆلیسی شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "دوو ژن به گومانی ئه‌وه‌ی داعشن له سنونێ ده‌ستگیركراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، چونكه رۆژانه ژن و منداڵ له سوریاوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه و هه‌ركه‌سێكیان ناوی له كۆمپیوته‌ردا هه‌بێت، له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه وه‌ك تۆمه‌تبارێك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".
ئه‌و نایشارێته‌وه رێگه‌ی قاچاغی نێوان سوریا و عیراق، له سه‌رده‌می رژێمی پێشوتری به‌عسیشدا هه‌ر هه‌بووه و به‌رده‌وامه، "داعش له‌و سنوره‌وه دزه ده‌كه‌نه ناوچه‌كه، به‌ڵام نازانین ژماره‌یان چه‌نده و به‌رپرسیارتێتییه‌كه ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی كه سنوره‌كه ده‌پارێزن".
ده‌روازه‌ی سنوری نێوان شنگال و سوریا، له کانونی یه‌که‌می 2018ه‌و به بڕیاری حکومه‌تی عیراق و له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه داخرا به‌هۆی نافه‌رمی بونی، پێشتر و زیاتر له چوار ساڵ به‌کراوه‌یی هێڵدرابۆوه و خه‌ڵک هاتوچۆی پێدا ده‌کرد.
ئه‌و قسانه راست نین كه ده‌وترێت داعش دزه‌یكردۆته شنگال
خال عەلی، فەرماندەی حەشدی شەعبی لەشنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "زانیارییه‌كان به‌وشێوه‌یه نییه كه باسكراوه، به‌ڵكو هاوڵاتیه‌كی عه‌ره‌ب له سوریاوه گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ گونده‌كه‌ی خۆی له سنونێ، كاتێك هێزه ئه‌منییه‌كان ویستویانه ده‌ستگیری بكه‌ن به‌وپێیه‌ی داواكراو بووه، خه‌ڵكی گونده‌كه رێگه‌یان نه‌داوه".
له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا هاوڵاتییه تۆمه‌تباره‌كه به برینداری هه‌ڵاتووه و ده‌ستگیرنه‌كراوه، به‌وته‌ی خال عه‌لی.
هه‌روه‌ها وتی سنوری نێوان عیراق و سوریا له‌لایه‌ن سوپاوه كۆنتڕۆڵكراوه و "ئه‌و قسانه راست نین كه ده‌وترێت داعش دزه‌یكردۆته ناوچه‌كه، باشتره ئه‌و قسانه نه‌كرێت و خه‌ڵك نه‌خرێته دڵه‌ڕاوكێ و ترسه‌وه".
هێزه ئه‌منییه‌كان زیاد له جارێك گۆڕانكارییان له هێزه‌كانی سه‌ر سنوری شنگال كردووه و چه‌كداری زیاتریان جێگیركردووه به ئامانجی رێگریی له دزه‌كردنی داعش به تایبه‌ت له كه‌مپی هۆله‌وه.
هۆل؛ گەورەترین كەمپی سوریایه لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكە و لەژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆجێی هێزەكانی سوریای دیموكراتدایە، دانیشتوانەكەی تێكەڵەیەكن لە كەسوكاری داعش، ژنان و منداڵانی ئێزیدیی.
حه‌سه‌ن خه‌ڵه‌ف، هاوڵاتییه‌كه‌ی سنونێ وتی "توركیا و داعش، له هه‌ردوكیان ده‌ترسین كه هێرشبكه‌نه سه‌ر شنگال و دوباره ئاواره ببینه‌وه"، ئه‌و ده‌شڵێت "یاده‌وه‌ری تاڵمان له‌گه‌ڵ ھێرشی داعش هه‌یه و هه‌ركاتێك ده‌ڵێن دزه‌یانكردووه ئه‌و رۆژه ئیتر خه‌ڵك ناحه‌سێته‌وه".
ئه‌وه‌ش هاوكاتە لەگەڵ هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كە لە 22ی كانونی دووەمی 2021 وتی "من هەمیشە وتەیەکم هەیە کە دەڵێم شەوێک لەناکاو دێین، هەموو بابەتەکەش هەر ئەمەیە"، بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی كە لە مانشێتی هەواڵەكەیدا نوسیویەتی "ئەردۆغان لەبارەی شنگال: رەنگە لە شەوێكدا بێین".
لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا توركیا چەند جارێك بۆردومانی قەزای شنگالی كرد، بە بیانوی "لێدان لە چەكدارانی سەر به پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)".
له قه‌زای شنگال زیاتر له هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن له نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق، پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان و پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌حكومه‌تی هه‌رێم كه له مه‌زارگه‌یه‌كدا جێگیركراون.
بەچەند قوناغێک نزیکەی 100 چەکداری داعش له سوریاوه دزه‌یانكردۆته نه‌ینه‌وا
میرزا خەڵەف، یه‌كێك له فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ی نێو مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دین له شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "به‌پێی زانیارییه‌كانی ئێمه له چه‌ند مانگی رابردودا و بەچەند قوناغێک نزیکەی 100 چەکداری داعش له سوریاوه دزه‌یانكردۆته نه‌ینه‌وا، ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌یه بۆ شنگال".
فه‌رمانده‌كه‌ی پێشمه‌رگه ده‌ڵێت زانیارییه‌كانیان به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه گه‌یاندووه، تا بگاته عیراق و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، به ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی سنوره‌كان له‌گه‌ڵ سوریادا.
ئه‌و زانیارییه جیاوازانه ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئه‌منی شنگال له‌كاتێكدایه، قه‌زاكه دوو ئیداره‌ی هه‌یه، به‌شێكی زۆر له دانیشتوانه‌كه‌ی ئاواره‌ن و چه‌ند مانگێكیشه هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان رێككه‌وتنیان بۆ دۆسیه‌ی ئیداری و ئه‌منی ناوچه‌كه واژۆكردووه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ خاڵێكی جێبه‌جێبكرێت.
جەلال خەڵەف، بەرێوەبەری ناحیەی گرعوزێر له شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر نزیكه‌ی 20 چه‌كدار له گوندێكی عه‌ره‌ب نشین ده‌ستگیركراون، دوای ئه‌وه‌ی له كه‌مپی هۆلی سوریاوه دزه‌یانكردۆته قه‌زای شنگال".
به‌ڵام ناوبراو بارودۆخه‌كه به مه‌ترسیدار نازانێت و جه‌ختیشیكرده‌وه "سنوری نێوان عیراق و سوریا زۆر به توندی کۆنترۆڵكراوه".
شنگال، كه زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له ئێزیدی پێكهاتون، له ئابی 2014دا روبه‌ڕوی هێرشی داعش بۆوه، هه‌زاران هاوڵاتی ئێزیدی كوژران و رفێنران، شاره‌كه بوو به وێرانه، تا له تشرینی دوه‌می 2015دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه.
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.