پارتی بۆ "چالاكی كۆمەڵایەتی" دەگەڕێتەوە كەركوك

لیژنەی ناوچەی (موسەڵا)ی پارتی دیموكراتی كوردستان، دروشمی (لبیك یا حسین)ی لەسەر نوسراوە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

لێپرسراوانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنن كە گەڕانەوەیان بۆ كەركوك بۆ چالاكی كۆمەڵایەتی بووە نەك سیاسی و حزبی.

یەكشەممە 27ی حوزەیران، وەفدێكی لقی كەركوكی پارتی سەردانی كۆمیتەی محەلی كەركوكی حزبی شیوعی كوردستانیان كرد و بڕیارە سەردانەكانیان بۆ لای حزب و لایەنە كوردییەكانی تر بەردەوامی هەبێت، ئەوەش بە وتەی ئارى بابان، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندن و رۆشنبیری لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی.

ئاری بابان كە بەشداری سەردانەكەی كرد بۆ لای حزبی شیوعی، بە (كەركوك ناو)ی وت "وەفدەكەمان لەلایەن حزبمانەوە رێگەپێدراوین بۆ كۆبونەوە و سەردان لەگەڵ پارت و لایەنە كوردییەكانی كەركوك، دوای حزبی شیوعی بڕیارە سەردانی هەموو حزبە كوردییەكانی تر بكەین".

ئەو جەختیكردەوە لەوەی كە گەڕانەوەیان و سەردانەكەیان زیاتر بۆ "چالاكی كۆمەڵایەتییە نەك سیاسی"، بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر باس بكات.

parti-2
كەركوك/ 27ی حوزەیرانی 2021/ كۆبونەوەی وەفدێكی پارتی دیموكرات و حزبی شیوعی. فۆتۆ: راگەیاندنی حزبی شیوعی

پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە نەگەڕاوەتەوە كەركوك و ئەو پارێزگایە بە "داگیركراو" وەسفدەكات، چەند جارێكیش جەختیكردۆتەوە لەوەی تا بارودۆخی كەركوك ئاسایینەكرێتەوە و بارەگاكانی رادەستنەكرێتەوە ئامادەنین بگەڕێنەوە.

لە ئێستادا دەیان بارەگای حزبیی و ئەمنیی پارتی دەستیبەسەرداگیراوە، لەوانەش بارەگای ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كەركوك - گەرمیانی حزبەكە كە لە ئێستادا كراوەتە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.

ئەو حزبە بە پاساوی "بونی دەسەڵاتی سەربازی" لە كەركوك بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقی نەكرد لە ئایاری 2018دا بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریكردن نیشانداوە و دوو كاندیدی هەیە.

ئاری بابان وتی "تاكو ئێستا حزبمان هیچ بڕیارێكی نییە بۆ چالاكی سیاسیی و حزبی لە كەركوك، ئەوەی هەیە تەنیا چالاكی كۆمەڵایەتییە، چونكە ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە بارودۆخێكی سەپێنراوە"، بۆ ئەوەش دەستبەسەراگرتنی بارەگاكانی حزبەكەی بە نمونە هێنایەوە.

ئەوەی هەیە تەنیا چالاكی كۆمەڵایەتییە

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 8ی ئایاری ئەمساڵ، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ژمارەیەك كەناڵی ئاسمانی عیراقی، جەختیكردەوە لەوەی كە بەپێی شایستەی کۆمەڵایەتیی خۆی بۆ خزمەتکردن، پارتی دەبێت بارەگاكانی لە كەركوك بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام وتی "بەبێ چەكدار"، بۆ ئەوەش ئاماژەی بە لیژنەیەك كرد لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بۆ ئەو مەبەستە.

بەڵام شاخەوان عەبدوڵا، كە هاوكات كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە پارێزگای كەركوك بۆ هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، دوای چاوپێكەوتنەكەی كازمی، بە (كەركوك ناو)ی وت "پارتی بەبێ چەك ناگەڕێتەوە كەركوك، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت مەرج بۆ پارتی دابنێت لەوەی بەبێ چەک بگەڕێتەوە...".

زیاتر وتی "ئێمە ناگەڕێینەوە كەركوك کە نەتوانین بارەگاکانی خۆمان بپارێزین، بۆیە هێزی پاراستنی بارەگامان دەبێت و دەبێت هێزمان لەگەڵ بێت، نەک هێزێک بە چەکی قورسەوە، بەڵکو بۆ پاراستنی بارەگاکانمان و پێشمەرگەش بگەڕێتەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT