توركمان و عه‌ره‌ب: له‌ كه‌ركوك پێشمه‌رگه‌مان ناوێت

كەركوك/15ی تشرینی یەكەمی 2019/ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی عەرەب دژی بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بە پارتی دیموكرات فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

به‌ره‌ی توركمانی و هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك، به‌ پێكهێنانی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش و گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ قایل نین، ده‌یانه‌وێت دۆسیه‌ی ئه‌منی ته‌نیا له‌ ده‌ستی هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵیدا بمێننه‌وه‌.

ئه‌و ناڕه‌زاییه‌ له‌ كاتێكدایه‌، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان دوای چه‌ندین مانگ له‌ گفتوگۆ و دانوستان رێككه‌وتن له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی هاوبه‌ش بۆ كه‌ركوك، نه‌ینه‌وا و دیاله‌.

ژماره‌یه‌ك پله‌داری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، یه‌كشه‌ممه‌ 23ی ئایاری 2021 و دوای چوار ساڵ بۆ یه‌كه‌مجار ده‌وامیان له‌ كه‌ركوك ده‌ستپێكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی نوێنه‌راتیكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌ی عیراقدا، كه‌ باره‌گاكه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ربازگه‌ی كه‌ی وه‌ن.

حاته‌م تائی، وته‌بێژی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك –له‌ ژماره‌یه‌ك پارت و كه‌سایه‌تی سیاسی عه‌ره‌بی پێكهاتون له‌ نێویاندا راكان جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت- به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "رۆڵی حكومه‌تی فیدراڵی به‌رز ده‌نرخێنین له‌ پاراستنی ئه‌منیه‌تی شاره‌كه‌، به‌ڵام به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تیده‌كه‌ینه‌وه‌ هێزی دیكه‌ جگه‌ له‌ هێزی فیدراڵی له‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیدا به‌شداربن، به‌ تایبه‌ت پێشمه‌رگه‌".

ئه‌و ده‌ڵێت له‌ كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش-یش قایل نین.

turkman.x
كه‌ركوك، ئایاری 2018، ناڕه‌زایی لایه‌نگر و ئه‌ندامانی حزبه‌ توركمانیه‌كان دژی كۆمسیۆن به‌هۆی گومانیان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

"پێمان سه‌یره‌ رۆڵی ئه‌منی ده‌درێت به‌ پێشمه‌رگه‌، كه‌ ئه‌و هێزه‌ به‌رپرسن له‌ بێسه‌روشوێنبونی سه‌دان رۆڵه‌ی عه‌ره‌ب و خاپوركردنی 138 گوندی عه‌ره‌بی، بۆیه‌ له‌پێناو پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر نابێت بگه‌ڕێنه‌وه‌".

تائی ده‌ڵێت پێشتریش په‌رله‌مانی عیراق حكومه‌تی فیدراڵی به‌ بڕیار پابه‌ند كردووه‌ كه‌ پاراستنی ئاسایشی كه‌ركوك ته‌نیا له‌ ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی فیدڕاڵیدایه‌.

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌دوای ساڵی 2014 و هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك جێگیربون، تا كشانه‌وه‌یان له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌.

محه‌مه‌د سه‌معان، وته‌بێژی به‌ره‌ی توركمانی عیراقی له‌ كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "نامانه‌وێت و قایل نین به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش بۆ كه‌ركوك، چونكه‌ نزیكی هه‌ڵبژاردنه‌ و ئه‌وانیش تۆمه‌تبارن به‌ ساخته‌كاری له‌ هه‌ڵبژاردن".

له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 2018ی عیراق حزبه‌ عه‌ره‌بی و توركمانییه‌كانی كه‌ركوك لایه‌نێكی كوردییان به‌ ساخته‌كاری تۆمه‌تباركرد به‌ڵام دواتر له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كاندا هیچ نه‌سه‌لمێنرا.

وته‌بێژی به‌ره‌ی توركمانی وتی "بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر بپارێزین، ده‌بێت دۆسیه‌ی ئه‌منی ته‌نیا له‌ده‌ستی حكومه‌تی فیدراڵیدا بێت، چونكه‌ ئێستا ئه‌منیه‌ت رێڕه‌وی راستی خۆی گرتووه‌ و ناكرێت شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر بكرێته‌ پاساوێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وتی سیاسی له‌سه‌ر حسابی كه‌ركوك".

peshmarga-6
كه‌ركوك/ 2020/ ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی شێخ بزێنی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

بەپێی دەستوری عیراق، هێزی ئەمنی هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەتوانن بە هاوبەشی ناوچەکانی جێناکۆک بەڕێوەببەن.

سه‌معان ده‌ڵێت حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی هێزه‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوری شاری كه‌ركوك بێت، چونگه‌ ئه‌گه‌ر "بێنه‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌بێته‌ سه‌رپێچی له‌ بڕیاره‌ به‌ركاره‌كانی پێشتری په‌رله‌مانی عیراق".

په‌رله‌مانی عیراق له‌ 2017دا بڕیاریدا به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی فیدراڵی و گرتنه‌ده‌ستی دۆسیه‌ی ئه‌منی له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك به‌هۆی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

جگه‌ له‌ كه‌ركوك، ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌ خانه‌قین و مه‌خمور پێكهێنران، بڕیاره‌ له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ی جێناكۆكیش بكرێنه‌وه‌.

لیوا یه‌حیا ره‌سول، وته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا دوشه‌ممه‌ 24ی ئایاری 2021 بڵاویكرده‌وه‌، ده‌ڵێت ناوه‌نده‌كانی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش گرنگن و بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریین‌ دژی داعش نه‌ك جموجۆڵی پێشمه‌رگه‌، "هیچ جموجۆڵێكی كه‌رته‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ناو خاكی حكومه‌تی فیدراڵیدا نییه‌".

كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش دوابه‌دوای هه‌ڵكشانی ئاڵۆزی و كرده‌وه‌ چه‌كدارییه‌كان دێت له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك.

راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت 2ی ئایار له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی روداوه‌كانی توندوتیژی و جموجۆڵی داعش له پارێزگاكه‌ زیاتر بون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بۆشایی زۆری ئه‌منی نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا.

دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك به‌ده‌ست هێزه‌كانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حه‌شدی شه‌عبی، لیوای 61ی تایبه‌ت و پۆلیسی ناوخۆییه‌وه‌یه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT