ئیدارەی كەركوك دەستگیركردنی ژمارەیەك چەكداری بەجلی مەدەنییەوە راگەیاند كە دەیانویست دەستبگرن بەسەر یاریگایەكی وەرزشی (فوتساڵ) لە گەڕەكی سەرچنار بە مەبەستی فرۆشتنی زەوییەكەی.
ئەو چەكدارانە ئێوارەی چوارشەممە 7ی تەمموز، بە چەكەوە چونەتە سەر یاریگاكە لەوكاتەی كۆمەڵێك گەنج یارییان تێدا دەكرد و داوایان لێكردون یاریگاكە چۆڵبكەن.
محەمەد عومەر، دانیشتوی گەڕەكی سەرچنار، وتی "چەند رۆژێك لەمەوبەریش چەكدارەكان بە جلی مەدەنییەوە هاتنە ناو یاریگاكە، سەرەتا ستونی كارەبای ناو یاریگاكەیان تێكدا، دواتر دەیانویست یاریگاكە چۆڵبكرێت".
چەند رۆژێك لەمەوبەر چەكدارەكان هاتنە ناو یاریگاكە، ستونی كارەبای ناو یاریگاكەیان تێكدا
"ئەوان دەیانەوێت یاریگاكە بە گەنجەكان چۆڵبكەن دواتر زەوییەكەی پارچە پارچە بكەن و بیفرۆشن"، محەمەد عومەر وایوت.
یاریگاكە لەسەر روبەری سێ دۆنم زەویی لە ساڵی 2007 لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان و نزیك لە چەمی خاسە دروستكراوە و گەنجانی ناوچەكە سودی لێدەبینن.
ئیدارەی كەركوك لە راگەیەنراوێكیدا لەبارەی ئەو روداوەوە كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، تیایدا ئاماژە بە دەستگیركردنی ئەو كەسانە دەكات و بە سەرپێچیکاران ناویان دەهێنێت، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی هەمویان روبەڕوی یاسا دەكرێنەوە.
"بەهیچ شێوەیەک رێگە بە کاری لەو جۆرە نادرێت، یاریگاكە مافی گەنجانی ئەو گەڕەکەیە...". لە راگەیەنراوەكەدا هیچ وردەكارییەكی تری تیانییە لەبارەی ئەو ئەو چەكدارانە سەر بە چ لایەنێكی دیاریكراون.
یاریگاكە مافی گەنجانی ئەو گەڕەکەیە
دەستگیركردنی ئەو چەكدارانە دوای ئەوە هات، كە دانیشتووانی گەڕەكەكە بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی تەمموز خۆپیشاندان بكەن.
محەمەد عومەر كە یەكێك بوو لەو كەسانەی داوای خۆپیشاندانی كرد، وتی "ئیدارەی كەركوك ئاگاداری كردینەوە كە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت ناتوانین خۆپیشاندان بكەین... ئێمە چاوەڕێی ئەوەین بزانین ئیدارەی كەركوك چی دەكات لەبارەی یاریگاكەوە و دواتر هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".
ئیدارەی كەركوك لە راگەیەنراوەكەدا جەختیكردۆتەوە لەوەی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت هەر كەسێك خۆپیشاندان بكات روبەڕوی سزا دەبێتەوە.