خۆپیشاندانی لایەنگرانی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال لەو قەزایە دەستیپێكرد، دژی هەوڵی دەركردنی ئاسایشی ئێزیدخان، ئەوەش دوای ئەوە دێت سوپای عیراق مۆڵەتی مانەوهی ئاسایشی ئێزیدخانی بۆ یەكی نیسان درێژكردەوە.
خۆپیشاندانەكە، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی ئادار لە ناوەندی شنگال دەستیپێكرد و تیادا خۆپیشاندەران پێداگریی دەكەن لە مانەوەی ئاسایشی ئێزیدخان.
خۆپیشاندەران لە راگەیەنراوێكدا، جەختدەكەنەوە لەوەی "بەهیچ شێوەیەك" رێككەوتنی هەولێر و بەغدا قبوڵناكەن و هاتووە "ئەوەی بەسەر شنگالدا هاتووە بەهۆی سیاسەتی هەولێر و بەغداوە بووە".
"دەتانەوێت هەمان ئەو سیاسەتەی پێشوو كە بەسەر شنگالدا تێپەڕی دوبارەی بكەنەوە و بەناوی ئەو رێككەوتنەوە ژەهرمان دەرخوارد بدەن، ئەم رێككەوتنە لە بەرژەوەندی پاراستنی یەكپارچەیی عیراق و بەرژەوەندی گەلدا نییە و خزمەتە بە بەرژەوەندی تایبەتیی و ئەجێندای دەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستان، توركیا و پاشماوەكانی داعش و هاوپەیمانەكانیان"، بەپێی راگەیەنراوەكە.
دەتانەوێت هەمان ئەو سیاسەتەی پێشوو كە بەسەر شنگالدا تێپەڕی دوبارەی بكەنەوە و بەناوی ئەو رێككەوتنەوە ژەهرمان دەرخوارد بدەن
حەسۆ ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "هاوڵاتیان بۆ پشتگیریکردن لە مانەوەی ئاسایشی ئێزدیخان خۆپیشاندان دەكەن و داوادەكەن ئەو هێزە لەناو شنگال بمێنێتەوە".
ئەوەش دوای ئەوە هات، هەینی 26ی ئادار، كۆبونەوەی شاندێكی سوپای عیراق و ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال بەبێ ئەنجام كۆتایی هات. كۆبونەوەكە هاوكات بوو لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەو وادەیەی كە سوپای عیراق بە ئاسایشی ئێزیدخانیان دابوو تا شنگال بەجێبهێڵن و بارەگاكانیان رادەست بكەن. بەڵام هەر لەو كۆبونەوەیەدا ئەو ماوەیە بۆ یەكی نیسان درێژكرایەوە.
حەسۆ ئیبراهیم وتیشی "سوپای عیراق سورە لەسەر دەرکردنی ئاسایشی ئێزدیخان لە ناوەندی شنگال، بۆیە ئێمە و خەڵکیش بەهیچ شێوەیەک رازی نین، خەڵكی باوەڕیان بە ئاسایشی ئێزیدخان هەیە بیانپارێزێت، تا ئێستاش ئێمە و سوپای عیراق نەگەیشتوینەتە رێككەوتن لەسەر ئەو پرسە... "، زیاتر وتی "هەر بۆیە ناڕەزایی و گردبونەوە بەردەوام دەبێت تاوەکو داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکە جێبەجێدەکرێن".
هەوڵدان بۆ دەركردنی ئاسایشی ئێزیدخان لەناو شەنگال، كە ژمارهیان زیاتر له ههزار چهكداری ئێزیدی دهبێت و سهر به یهكینهكانی بهرخودانی شنگال(یهبهشه)ـن، یەكێكە لە خاڵەكانی رێككەوتنی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو قەزایە كە لە تشرینی یهكهمی 2020دا واژۆكرا.
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، كە جگە لە ئێزیدییەكان، بەشێك لە سەرۆك هۆزە عەرەبەكانیش تیایدا بەشدارن و بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن، چەند جارێك جەختیانكردۆتەوە لەوەی هێزەكانی ئاسایشی ئێزیدخان رۆڵیان هەیە لە پاراستنی خەڵكی ناوچەكە و لە هەناوی ئەوانیشەوە لە دایكبون، بۆیە ئامادەنین ناوچەكە بۆ هێزی تر چۆڵبكەن.
لە راگەیەنراوی خۆپیشاندەرانی ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی ئاداردا هاتووە كە بە دەنگێكی بەرزتر لە جاران روو لە حكومەتی مستەفا كازمی دەكەن و دەڵێن "هەڕەشەكانتان واناكات لە مافەكانمان پاشەكشێ بكەین و ئەگەر دەتانەوێت رێككەوتنەكە بەهێز بەسەرماندا بسەپێنن، ئەوا روبەڕوی بەرەنگاری شەقامی شنگال دەبنەوە".
هەروەها رێككەوتنەكە "بە رێككەوتنی غەدر و خیانەت"، ناودەبەن.
لە كۆتاییدا هاتووە "گەمارۆی سەربازی وایلێكردوین ئارام گرتنمان نەماوە و دەبێت بەرپرسارێتی هەر لێكەوتەیەك هەڵبگرن كە لە ئایندەدا رودەدات... ".