خاوه‌نكاره‌كه‌ به‌ كه‌مته‌رخه‌می تۆمه‌تباره‌
چیرۆكی گیانلـه‌ده‌ستدانی سـێ كـرێكار له‌ كه‌ركوك

كه‌ركوك/ 10ی نیسانی 2021/ شوێنه‌واری ئه‌و دیواره‌ی به‌سه‌ر سێ كرێكاردا روخا و ده‌ستبه‌جێ به‌هۆیه‌وه‌ گیانیانله‌ده‌ستدا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ئه‌حمه‌د هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ترسی لێده‌نیشێت، ئه‌وه‌ش به‌ خاوه‌نكاره‌كه‌ ده‌ڵێت به‌ڵام پشتگوێی ده‌خات، بۆیه‌ له‌كاتی كاركردندا كه‌مێك له‌و دیواره‌ به‌رز و له‌رزۆكه‌ دورده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ سێ هاوڕێیه‌كه‌ی تری له‌ژێریدا كارده‌كه‌ن.

"كه‌مێك دوركه‌وتمه‌ و تا ئاوڕمدایه‌وه‌، دیواره‌كه‌ به‌سه‌ریاندا روخا" ئه‌حمه‌د خزر وای وت.

روداوه‌كه‌ به‌یانی شه‌ممه‌ 10ی نیسانی 2021 بووه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی گورگه‌چاڵ_ی شاری كه‌ركوك.

ئه‌و دیواره‌ی به‌سه‌ر سێ هاوڕێیه‌كه‌ی ئه‌حمه‌دا روخاوه‌، به‌رزی پێنج مه‌تر و درێژییه‌كه‌ی نزیكه‌ی 400 مه‌تر بووه‌، دیواری گه‌راجی ئۆتۆمبێل بووه‌ و حه‌فاره‌ بناغه‌كه‌ی چاڵ كردووه‌، بۆیه‌ له‌ق و ناجێگیر بووه‌.

خاوه‌نكاره‌كه‌ وتی مه‌ترسن و كاری خۆتان بكه‌ن

له‌و روداوه‌دا شەهاب ئەحمەد (45 ساڵ)، زیا یاسین (21 ساڵ) و سه‌عد عەبدولجەبار ده‌ستبه‌جێ گیانیانله‌ده‌ستدا.

ئه‌حمه‌د خزر به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت كاتژمێر شه‌شی به‌یانی رۆیشتون بۆ كرێكاری، كاره‌كه‌ بنیاتنانی بناغه‌ی كۆگایه‌ك بووه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی گورگه‌چاڵ، شوێنی كاره‌كه‌ش له‌ژێر ئه‌و دیواره‌ به‌رزه‌دا بووه‌، بۆیه‌ "دوای پاككردنه‌وه‌ی ئه‌ساسه‌كه‌ به‌ خاوه‌نی كاره‌كه‌مان وت شوێنه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌، به‌ڵام خاوه‌نكاره‌كه‌ وتی مه‌ترسن و كاری خۆتان بكه‌ن".

نزیكه‌ی كاتژمێرێك به‌سه‌ر ده‌ستپێكی كاری ئه‌و چوار كرێكاره‌دا تێده‌په‌ڕێت و له‌ پڕ دیواره‌كه‌ ده‌ڕوخێت.

"من كه‌مێك دوركه‌وتبومه‌ و له‌وكاته‌دا دیواره‌كه‌ روخا، شه‌هاب و زیا و سه‌عد ویستیان هه‌ڵبێن به‌ڵام نه‌یانتوانی و كه‌وتنه‌ ژێر دیواره‌كه‌وه‌، به‌هۆی زۆری بلۆكه‌كانه‌وه‌ هه‌ر دیارنه‌مان و یه‌كسه‌ر گیانیانله‌ده‌ستدا" ئه‌حمه‌د خزر له‌ مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی سێ هاوڕێیه‌كه‌یدا وای وت.

krekar-3
له‌ ده‌سته‌ ڕاسته‌وه‌: شەهاب ئەحمەد، سه‌عد عەبدولجەبار، زیا یاسین 

شه‌هاب دوو هاوسه‌ری هه‌یه‌، باوكی 14 منداڵه‌ و زیا باوكی دوو منداڵه‌، به‌ڵام سه‌عد ژیانی هاوسه‌رێتی پێكنه‌هێناوه‌، ئه‌وان خه‌ڵكی قه‌زای حه‌ویجه‌ن و سێ ساڵه‌ ئاواره‌ی كه‌ركوك بون.

دایكی شەهاب به‌ه‌م لاواندنه‌وه‌ی مه‌رگی كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "كوڕه‌كه‌م ئاواره‌ بوو، له‌ حه‌ویجه‌ ماڵمان روخا و كاول بوو، لێره‌ بۆ تیكه‌ نانێك به‌ قژی سپییه‌وه‌ كرێكاری ده‌كرد به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌رمه‌كه‌یان هێنایه‌وه‌".

هه‌روه‌ها وتی "هێنده‌ی تر ماڵمان وێران بوو، جه‌رگم سوتا، به‌ڵام خودایه‌ شكور بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر منتدا هێنا و هه‌زار جار شكورانه‌ی خوا ده‌كه‌م".

خاوه‌نكاره‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌

هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و تیمی ته‌ندروستی كاتژمێر 7ی به‌یانی ده‌گه‌نه‌ شوێنی روداوه‌كه‌، دوای گواستنه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌و سێ كرێكاره‌، په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له‌ كه‌ركوك كه‌ به‌هۆی نه‌بونی مۆڵه‌تی لێدوانه‌وه‌ داوایكرد ناوی بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "خاوه‌نی كاره‌كه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ هیچ رێكارێكی نه‌گرتۆته‌به‌ر بۆ پاراستنی گیانی كرێكاره‌كان".

ساڵانه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌یان كرێكار له‌ كه‌ركوك به‌هۆی نه‌بونی رێكاره‌كانی خۆپاراستنه‌وه‌ له‌ شوێنی كاره‌كانیان گیانله‌ده‌ستده‌ده‌ن یان بریندارده‌بن.

به‌پێی ئامارێكی پێشتری سەندیكای كرێكارانی كەركوك بۆ (كه‌ركوك ناو)، ته‌نیا له‌ چاره‌كی یه‌كه‌می 2020دا دوو كرێكار گیانیانله‌ده‌ستداوه‌ و 44ی دیكه‌ برینداربون له‌كاتێكدا ساڵی 2019یش شه‌ش حاڵەتی برینداربون و كەمئەندامبونی كرێكاران لە سەر كار تۆماركراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT