حزبە كوردییەكانی كەركوك دوای هەشت كۆبونەوە بە مەبەستی یەكلسیتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراق، نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی ئەو وادەیەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ هاوپەیمانێتی لایەنەكان دیاریكردووە كە یەكی ئایارە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی نیسان، حزبەكان لە مەڵبەندی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ هەمان مەبەست كۆبونەوە، بەڵام هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ بایكۆتیان كرد، بێ ئەنجامبونی ئەو كۆبونەوەیەش وەك شكستهێنانی هەوڵەكانیان دەبینرێت.
حەسەن شێخانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوکی بزوتنەوەی ئیسلامی، وتی "پێشتر كۆبونەوەكانمان باشتر بون، تەنانەت رێکكەوتین لەسەر لۆگۆ، ناو و زۆر شتی تری لیستەكەش، بەڵام دواتر وردە وردە كێشەی تێكەوت، ئێستا دەتوانین بڵێین بەفعلی لیستەكە هەڵوەشاوەتەوە، یەكێتی لەپشتی ئێمەوە چووە ناوی كاندیدەكانی پێشكەشی كۆمسیۆن كردووە".
"جێگەی داخە هەموو جارێك لە پرسە چارەنوسسازەکاندا هەندێك لایەن شكست بە یەکلیستی كوردی دەهێنن و نا تەبایی زۆر دەکەوێتە نێو ماڵی کوردەوە".
هەموو جارێك لە پرسە چارەنوسسازەکاندا هەندێك لایەن شكست بە یەکلیستی كوردی دەهێنن
پێشتر لانیكەم 10 حزب و لایەنی كوردی لە كەركوك، جگە لە پارتی و نەوەی نوێ، لەنێو خۆیاندا گفتوگۆی چەند پێشنیارێكیان كرد بۆ چۆنیەتی دانانی کاندیدەکان لەبازنەکانی هەڵبژاردندا.
گرنگترین بژاردە كە زیاتر حزبە بچوكەكان پێداگرییان لەسەر دەكرد، ئەوەبوو بازنەكانی هەڵبژاردن لە كەركوك بەسەر حزبەكاندا دابەشبكرێن، چەپەكان لە بازنەیەكدا یەك كاندیدیان هەبێت و ئیسلامییەكانیش لە بازنەیەك، كاندیدەكانی تر بۆ یەكێتیی و پارتی بێت.
بەڵام پارتی تائێستا بەشداریی هیچ كۆبونەوەیەكی نەكردووە بۆ ئەو مەبەستە، هەرچەندە ئامادەیی خۆی بۆ یەكلیستی لە كەركوك نیشانداوە.
12 كورسییەكەی كەركوك بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراوە، لە بازنەی یەكەمی هەڵبژاردن، كورد چاوی لە بەدەستهێنانی هەر پێنج كورسییەكەیە، لە بازنەی دووەمدا كە بە بازنەی تێكەڵ ناودەبرێت، كورد چاوی لە بردنی نیوەی كورسییەكانە لەكۆی چوار كورسی، بەڵام بۆ بازنەی سێیەم كە زیاتر ناوچە عەرەبنشینەكان و باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوكە، كورد ئەگەر بەیەك لیست بەشداریی نەكات ئەگەرێكی زۆرە هیچ كورسییەك بەدەستنەهێنێت كە ئەو بازنەیە سێ كورسی هەیە.
حەسەن شێخان وتی "ئێمە توشی شۆكبوین كاتێك لەو گفتوگۆیانەدا بوین بیستمان یەكێتی لە پشتی ئێمەوە ناوی كاندیدەكانی خۆی رادەستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كردووە"، زیاتر وتی "چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان و هێشتا رێكنەكەوتوین".
ئێمە توشی شۆكبوین كاتێك لەو گفتوگۆیانەدا بوین بیستمان یەكێتی لە پشتی ئێمەوە ناوی كاندیدەكانی خۆی رادەستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كردووە
لە دواین كۆبونەوەی حزبە كوردییەكاندا چوارشەممە 28ی نیسان، دوای دوو كاتژمێر بیئەنجام كۆبونەوەكە كۆتایی هات.
عەلی قەڵایی، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی یەكێتی لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو هۆکاری سەرەکی بووە هۆی ئەوەی كە یەكلیستی یەكلایینەكرێتەوە، یەکەمیان ئەوەبوو چەند جارێك وادەی تۆماركردنی ناوی هاوپەیمانێتییەكان درێژكراوەتەوە وایكرد كۆبونەوەكان بە سیستی بەڕێوەبچن، هۆكاری دووەم ئەوەیە مەكتەب سیاسیی حزبە كوردییەكان هەوڵی هاوشێوە دەدەن بۆ یەكلیستی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك بەهۆیەوە چاوەڕێی هەوڵەكانی ئەوانیش دەكەین".
"هێشتا دەرفەت ماوە، کۆبونەوەکەی ئەمڕۆمان وەڵامێک بوو بۆ ئەو دەنگۆیانەی کە دەوتران یەکلیستییەکە هەڵوەشاوەتەوە... كۆبونەوەكان بە كراوەیی ماونەتەوە".
ئەو رەتیشیكردەوە كە حزبەكەی هیچ كاندیدێكی پێشكەشی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كردبێت، وەك ئەوەی تۆمەتبار دەكرێن.
لە حاڵەتی نەبونی یەكلیستی كوردیدا، هەریەكە لە بزوتنەوەی ئیسلامی، هاوپەیمانی نیشتیمانی، حزبی تورکمان ئیللی و حزبی شیوعی عیراقی لە هەوڵی هاوپەیمانێتییەكدان بۆ هەڵبژاردنەكە كە بڕیارە تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
حەسەن شێخانی وتی "ئەگەر لەگەڵ پارتی و یەكێتی و حزبە كوردییەكانی تردا نەگەینە رێككەوتن، ئەوە لەگەڵ هەندێك حزبی نەتەوەكانی تردا هاوپەیمانێتی دەكەن".
وتیشی "ئەوەی خاڵی ناکۆکی ئێمەیە لەگەڵ پارتی و یەکێتی، ئەوەیە ئەوان تەنیا نوێنەر و کاندیدی خۆیان دەسەپێنن و ئێمەش دەبێت تەنیا رۆڵی دەنگدەر و پشتیوانیکار بگێڕین ئەمەش لای جەماوەرەكەمان قبوڵكراو نییە".