كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ) ئاشكرایدەكات لە دهۆك رۆژنامەنوسێكی دیكە بە زیندانی حوكمدراوە، بۆیە سەرباری رەخنەی توند لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوادەكات دەستبەجێ كۆتایی بە سزادانی میدیاكاران بهێنێت.
لە راگەیەندراوێكدا 28ی حوزەیرانی 2021 كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ) كە بارەگاكەی لە نیویۆركە بڵاویكردەوە داوای دەستبەجێ ئازادكردنی فۆتۆجۆرنالیست قارەمان شوكری و لابردنی تۆمەتەكانی سەری دەكات.
هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردی دەستهەڵبگرن لە سەپاندنی سزای قورس بەسەر ئەندام و كارمەندانی میدیاكاندا".
قارەمان شوكری، فۆتۆجۆرنالیستە، بۆ ماڵپەڕی رۆژنیوز و كەناڵی ستێر تیڤی كاریكردووە، لە 27ی كانونی دوەمی 2021دا دەستگیركراوە.
شوكری لە 24ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە زینداندا دایكی بینیووە و پێیوتووە بەبێ ئامادەبونی پارێزەر لەلایەن دادگایەكی دهۆكەوە بە حەوت ساڵ زیندانی سزادراوە، ئەوەش بەوتەی زێرڤان شوكری، برای قارەمان كە 28ی حوزەیران بۆ (CPJ) قسەی كردووە.
زێرەڤان دەڵێت نازانن براكەی كەی دادگایی كراوە و بەپێی كام یاسا بووە.
ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ، نوێنەری (CPJ) لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا دەڵێت "دەسەڵاتدارانی كوردی باكوری عیراق فێری خوییەكی قێزەون بون لە حوكمدانی رۆژنامەنوسان بە زیندان، بێ رەچاوكردنی هیچ رێوشوێنێكی یاسایی و ئەو ماف و ئازادییانەی كە ئەوان بانگەشەی بۆ دەكەن گوایە بەرگرییان لێدەكەن".
لە وەڵامی پرسیارەكانی (CPJ)ـیدا دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شوباتی 2021دا دەڵێت قارەمان شوكری بە ماددەی 156ی یاسای سزادانی عیراقی تۆمەتباركراوە.
بەڵام (CPJ) جارێكیتر و لەسەر دادگاییكردنی شوكری پرسیاری لە زێباری كردووە و ناوبراو وەڵامینەداوەتەوە.
ماددەی 156ی یاسای سزادانی عیراقی لە هەرێمی كوردستان لەكارخراوە و لەجێی ئەو كار بە یاسای ژمارە 21ی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت كە ساڵی 2003 دەرچووە و تیایدا هاتووە "هەركەسێك بە دەستی ئەنقەست و بەهەر شێوەیەك بێت، لەكارێدا تێوەبگلێت بە مەبەستی زیانگەیاندن لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عیراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتاهەتایی، یان بە بەندكردنی كاتی سزادەدرێت".
ناڕەزایی رێكخراوەكانی بەرگریكار لە رۆژنامەنوسان و ئازادی رادەربڕین هاوكاتە لەگەڵ پەسەندكردنی سزای شەش ساڵ زیندانی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانەكەی بادینان لەلایەن دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستانەوە وەك خۆی، كە حكومەتی هەرێمی روبەڕوی رەخنەی زۆر كردۆتەوە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییدا.
لە 16ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای تاوانهكانی هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ ههریهك له رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) دهركرد، کە نۆ مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی "سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی" دەستگیركرابون. بڕیارەكە ناڕەزایی رۆنامهنوسان، پارێزەران، چالاكوانانی مەدەنیی و پەرلەمانتارانی بەدواداهات.