ئه‌بو حه‌سه‌ن، كاسبكاره له بازاڕی عه‌تارینی باشوری موسڵ و رۆژانه پێویستی به زیاتر له‌كاتژمێرێك هه‌یه، تا له روباری دیجله بپه‌ڕێته‌وه كه شاره‌كه‌ی كردۆته دوو به‌ش، به‌هۆی ئه‌و وێرانكارییه‌ی به‌سه‌ر پرد و رێگه‌وبانه‌كاندا هات.
"پێش ساڵی 2014، هاتوچۆ و په‌ڕێنه‌وه له نێوان هه‌ردوو به‌ری شاری موسڵ له 10 خوله‌ك زیاتری نه‌ده‌خایه‌ند، به‌ڵام ئێستا جیاوازه، سه‌رباری تێپه‌ڕبونی چه‌ند ساڵێك به‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌دا مه‌ینه‌تییه‌كان به‌رده‌وامن، هێشتا ئه‌وه‌ی داعش وێرانی كرد ماوه و دیارن" ئه‌بو حه‌سه‌ن (48 ساڵ) وای وت.
نیگه‌رانی و مه‌ینه‌تییه‌كانی ئه‌و فرشیاره‌ی بخور له بازاڕی عه‌تارین، هه‌مان دادوبێدادی چه‌ند ساڵی رابردوی دانیشتوانی شاری موسڵه كه ژماره‌ی دانیشتوانی به زیاتر له ملیۆن و نیوێك ده‌خه‌مڵێنرێت، ئه‌بو حه‌سه‌ن وتی "ژماره‌ی دانیشتوانی موسڵ له‌گه‌ڵ ژماره‌ی ئه‌و پردانه‌دا ناگونجێت كه ئێستا چاككراونه‌ته‌وه و هاتوچۆیان به‌سه‌ردا ده‌كرێت".
له موسڵ پێنج پردی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر روباری دیجله دروستكراوه، بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاوڵاتیان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی روباره‌كه شاره‌كه ده‌كاته دوو به‌شه‌وه، به‌ڵام هه‌موو پرده‌كان له‌شه‌ڕی داعش له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه ته‌قێنرانه‌وه.
یه‌كه‌م پردی موسڵ، پردی كۆن یان عه‌تیق به شێوه‌زاری موسڵاوی، له 1932دا بنیاتنرا و دوای دوو ساڵ له‌لایه‌ن مه‌لیك غازی، مه‌لیكی ئه‌وكاتی عیراقه‌وه كرایه‌وه، كه درێژییه‌كه‌ی 305 مه‌تره و هه‌ردوو ناوچه‌ی نه‌سر و مه‌یدان، به یه‌كترییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه.
پردی دوه‌م یان پردی حوریه هه‌ر له كۆتایی حوكمی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ و له 1958دا بنیاتنانی ته‌واو بووه.
دوای فراوانبونی شار، له هه‌ردوو به‌ری راست و چه‌پی موسڵ، به‌دوای یه‌كدا پرده‌كانی سێ، چوار و پێنج بنیاتنران، پلانیش هه‌بوو پردی شه‌شه‌م دروستبكرێت، به‌ڵام له‌دوای 2003ـه‌وه پرۆژه‌كه مایه‌وه و جێبه‌جێنه‌كرا.
له ساڵی 2018دا و له كابینه‌ی حكومه‌تی عیراق به سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی پرده‌كانی عه‌تیق و حوریه دوای نۆژه‌نكردنه‌وه به‌ڕوی هاتوچۆ كرانه‌وه، پردی ئه‌و ته‌مام یان سێیه‌ك له سه‌رده‌می حكومه‌تی ئێستادا و له ساڵی 2021دا كرایه‌وه، پرده‌كانی چواره‌م و پێنجه‌میش بۆ نۆژه‌نككردنه‌وه به كۆمپانیای تایبه‌تمه‌ند دراون.
سه‌دا 90ی پرده‌كانی پارێزگاكه روخاون
له ته‌واوی پارێزگای نه‌ینه‌وا 63 پرد روبه‌ڕوی وێرانكاری بونه‌ته‌وه له‌كاتی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ناوچه‌كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه.
"داعش 57 پردی به بۆمبی چێنراو روخاند، ئه‌وانیتر به‌هۆی بۆردومانی ئاسمانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی یان فڕۆكه‌ی جه‌نگی عیراقی روخاون، به ئامانجی بنه‌بڕی رێگای گه‌یشتنی هاوكاری به داعش" به‌وته‌ی عه‌بدولستار حه‌بۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رێگه‌وبان و پرده‌كان له نه‌ینه‌وا.
دوای ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ له ده‌ستی داعش، له كۆتایی 2016 تا ناوه‌ڕاستی 2017، "سه‌دا 90ی پرده‌كان روخان، له نێویاندا پێنج پرده سه‌ره‌كییه‌كه‌ی سه‌ر روباری دیجله له‌ناوشار و سێ پردی سه‌ر روباری خوسه‌ر هه‌ر له ناوه‌ندی شار".
