چوار فەوجی تایبەت بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەوانەی خۆرئاوا و باكوری خۆرئاوای كەركوك كران و جێگیربون بە ناوی هێزی "پاراستنی یاسا".
ئەو فەوجانە چوارشەممە 5ی ئایار گەیشتنە كەركوك و لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان و پردێ جێگیربون، ئەوەش دوابهدوای زنجیرهیهك هێرشی چهكدارانی داعش دێت بۆ سهر هێزه عیراقییهكان، پێشمهرگه و كێڵگە نەوتییەكان.
سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "چوار فەوج بە تەواوی چەك و پێداویستی سەربازییەوە گەیشتونەتە كەركوك، فەوجەكان سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانن و دوو فەوجیان لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان و دوانەكەی تر لە ناحیەی پردێ جێگیربون".
"ئەو چوار فەوجە بە فەوجەكانی پاراستنی یاسا ناسراون، هەر لە بەغداوە ئەرك و شوێنی نیشتەجێبونیان بۆ دیاریكراوە"، سەرچاوەكە وای وت.
بە فەوجەكانی پاراستنی یاسا ناسراون، هەر لە بەغداوە ئەرك و شوێنی نیشتەجێبونیان بۆ دیاریكراوە
بەختیار والی (39ساڵ)، جوتیارە لە قەزای دوبز لە خۆرئاوای كەركوك، دەڵێت "ناوچەكە هێزی پێویستی لێیە، بەڵام ناتوانن ژیانی خۆیان و خەڵك بەپێی پێویست بپارێزن... پەلامارەكانی چەكدارانی داعشیش بە جۆرێكە كە ناتوانین پێشبینی بۆ بكەیت، هەر رۆژەو لە دۆڵ و شیوێكدان، بەڕاستی ئێمە دەترسین لە ژیانی خۆمان".
ئەو داوایكرد پەیوەندی نێوان هێزەكان باشتر بێت بۆ ئەوەی رێگریی لە جموجۆڵی داعش بكەن، "دەڵێن هێزێكی تازە لە بەغداوە هاتووە، هیوادارین بتوانێت ژیانمان بپارێزێت".
رەوانەكردنی ئەو هێزە تازەیە بۆ كەركوك، هاوكاتە لە جموجۆڵی بەردەوامی چەكدارانی داعش بۆ سەر هێزەكانی سەر بە حكومەتی عیراق و هەرێم لە خۆرئاوای كەركوك و كێڵگە نەوتییەكان.
تەنیا لەم مانگەدا لە سێ هێرشی جیاوازدا لە خۆرئاوا و باكوری خۆرئاوای كەركوك، سێ پێشمەرگە، سەربازێك و پۆلیسێكی پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان كوژران و دوو بیرە نەوتیش تەقێنراونەتەوە. لەگەڵ برینداربونی سێ پێشمەرگە و سێ سەربازی سوپای عیراق.
سەرچاوەكە وتی "ئامانج لە ھاتنی ھێزی پاراستنی یاسا، بۆ رێگریكردنە لە زیادبونی جموجۆڵەكانی داعش و پاراستنی كێڵگە نەوتییەكان"، زیاتر وتی "لەو ناوچەیە بۆشایی ئەمنی هەیە و سەرۆك وەزیران نایەوێت ئەو جموجۆڵانەی داعش لەو ناوچەیە بەردەوامی هەبیت".
وهزارهتی پێشمهرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە یەكی ئایار و دوای بە ئامانجگرتنی سەنگەرێكی پێشمەرگە، لە راگەیەنراوێكیدا جەختیكردەوە "چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لەبارەی مەترسییەکانی تیرۆریستان لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە. بەداخەوە، هۆکاری ئەو هەلقۆستنەوەی تیرۆریستان، بوونی ئەو بۆشاییە ئەمنی یە، کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، بۆ ئەمەش جەختدەکەینەوە کە ئەو ناوچانە پێویستیان بەهێزی هاوبەش و هەماهەنگی ههیه".
ههردوو وهزارهتی بهرگری عیراق و پێشمهرگهی ههرێم لە گفتوگۆی بەردەوامدان لهسهر پێكهێنانی شهش ژور و ناوهندی ئۆپهراسیۆنی هاوبهش بۆ رێگریكردن لە بەهێزبونی داعش، بەڵام دوای چەندین مانگ نەگەیشتونەتە رێككەوتن.
بەپێی گفتوگۆكان، ئەو ژورە هاوبەشانە، دوانیان له بهغدا و ههولێر دەبن، ئهوانیتر له كهركوك، مهخمور، دیاله و موسڵ.
شۆڕش ئیسماعیل، وهزیری پێشمهرگه 25ی نیسانی 2021 لهكاتی بهسهركردنهوهی هێزهكانیان له سنوری گهرمیان وتی "داوا لە سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکەم راستەوخۆ تەدخول بکات تا هەردوو وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمهرگه بگهنه رێككهوتن".
دۆخی ئەمنی پارێزگای كەركوك لەمكاتەدا بە قۆناغێكی ئاساییدا تێپەڕنابێت و كۆتایی مانگی رابردوش هێزە ئەمنییەكان ئاشكرایانكرد كە چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) پیلانیان هەبووە لەڕێی پێنج خۆكوژەوە هێرش و تەقینەوە دژی چەند دامودەزگایەكی شارەكە ئەنجامبدەن لە مانگی رەمەزاندا.
یەكێك لەو "خۆكوژانە" 29ی نیسان بەر لە جێبەجێكردنی پیلانەكەی لەبەردەم بارەگای ئاسایشی نیشتیمانیی كەركوك كوژرا و یەكێكی تریشیان دەستگیركرا، ئەوەش بەپێی وتەی فەرماندەیەك لە ئاسایشی نیشتیمانیی كەركوك.
لە سنوری قەزای داقوق لە باشوری كەركوكیش، هێزێكی حەشدی شەعبی جێگیركران، ئەو هێزە پێشتر لە ناو فڕۆكەخانەی كەركوك لە ئەركدابون.
"ئێمە بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو شەوان لە دەوروبەری قەزاكە دەبین و هاوكاری هێزەكانی تر دەكەین"، سەرچاوەیەك لەو هێزە وایوت.
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران، لە حوزەیرانی 2020 و دوای كەمتر لە مانگێك لە دەستبەكاربونی وەك سەرۆك، گەیشتە قەزای داقوق بۆ سەرپەرشتیكردنی ئۆپەراسیۆنێك بە بەشداری تەواوی هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكە.
ئەوكات نوسینگەی كازمی، لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەوە وتی "ئامانج لێی وشككردنی سەرچاوەی تیرۆر بووە لە ناوچەكە، سەرۆك وەزیران داوای لە هەموو هێزە ئەمنییەكان كردووە موڵك و ماڵ و ژیانی هەموو هاوڵاتیانی ناوچەكە بپارێزن".
لەمكاتەدا، هێزهكانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حهشدی شهعبی، لیوای 61ی تایبهت و پۆلیسی ناوخۆیی له چوارچێوهی ژوری ئۆپهراسیۆنه هاوبهشهكانی كهركوكدا دۆسیهی ئهمنیی پارێزگاكهیان لهژێر دهستدایه.