نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق، نیگەرانی لە بارودۆخی ئازادی میدیایی و رادەربڕین دەردەبڕێت لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی پەسەندكردنی حوكمی زیندانی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانەكەی بادینان.
دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان، لە 20ی حوزەیرانی 2021 و دوای دوەم وربینیدا بۆ دۆسیەی رۆژنامەنوس و چالاكوانەكانی بادینان، سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هەر یەكێكیان پەسەندكرد.
نێردەی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق، 30ی حوزەیران بەیاننامەیەكی دەربارەی پەسەندكردنی سزای رۆژنامەنوس و چالاكوانەكان بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە "هەموان نیگەرانییان هەیە" و نیگەرانییەكانیش لەوەدایە ستانداردەكانی دادگییەكی دادوەرانە پەیڕەو نەكراوە.
بەشێكی دیكەی نیگەرانییەكانیان پەیوەستە بە ئەگەری ئەشكەنجەدانی سزادراوان، فشاری سیاسی لە دۆسیەكەدا لەگەڵ رێگەنەدان بە پارێزەران پێشتر پەڕاوەكانی لێكۆڵینەوە ببینن.
"ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن و هەروەها دادگای سەربەخۆ پێکهاتەی سەرەکین بۆ دیموکراسیەت" بەپێی بەیاننامەكەی نێردەی یەكێتی ئەوروپا.
یەكێتی ئەوروپا هەروەها باس لە راپۆرتی هاوبەشی یونامی و كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، پاڵپشتی بۆ دوپاتدەكەنەوە، هانی لێپرسراوانی هەرێمی كوردستانیش دەدەن رەچاوی پێشنیازە سەرەكییەكانی ئەو راپۆرتە بكەن.
یونامی و كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە 12ی ئایاری ئەمساڵدا راپۆرتێكیان بەناونیشانی (ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستانی عیراق) بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژە بەوەدەكەن "بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستانی عیراقدا لە هەڵکشاندایە"، چونكە "رەخنەگرانی دەسەڵاتە گشتییەکان نەك تەنها دووچاری مەترسیی تۆقاندن و بەربەست خستنە بەردەم جووڵە و گرتنی هەڕەمەکی بوونەتەوە، بگرە هەندێکیان بە تۆمەتی ناوزڕاندنیش تۆمەتبارکراون، هەندێکیشیان لەم دواییانەدا بەپێی یاساکانى پەیوەست بە ئاسایشى نەتەوەییەوە سزادراون".
لە 16ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای تاوانهكانی هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ ههریهك له رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) دهركرد، کە نۆ مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی "سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی" دەستگیركرابون. بڕیارەكە ناڕەزایی رۆنامهنوسان، پارێزەران، چالاكوانانی مەدەنیی و پەرلەمانتارانی بەدواداهات.