فڕۆكه‌كانی توركیا، بۆ زیاتر له سێ كاتژمێر بۆردومانی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جیاواز ده‌كه‌ن له قه‌زاكانی شنگال و مه‌خمور، ئه‌وه‌ش له‌رێی ده‌یان موشه‌كه‌وه كه زیانی گیانی و ماڵی لێكه‌وتۆته‌وه.
كاتژمێر 12ی شه‌وی رابردوو یه‌كشه‌ممه 14ی حوزه‌یران، ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی جه‌نگی توركیا بۆ ماوه‌ی زیاتر له سێ كاتژمێر به ئاسمانی شنگال و مه‌خموردا ده‌سوڕێنه‌وه، به پاساوی بۆردومانكردنی باره‌گای هێزه‌كانی نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه).
حه‌سۆ ئیبراهیم، جێگری هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی خۆسه‌ری دیموكرات له شنگال به (كه‌ركوك ناو)ی وت "له بۆردومانه‌كه‌ی شنگال له 45 خوله‌كدا نزیكه‌ی 20 موشه‌ك ئاراسته‌ی چیای شنگال و ده‌وروبه‌ری كراون، ئه‌وه‌نده ده‌نگی بۆردومانه‌كان به‌هێز بون، خه‌ڵك ئه‌و شه‌وه له ترس‌دا نه‌خه‌وتن".
چوار ئه‌ندامی یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه) له‌و بۆردومانانه‌دا برینداربون، شۆفڵێك و سێ ئۆتۆمبێلی هه‌مان هێز سوتاون.
"هێشتا زیانه‌كانی تر له سوتانی ره‌ز و باخی هاوڵاتیان به ته‌واوی نه‌زانراون" به‌وته‌ی حه‌سۆ.
له ئه‌نجامی بۆردومانه‌كه‌ی توركیادا، روبه‌رێكی فراوان له زه‌وی كشتوكاڵی سوتاون و تائێستا ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته ئاگره‌كه كۆنتڕۆڵنه‌كراوه.
فه‌هد حامد، قايمقامى قه‌زای شنگال به‌وه‌كاله‌ت به (كه‌ركوك ناو)ی وت "توركیا ئامانجی ترساندنی خه‌ڵكی ئێمه‌یه، تا نه‌گه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان، بۆیه به پاساوی هه‌بونی هێزه‌كانی یه‌به‌شه بۆردومانی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌و هێزه رۆڵه‌كانی ئێمه‌ن و رۆڵیان له پاراستنی ناوچه‌كه‌دا هه‌یه".
له چه‌ند رۆژی رابردودا شه‌پۆلێكی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره ئێزیدییه‌كان له كه‌مپه‌كانی دهۆكه‌وه به‌ره‌و زێدی خۆیان له شنگال ده‌ستپێكرد.
"تائێستا ته‌واوی زیانه‌كانی بۆردومانه‌كان نازانین، به‌ڵام ده‌یان دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی له چیای شنگال سوتاون و هێشتا ئاگره‌كه‌یان به‌رده‌وامه، جگه‌له‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر له گه‌وره و منداڵ به تایبه‌ت ئاواره‌كانی روبه‌ڕوی دڵه‌ڕاوكێ و ترسی زۆر بونه‌وه" قایمقام وای وت.
فه‌هد حامد جه‌ختیكرده‌وه "ئه‌م هێرشانه به‌هێزترمان ده‌كات و شنگال بۆ هیچ هێزێك چۆڵناكه‌ین، تا له ژیاندا بمێنین به‌رگری ده‌كه‌ین و داواكارین هه‌رچی زووه حكومه‌تی فیدراڵ و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت".
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی سه‌ر به حكومه‌تی عیراق، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه 15ی حوزه‌یران له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیدانه‌ی به‌زاندنی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی كردووه له‌لایه‌ن توركیا، ئه‌وه‌ش له‌رێی 18 فڕۆكه‌وه به‌ره‌و (شنگال – مه‌خمور – گوێڕ – هه‌ولێر) تا ده‌گاته شه‌رگات به قوڵی 193كم، به ئامانجی بۆردومانی مه‌خمور و شنگال.
به‌پێی به‌یاننامه‌كه له دره‌نگانی شه‌وی رابردودا جارێكی‌تر فڕۆكه‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه، ئه‌و جۆره مامه‌ڵه‌یه‌ش به پێشێلكاری سه‌روه‌ری عیراق ده‌زانن، پێیانوایه به زیانی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردولا ده‌شكێته‌وه.
ره‌شاد گه‌ڵالی، جێگری مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له مه‌خمور به (كه‌ركوك ناو )ی وت "فڕۆكه‌كانی توركیا سێ كاتژمێر له‌سه‌ر ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا بون، 30 بۆ 40 جار بۆردومانی چیای قه‌ره‌چوغ و ده‌وروبه‌ری كه‌مپی مه‌خموریان كرد".
ئه‌و كه‌مپه له قه‌زای مه‌خموره، به دوری 60كم له باشوری خۆرئاوای هه‌ولێر، لانیكه‌م 12 هه‌زار كوردی توركیای تێدا نیشته‌جێیه، دوای ئه‌وه‌ی له نه‌وه‌كانی سه‌ده‌ی رابردودا به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیاوه ناوچه‌كانی خۆیان (له كوردستانی توركیا) به‌جێهێشت، كه‌مپه‌كه‌ش له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراق و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه به‌فه‌رمی تۆماركراوه.
به‌وته‌ی گه‌ڵاڵی له بۆردومانه‌كه‌ی شه‌وی رابردودا، زیانی گیانی نه‌بووه، به‌ڵام به گشتی خه‌ڵك توشی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بون.
ئه‌وه یه‌كه‌مجار نییه فڕۆكه‌ی توركیا بۆردومانی شنگال و كه‌مپی مه‌خمور بكات، له مانگه‌كانی كۆتایی 2018وه تائێستا زیاد له جارێك هێرشیكردۆته سه‌ر هه‌ردوو ناوچه‌كه به پاساوی هه‌بونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه، به‌وهۆیه‌شه‌وه چه‌ندین هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه و برینداربون.
شنگال و مه‌خمور، دوو ناوچه‌ی جێناكۆكی نه‌ینه‌وان، له‌روی ئیدارییه‌وه سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی و دۆسیه‌ی ئه‌منییان به ده‌ست هێزه عیراقییه‌كانه‌وه‌یه.