راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت دانبه‌وه‌داده‌نێت روداوه‌كانی توندوتیژی و جموجۆڵی داعش له پارێزگاكه زیاتر بون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بۆشایی زۆری ئه‌منی نێوان هێزه عیراقییه‌كان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا.
ئه‌و وتانه دوابه‌دوای زنجیره‌یه‌ك روداوی ئه‌منی دێت له ناوچه جیاوازه‌كانی كه‌ركوك له نێویاندا هێرشی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه له سنوری ناحیه‌ی پردێ.
له‌و هێرشه‌دا سێ پێشمه‌رگه گیانیانله‌ده‌ستدا و دوو پێشمه‌رگه‌ی دیكه برینداربون دوابه‌دوای زیاتر له 40 خوله‌ك روبه‌ڕوبونه‌وه و پێكدادان.
راكان سه‌عید جبوری ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2ی ئایار له په‌راوێزی كردنه‌وه‌ی بازاڕی به‌هاره‌دا به رۆژنامه‌نوسانی وت بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان هۆكارە بۆ زیادبونی جموجۆڵی داعش، "ئه‌و بۆشاییه لە هەندێك شوێن پێنج و لەهەندێ شوێنی تر 10 كیلۆمەتره".
پارێزگاری كه‌ركوك له‌و كۆنگره‌یه‌دا كه په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو وتیشی "ئه‌و بۆشاییانه هه‌لێكه بۆ داعش بۆیه له یه‌ك رۆژدا هێرشده‌كه‌نه سه‌ر هێزه عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه".
جبوری داوای هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه و هێزه عیراقییه‌كان ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌و بۆشاییه ئه‌منییانه پڕبكرێنه‌وه ئه‌وا "هیچ كێشەیەكی ئەمنی تر روونادات".
فه‌رمانده و لێپرسراوانی ئه‌منی و حكومی هه‌رێمی كوردستان زیاد له جارێك و به تایبه‌ت له‌دوای هێرشه‌كه‌ی پردێ داوایان له حكومه‌تی عیراقی كردووه كار بۆ هه‌ماهه‌نگی و نه‌هێشتنی بۆشایی ئه‌منی نێوان هێزه‌كان بكات.
هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌دوای ساڵی 2014 و هێرشه‌كانی داعشه‌وه له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك جێگیربون، تا كشانه‌وه‌یان له روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه، له ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه.
هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق و پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم دوای چه‌ندین مانگ گفتوگۆ له‌سه‌ر پێكهێنانی شه‌ش ژور و ناوه‌ندی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شیان كردووه كه دوانیان له به‌غدا و هه‌ولێر بن، ئه‌وانیتر له كه‌ركوك، مه‌خمور، دیاله و موسڵ دابنرێن نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن.
پارێزگاری كه‌ركوك وتی "كه‌ركوك دواناوچەی عیراقە كە لەداعش پاككراوەتەوە و چەكدارانی داعش‌یش لەناو شارەكە خۆیان شاردۆتەوە و نەتوانراوە لەناو ببرێن".
جگه له هێرشه‌كه‌ی سه‌ر پێشمه‌رگه، له چه‌ند رۆژی رابردودا چه‌ندین روداوی ئه‌منی له داقوق، حه‌ویجه و ناوچه‌كانی دیكه تۆماركراون و به‌هۆیانه‌وه دوو پۆلیس كوژراون و زیاتر له 10 چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیسی فیدراڵی برینداربون.
له‌ناوشاری كه‌ركوكیش مه‌ترسی ئه‌منی هه‌یه و به‌پێی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ (كه‌ركوك ناو)، داعش پیلانیان هەبووە لەڕێی پێنج خۆكوژەوە هێرش و تەقینەوە دژی چەند دامودەزگایەكی شارەكە ئەنجامبدەن لە مانگی رەمەزاندا، كه یه‌كێك یەكێك لەو خۆكوژانە 29ی نیسان بەر لە جێبەجێكردنی پیلانەكەی كوژرا و یەكێكی تریشیان دەستگیركرا.
هێزه‌كانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حه‌شدی شه‌عبی، لیوای 61ی تایبه‌ت و پۆلیسی ناوخۆیی له چوارچێوه‌ی ژوری ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوكدا دۆسیه‌ی ئه‌منیی پارێزگاكه‌یان له‌ژێر ده‌ستدایه.