123 روفات لە دوو گۆڕی بەكۆمەڵی بادۆش هەڵدەگیرێنەوە

نەینەوا/ 13ی حوزەیرانی 2021/ هەڵگرتنەوەی روفاتەكانی دوو گۆڕی بەكۆمەڵ لە نزیك زیندانی بادۆش فۆتۆ: دەزگای زیندانیانی سیاسی

ئەحمەد زەیدی – نه‌ینه‌وا

حكومەتی عیراق، 123 روفات لە دوو گۆڕی بەكۆمەڵی ناوچەی بادۆش هەڵدەگرێتەوە، كە قوربانیانی دەستی چەكدارانی داعشن.

یەكشەممە 13ی حوزەیرانی 2021، فەرمانگەی كاروبار و پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە دەزگای زیندانییە سیاسییەكان لە نەینەوا، پرۆسەی هەڵدانەوەی هەردوو گۆڕەكەی لە نزیك زیندانی بادۆش لە باكوری خۆرئاوای پارێزگاكە دەستپێكردووە.

"روفاتەكانی ناو ئەو دوو گۆڕە قوربانیانی دەستی داعشن لەكاتی دەستبەسەرداگرتنی موسڵ لە دوای ساڵی 2014ـەوە" بەوتەی زیا كەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان كە سەر بە حكومەتی فیدراڵی عیراقە.

ناوبراو دوو گۆڕەكەی بادۆش بە "گەورە و ئاڵۆز" وەسفدەكات و دەڵێت لە كۆی 500 روفاتی نێویان تەنیا 123 روفات هەڵگیراونەتەوە.

"تیمی نیشتمانی بەبێ راوێژ و شارەزایی نێودەوڵەتی ناتوانێت پرۆسەی ئاشكراكردن و هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان تەواو بكات بەهۆی سەختی ناوچەكە و تێپەڕینی ئاو بە شوێنی گۆڕەكاندا".

هەروەها وتی گۆری دیكەی ئاڵوزتر هەیە، وەك چاڵی خەسفە لە باشوری موسڵ و گۆڕەكانی عەلوعەنتەر و زەخروسیە لە تەلەعفەر و سنجار.

193920040_2840651346196887_25479258537942629_n
نەینەوا/ 13ی حوزەیرانی 2021/ هەڵدانەوەی دوو گۆڕی بەكۆمەڵ لە بادۆش فۆتۆ: دەزگای زیندانیانی سیاسی

خه‌سفه‌ و عه‌لو عه‌نته‌ر؛ دوو گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام - داعش"ـن له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا و پێشبینیده‌كرێت ته‌رمی هه‌زاران هاوڵاتییان تێدابێت.

واسق رەئوف، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پزیشكی دادوەری دەڵێت دوای پشكنینی (DNA) و لێكۆڵینەوە لە ناسنامەی روفاتەكان، لە چوارچێوەی پلانێكدا كارئاسانی دەكرێت تا رادەستی كەسوكاریان بكرێنەوە.

"قوربانییەكان خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی عیراق و زیندانییان و فەرمانبەرانی زیندانی بادۆش لە هەردوو رەگەز" بەوتەی رەئوف.

داعش لە ناوەڕاستی 2014دا دەستیگرت بەسەر روبەرێكی بەرفراوانی پارێزگای نەینەوا و بەوتەی لێپرسراوانی حكومەت لە رۆژەكانی سەرەتای دەسەڵاتیدا دەستیكردووە بە كوشتن و رفاندن دەرهەق بە هاوڵاتیان بە تایبەت لە كەمینەكان و ئەوانەی لە ریزی هێزە ئەمنییەكاندا بون.

لە چەندین ناوچەی نەینەوا گۆڕی بەكۆمەڵی سەردەمی داعش دۆزراونەتەوە، بەڵام ته‌نیا ژماره‌یه‌ك له‌ گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵ و تاكەكانی شنگال هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ ئاداری 2019ـه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ 80 گۆڕ له‌ سنوره‌كه‌دا هه‌ن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT