ئاسایشی ئێزیدخان ئامادەنین ناوەندی شنگال بۆ سوپای عیراق چۆڵبكەن، ئەوەش بەپێێ ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، هەرچەندە ئەمڕۆ هەینی دوامۆڵەتە بۆ چۆڵكردنی بارەگاكانیان.
لە ناوەڕاستی مانگی ئادار، سوپای عیراق مۆڵەتی تا 26ی ئاداری بە ئاسایشی ئێزیدخاندا تا ناوەندی شنگال چۆڵبكەن و بارەگاكانیان رادەستبكەن، لەگەڵئەوەشدا سوپا لە چیای شنگال جێگیربن، ئەمڕۆش كە دواوادەی مۆڵەتەكەیە هیچ بارەگەیەكیان چۆڵنەكردووە. بەڵام وەفدێكی باڵای سەربازیی بۆ كۆبونەوە لەگەڵ هێزەكانی سەر بە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری گەیشتونەتە قەزاكە.
قاسم خەلەف، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەلای ئێمەوە چۆڵكردنی بارەگاكانمان و رادەستكردنیان بە سوپای عیراق هێڵی سورە، هەروەها رێگەنادەین سوپا بچێتە چیای شنگال".
ئاسایشی ئێزیدخان، ژمارهیان زیاتر له ههزار چهكداری ئێزیدی دهبێت و سهر به یهكینهكانی بهرخودانی شنگال (یهبهشه)ـن و فەرمان لە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال وەردەگرن.
ئەو ئەنجومەنە چهند ساڵێك لهمهوبهر راگهیهندراوه و لەئێستادا ئیدارەی قەزای شنگال دەدەن و به نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه) ههژماردهكرێن.
بەپێی رێككهوتنی تشرینی یهكهمی 2020ی نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، هیچ رۆڵێك بە هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) نادرێت. بەپێی رێككەوتنەكە ئیدارەیەكی نوێ بۆ شنگال دادەنرێت و قەزاكە لەڕوی ئهمنییەوە رێكدەخرێتەوە.
قاسم خەڵەف وتی "لێپرسراوانی باڵای سەربازی عیراق چەندین جار بەڵێنیان پێداوین كێشەی ئاسایشی ئێزیدخان و ئیدارەی شنگال چارەسەر بكەن، بەڵام لەلایەكی ترەوە هەڕەشە دەكەن و كاتمان بۆ دادەنێن بۆ چۆڵكردنی شنگال".
وتیشی "لە دواین کۆبونەوەماندا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی و عەبدولئەمیر رەشید یارەڵلا، سوپاسالاری عیراق بە راشكاوی پێمانوتن ئاسایشی ئێزیدخان لە شنگال دەمێنێتەوە و چۆڵی ناكات".
ئەو كۆبونەوەیە لە شنگال بەڕێوەچوو، لە 15ی ئاداری ئەمساڵ، تیایدا ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال داواكارییەكی 13 خاڵیان لەڕێی ئەو شاندەوە ئاراستەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد.
گرنگترین داواكارییان، "پێویسته خۆبهڕێوهبهریی و هێزی تایبهت به خۆمان ههبێت، ئیتر گرنگ نییه ئهو خۆبهڕێوهبهرییه لهژێر ههر ناوێكدا بێت، ناودهنرێت ئهنجومهنی خۆبهڕێوهبهری یان پارێزگایهكی لامهركهزی"، بەپێی وتەی عومهر ساڵح، سهرۆكی پارتی ئازادی دیموكراسی ئێزیدخان و بەشدار لە كۆبونەوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت .
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، كە جگە لە ئێزیدییەكان، بەشێك لە سەرۆك هۆزە عەرەبەكانیش تیایدا بەشدارن، چەند جارێك جەختیانكردۆتەوە لەوەی هێزەكانی ئاسایشی ئێزیدخان رۆڵیان هەیە لە پاراستنی خەڵكی ناوچەكە و لە هەناوی ئەوانیشەوە لە دایكبون، بۆیە ئامادەنین ناوچەكە بۆ هێزی تر چۆڵی بكەن.
پێنجشەممە 25ی ئادار، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال و نوێنەری هێزەکانی پاراستنی شنگال – ئاسایشی ئێزیدخان بەشێكە لەو هێزە-، لە كۆبونەوەیەكی نائاساییدا بڕیاریاندا "بەرگری بكەن لە دەستكەوتەكان و پاراستنی خەڵكی قەزاكە لە هەر هێرشێكی سوپای توركیا و عیراق بۆ سەر شنگال"، بەپێی بەیاننامەیەكیان.
قاسم خەلەف بە (كەركوك ناو)ی وت "جگە لە هێزەکانی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و ئاسایشی ئێزیدخان، باوەڕمان بە هیچ هێزێكی تر نییە و رێگەنادەین لە چیای شنگال کە شوێنی ئایینی ئێمەیە هیچ هێزێکی بیانی جێگیربێت، لەکاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر شنگال، بە خوێن بەرگریمان لەو چیایە کردووە، ئەگەر حکومەتی عیراقیش هەر پێداگربێت لە هێرش بۆ سەر شنگال و دەرکردنی هێزەکانمان ئەوا لەوکاتەدا ئێمەش بەرگری لە خۆمان دەکەین و ئیرادەی خۆمان رادەستی هیچ هێزێک ناكەین".
جگە لە هێزەکانی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و ئاسایشی ئێزیدخان، باوەڕمان بە هیچ هێزێكی تر نییە
ئەوەش لەكاتێكدایە تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپەراسیونە هاوبەشەکانی عیراق، كۆتایی هەفتەی رابردوو جەختیكردەوە لەوەی رێککەوتنی بەغدا و هەولێر چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و لە چەند رۆژی ئایندەدا تەواوی بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێدەکرێن، بەبێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر بدات.
ناتق عەلو ئەحمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "راستە ئەمڕۆ دواوادەی سوپای عیراقە بۆ دەرچونی ئاسایشی ئێزیدخان لە شنگال، بەڵام دۆخی ئەمڕۆی شنگال زۆر ئارامە و هیچ جمۆجۆڵێكی سەربازی لە ناوچەکەدا نییه... هیچ رێککەوتنێكی نوێش لە نێوان سوپای عیراق و هێزەکانی ئاسایشی ئێزدیخان نەکراوه".
سەرچاوەیەك لە سوپای عیراق لە سنوری شنگال، بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە لەوەی هیچ بڕیارێكی نوێیان پێنگەیشتووە بۆ دەركردنی هێزەكانی ئاسایشی ئێزیدخان لە شنگال و هیچ جموجۆڵێكی لەو شێوەیەش لەئارادا نییە.
بەڵام پەیامنێری (كەركوك ناو)، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی وتی كە وەفدێكی باڵای سوپای عیراق بۆ گفتوگۆ و كۆبونەوە گەیشتونەتە شنگال.