حکومەتی عیراق بڕیاری گواستنەوەی کەسوکاری چەکدارانی رێکخراوی (داعش) لە کەمپی (هۆل)ی سوریاوە بۆ کەمپی (جەدعە)ی باشوری نەینەوا تا کاتێکی نادیار راگرت، ئەو پاسانەشی بۆ گواستنەوی ئەو خێزانانە تەرخانکرابوو گەڕاندەوە بۆ شاری بەغدا.
عەلی عومەر، یاریدەدەری پارێزگای نەینەوا بۆ کاروباری ئاوارەکان بە (کەرکوک ناو)ی وت "برڕیاری گواستنەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی (هۆل)ەوە بۆ پارێزگای نەینەوا تا کاتێکی نادیار راگیراوە".
ئەو رونیكردەوە "نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا نوسراوێکی ئاراستەی سەرۆکایەتی وەزیرانی عیراق کردووە و تیایدا داوای کردوە پەلەنەکرێت لە گواستنەوەی ئاوارەکانی کەمپی هۆل بۆ کەمپی جەدعە لە ناحیەی گەیارەی باشوری موسڵ، هۆکارەکەش گەڕاندۆتەوە بۆ بونی دژایەتییەکی فراوان لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بۆ گواستنەوەی ئەو خێزانانەی داعش بۆ پارێزگای نەینەوا".
لە نوسراوەکەدا پارێزگاری نەینەوا هۆشداری داوە لە "مەترسی بەردەوامبون لەسەر ئەو رێکارە بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچەیەی پێشنیاز کراوە ئاوارەکانی بۆ بگوازرێتەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی عیراق یاخود کەسوکاریانی لەخۆگرتووە کە شەهید و قوربانیان داوە لەشەڕی دژ بە داعشدا، ئەوەش رەنگە ببێتەهۆی ئەوەی هەڵبکوترێتە سەر کەمپەکە لەلایەن ئەو کەسانەی بەهۆی داعشەوە زیانیان پێگەیشتوە و سەرەنجام دۆخەمە لەژێر کۆنترۆڵ دەربچێت"، بەپێی وتەی عەلی عومەر، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا.
شیروان دوبردانی، سەرۆکی لیژنەی هەرێمەکان و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عیراق جەختی لە هەمان بڕیار كردەوە و وتی "حكومەتی عیراق پرۆسەكەی تا کاتێکی نادیار راگرتووە و هەموو ئەو پاسانەی بۆ گواستنەوەیان تەرخانکرابوو لە موسڵەوە گەڕێنرانەوە بۆ بەغدا".
سەرەتای ئەم مانگە، تەواوبونی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە کەسوکاری ئەندامانی رێکخراوی داعش لە کەمپی (جەدعە)ی باشوری نەینەوا راگەیەنرا، کە 500 خێوەت لەخۆدەگرێت و لەلایەن وەزارتی کۆچ و کۆچبەران بەهاریکاری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) بەڕێوەدەبرێت.
لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 تا کۆتایی 2017 رێکخراوی داعش دەستی بەسەر شاری موسڵ و ڕوبەرێکی فراوانی چەند پارێزگایەکی ناوەڕاست و خۆرئاوای عیراق گرت و هەزاران کەس لەلایەن چەکدارانی ئەو رێکخراوەوە کوژران یاخود بێسەروشوێن بون.
كەمپی هۆل، یەكێكە لە گەورەترین كەمپەكانی سوریا لە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكەی سوریا و 72 هەزار كەسی لێی نیشتەجێیە، كە پێكهاتون لە كەسوكاری داعش، لە ژن و منداڵی بیانییەكان، سوریی و عیراقی.
له ساڵی 2019یشدا حكومهت ویستی كهمپی عومله له ناحیهی زومماری باكوری خۆرئاوای نهینهوا بۆ كهسوكاری داعش بنیاتبنێت، بهڵام بههۆی ناڕهزایی خهڵك و لێپرسراوانی ناوچهكهوه، پرۆژهكه بهكاتی راگیرا.
زیاتر له 30 ههزار هاوڵاتی عیراقی، له نێویاندا ژن و منداڵی چهكدارانی داعش له كهمپی هۆل-ی خۆرهەڵاتی شاری حەسەكەی سوریان و حكومهتی عیراق دوو ساڵە له ههوڵی گهڕاندنهوهیاندایه.