رێکخراوی ئێزیدی بۆ دیكیومێنتكردنی بەڵگەنامەکان داوا دەكات ئەو كەسانەی لە سەردەمی هێرشی داعش بۆ شنگال منداڵی یەك ساڵ و بەرەو خواریان دیار نییە، پشكنینی DNAی بكەن، ئەوەش لەپێناو ناسینەوەی منداڵێكی ئێزیدی كە هەفتەی رابردوو لە توركیا رزگاركرا.
لە 25ی شوبات، پۆلیسی ئەنقەرە و دهزگای ههواڵگری تورکیا (میت) لە ئۆپەراسیۆنێكدا ئەمیرێكی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)یان لە ئەنقەرە دەستگیركرد، لەگەڵ رزگاركردنی كچێكی حەوت ساڵی ئێزیدی كە لای ئەو ئەمیرەی داعش بوو، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی ئیندیپێندنتی توركی.
بەپێی ماڵپەڕەكە، ئەمیرەكەی داعش پێشتر ئەفسەر بووە لە سوپای عیراق و دواتر پەیوەندی بەو رێكخراوەوە كردووە لە موسڵ، كچەكەش كە پێدەچێت لەكاتی هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە 3ی ئابی 2014 تەمەنی كەمتر لە ساڵێك بوبێت، دوای رزگاركردنی رادهستی بهڕێوهبهرایهتی خێزان و کار و خزمهتگوزاریی کۆمهڵایهتی ئهنقهرە كرا و و هیچ بەڵگەنامەیەكی پێ نییە.
خەیری عەلی، بەڕێوەبەری لقی شنگالی رێکخراوی ئێزیدی بۆ دیكیومێنتكردنی بەڵگەنامەکان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئهمیرهکهی داعش دانی بەوەداناوە کە ئەو منداڵە ئێزیدییە و حەوت ساڵانە، منداڵەکە هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە، بۆیە نازانرێت دایک و باوکی کێن و لە كوێن، ئەسڵەن رەنگە ئەوكاتەی كەوتۆتە دەستی داعش تەمەنی 40 رۆژێك بوبێت، چونكە هەندێك سكاڵامان لایە كە لە سەردەمی هێرشی داعشەوە بۆ شنگال ژمارەیەك منداڵی 40 رۆژ یان چەند مانگ بێسەروشوێنن".
ئهمیرهکهی داعش دانی بەوەداناوە کە ئەو منداڵە ئێزیدییە... منداڵەکە هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە
"داوا لەو خێزانانە دەكەم كە منداڵی بچوكیان لەو سەردەمەدا رفێنراوە یان چارەنوسیان نادیارە، بە زوترین کات دەزگا پەیوەندیدارەکانی عیراق ئاگاداربکەنەوە و پشكنینی DNAی بكەن تاوەكو دڵنیاببنەوە"، خەیری وایوت.
لەبارەی ئەوەی ئایا حاڵەتی لەو شێوەیە پێشتر هەبووە، خەیری وتی "بەڵێ چەند حاڵەتێكی تر هەبووە و لەڕێی پشكنینی DNAیەوە كەسوكارییان دۆزراونەتەوە، چەندین ژنیش هەبون لەكاتی هێرشەكە دووگیان بون و دواتر لەكاتی رفاندنیاندا منداڵیان بووە و ئێستا حەوت ساڵن و هیچ ناسنامەیەكیان نییە یان چارەنوسیان نادیارە".
لە هێرشەكەی داعش بۆ سەر شنگال لە ئابی 2014دا شهش ههزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدی لەلایەن چەكدارانی ئەو رێكخراوەوە رفێنران و تائێستاش چارهنوسی زیاتر له دوو ههزار و 800 كهسیان نادیاره، كە زۆرینەیان ژن و منداڵن، ئەوەش بەپێی دواین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی نوسینگەی رزگارکردنی رفێنراوان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان كە شوباتی رابردوو بڵاویكردەوە.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە هیچ زانیارییەكیان لەبارەی چارەنوسی ئەو منداڵە حەوت ساڵانەی توركیا بە (كەركوك ناو) نەدا، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی هێشتا زانیاریی تەواویان لەسەر دۆسییەكە نییە.
سائیب خدر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق له پێکهاتهی ئێزیدی بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەدواداچونمان بۆ بابەتی ئەو كچە حەوت ساڵانەی توركیا كردووە، هەنگاوی یەكەم ئەوەیە كێ لەو سەردەمەدا منداڵی بێسەروشوێن بووە، لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە داوادەكەین پیوەندیمان پێوە بكەن تاوەكو لەگەڵ حكومەتی توركیا قسە بكەین و پشكنینی DNAی دەستپێبكەین، ئەوەش بۆ گەڕاندنەوەی ئەو منداڵە بۆ لای كەسوكاری".
ئەوەش لەكاتێكدایە ئازاد باریش، سهرۆکی دامهزراوهی کلتوری ئێزدی، - نوسینگەكەی له ئهڵمانیایه -، ئامادهیی خۆیانی نیشانداوە بۆ وەرگرتنی ئەو كچە حەوت ساڵانە، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی ئیندیپێندنتی توركی.