جگه له پرده سه‌ره‌كییه‌كان، له به‌ری چه‌پی موسڵیش، پێنج پردی بچوك دروستكراوه له‌سه‌ر روباری خوسه‌ر له خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌دا، ئه‌وانیش موسه‌نا، سوكه‌ر، زهور، سوێس و سنحاریب-ـه، كه گه‌ڕه‌كه‌كانی شار به یه‌كتریییه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه.
پێویستمان به 40 ملیۆن دۆلاره بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پرده‌كانی چوار و پێنج له موسڵ
به‌ڕێوه‌به‌ری رێگه‌وبان و پرده‌كان ده‌ڵێت 54 پرد چاككراونه‌ته‌وه له ته‌واوی پارێزگاكه‌دا و تائێستا "ده‌وروبه‌ری 40 ملیۆن دۆلاری ئه‌مریكی" له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی پرده‌كاندا خه‌رجكراوه.
حه‌بۆ وتی "پێویستمان به 40 ملیۆن دۆلاری دیكه‌یه بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هه‌ردوو پردی سه‌ره‌كی چوار و پێنج له شاری موسڵ".
800 هه‌زار ئۆتۆمبێل له موسڵ
"له شاری موسڵ، كه زۆرترین ژماره‌ی دانیشتوانی تێدایه دوای به‌غدای پایته‌خت و به‌سره، زۆربه‌ی رێگاوبان و پرده‌كانیشی روخاون، هه‌بونی قه‌ره‌باڵغی خنكێنه‌ری هاتوچۆ چاوه‌ڕوانكراوه روبدات" عه‌مید حه‌یده‌ر كه‌ریم، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی هاتوچۆی گشتی نه‌ینه‌وا وای وت.
كه‌ریم بۆ (كه‌ركوك ناو) ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ژماره‌ی ئۆتۆمبێل له موسڵ گه‌یشتۆته 800 هه‌زار ئۆتۆمبێل یان زیاتر، به‌پێی ئاماره فه‌رمییه تۆماركراوه‌كان.
عه‌مید حه‌یده‌ر كه‌ریم ده‌ڵێت سیسته‌می چاودێری سه‌ر به هاتوچۆ له نه‌ینه‌وا پێویستی به میكانیزمێكی نوێی كاركردن هه‌یه له نێویاندا دانانی كامێرای چاودێری.
"راسته نه‌ینه‌وا له پارێزگا زیانلێكه‌وتوه‌كانه له‌روی ژێرخان و كادیریشه‌وه، چونكه زۆرینه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هاتوچۆ روبه‌ڕوی تیرۆركردن بونه‌وه له‌سه‌ر ده‌ستی داعش، به‌ڵام كێشه‌ی هاتوچۆ پرده روخاوه‌كان، ئه‌گه‌ر پرده‌كان نۆژه‌نبكرێنه‌وه كێشه‌ی قه‌ره‌باڵغی شه‌قامه‌كان چاره‌سه‌رده‌بن" به‌وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی هاتوچۆ.
شه‌ڕی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، زیانی زۆری به ناوچه‌كه و به تایبه‌ت به‌ری راستی گه‌یاند، به‌پێی بڕیارێكی په‌رله‌مانی عیراق، شاره‌كه وه‌ك وێرانه ناسێنراوه.
نرخی كاڵاكان به‌رزبۆته‌وه
"نرخی كاڵا و شمه‌ك به‌هۆی وێرانكارییه‌كانه‌وه به‌رزبۆته‌وه" عه‌بدولقادر ده‌خیل، یاریده‌ده‌ری پارێزگاری نه‌ینه‌وا بۆ كاروباری خزمه‌تگوزاری به‌و رسته‌یه قسه‌كانی بۆ (كه‌ركوك ناو) ده‌ستپێكرد.
هه‌روه‌ها وتی وێرانكارییه‌كانی رێگه‌وبان و پرده‌كان كاریگه‌ری گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ژیانی هاوڵاتیانی ناوشاری موسڵ داناوه، هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی شمه‌ك و كاڵاكان له موسڵ و شاره‌كانی تر، چونكه نه‌ینه‌وا به سه‌به‌ته‌ی دابینكردنی خۆراكی عیراق داده‌نرێت.
نه‌ینه‌وا دوه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عیراقه، روبه‌ره‌كه‌ی زیاتره له 39 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه و له 33 یه‌كه‌ی ئیداری پێكهاتووه، كه دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌گاته نزیكه‌ی چوار ملیۆن كه‌س.
ئه‌بو حه‌سه‌ن، كاسبكاره‌كه‌ی بازاڕی عه‌تارین وتی رۆژانه و به‌هۆی رۆیشتنی بۆ سه‌ركار "قه‌ره‌باڵغی خنكێنه‌ر و شێواوی هاتوچۆ" توشی توڕه‌یی و "شڵه‌ژاوی" ده‌كه‌ن، هه‌ركاتێك ده‌كه‌وێته ناو قه‌ره‌باڵغی رێگه‌وبانه‌كانه‌وه.