دوای دوو ساڵ
کەسوکاری قوربانیانی بەلەمە نقومبووەکەی موسڵ هێشتا چاوەڕێی قەرەبون

نه‌ینه‌وا، 23ی ئازاری 2019، ده‌رهێنانه‌وه‌ی به‌له‌مه‌ نقومبووه‌كه‌ له‌ روباری دیجله‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئەحمەد زەیدی – نەینەوا

کەسوکاری روداوی نقومبوونی بەلەمە گەشتیارییەکەی موسڵ داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەن موچە بۆ کەسوکاری قوربانیان ببڕێتەوە و بە "شەهید" هەژماریان بکات، هاوكات مافە داراییەکانیان وەربگرن، ئەوەش لە گردبونەوەیەکیاندا هات کە رۆژی یەکشەممە، 21ی ئادار بەڕێوەچوو.

ئەو گردبونەوەیە لە دورگەی گەشتیاری موسڵ، هاوكات بوو لەگەڵ دووەم ساڵڕۆژی روداوەکە و هەوڵی سەرۆكی پەرلەمان بۆ زیادكردنی بڕگەیەك لە پڕۆژە یاسای بودجەدا بۆ قەربوكردنەوەی كەسوكاری قوربانیان.

محەمەد نور شیت، برای یەکێک لە قوربانیانی روداوی نقومبونی بەلەمە گەشتیارییەکە، بە (کەرکوک ناو)ی وت "زۆربەی ئەو فەرمانبەرانەی لە روداوەکە گیانیانلەدەستدا دوو ساڵە موچەکانیان راگیراوە، ئەوەش بە بیانوی تەواوکردنی رێکارەکانی خانەنشینبونیان و هەژمارکردنیان بە شەهید".

وتیشی "دەبوو حکومەت پێداگری لەسەر مافەکانمان بکات و بەرپرسیارانی ئەو کارەساتە بداتە دادگا بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن".

دەبوو حکومەت پێداگری لەسەر مافەکانمان بکات

هاوکات عەزیز لویزی، کە باوکی یەکێک لە قوربانیانی روداوی نقومبونی بەلەمە گەشتیارییەکەیە، نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کەمتەرخەمی حکومەتی ناوخۆیی و فیدراڵی لە ئاست قوربانییەکاندا.

عەزیز لویز كە لە خۆپیشاندانەكەدا بەشداربوو، وتی "حکومەتی فیدراڵی کەمتەرخەم بووە بەو پێیەی یارمەتی دارایی پێشكەش بە کەسوکاری قوربانیان نەکردووە... قەرەبوی كەسوكاری قوربانیان نەكراوەتەوە و قوربانیان بە شەهید هەژمارنەكراون، هەروەها ئیدارەی پارێزگای نەینەوا کەمتەرخەم بووە لە هەوڵی دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووەکانی روداوەکە و پەنای نەبردووە بۆ تیمی غەواسی شارەزا بۆ دەرهێنانەوەی تەرمەکان لە روباری دیجلە، سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا".

musi.balam
نه‌ینه‌وا، ئازاری 2019، به‌شداری حه‌شدی شه‌عبی له‌ پرۆسه‌ی گه‌ڕأن به‌دوای ته‌رمی قوربانیانی روداوه‌كه‌ی موسڵ فۆتۆ: راگه‌یاندنی حه‌شد

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە 19ی ئاداری 2021 داوای لە لیژنەی دارایی پەرلەمان کرد بڕگەیەک بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی زیادبکرێت سەبارەت بە قەرەبوکردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی کارەساتەکە و ئەژمارکردنی قوربانیەکان بە شەهید.

لە 21ی ئاداری 2019، بەلەمێكی گەشتیاریی کە ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری هەڵگرتبوو لە نزیک دورگەی ئوم رەبیعەین لە ناوچەی غاباتی ناوەڕاستی موسڵ نقوم بوو، روداوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبونی نزیکەی 200 کەس.

بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە چەند ساتێک پێش روداوەکە تۆمارکرابوو، دەردەکەوێت کە زیاتر لە 287 کەس دەچنە سەر بەلەمەکە، کە ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵیان لەنێودایە.

دوای دوو ساڵ لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبووەکاندا، ئیدارەی موسڵ رایگەیاند "تەرمی 124 کەس لەڕوبارەکە دەرهێنراوەتەوە، هاوکات 50 کەس هێشتا بێسەروشوێنن، 60 کەسیش لە سەرەتای روداوەکە رزگار کراون".

دوایین تەرم کە لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی موسڵ دۆزرایەوە لە 29ی کانونی دووەمی ئەمساڵ بوو لەژێر پردی چوارەمی سەر روباری دیجلە.

روداوەکە ناڕەزاییەکی زۆری لێکەوتەوە، ئەوەش وایکرد عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراق بڕیاری لەسەرکارلابردنی هەریەک لە نەوفەل عاکوب پارێزگاری موسڵ و هەردوو جێگرەکەی بدات.

لە30ی ئاداری 2019، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا دەستگیرکردنی خاوەنی دورگە گەشتیارییەکە و کوڕەکەی لە شاری هەولێر راگەیاند و دۆسێیەکانیانی رەوانەی دادگا کرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT