237 خێزان دوبارە لە شنگالەوە ئاوارەی پارێزگای دهۆك دەبن، ئەوەش تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا، بەهۆی مەترسی بارودۆخی، خراپی خزمەتگوزاری و كەمی هەلیكار.
كۆچی پێچەوانەوە لە شنگال كە دوو هەفتەیە چڕتر بۆتەوە، هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوە لە ساڵیادی هێرشەكانی ئابی 2014ی داعش بۆ قەزاكە، كە بەهۆیەوە هەزاران خێزان ئاوارەبون و بەشێكیان هێشتا لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن.
"هەفتەیەك لەمەوبەر بە ناچاری و بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی ئەمنی، كەمی خزمەتگوزاری و بێكاری، جارێكیتر لە زێدی خۆمانەوە گەڕاینەوە بۆ دهۆك" قاسم خودێدا، خەڵكی ناوەندی قەزای شنگال بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
قاسم باوكی شەش منداڵە، دوای شەش ساڵ لە ئاوارەیی، لە كانونی یەكەمی 2020دا ژیانی ژێر خێوەت بەجێدەهڵێت و دەگەڕێتەوە بۆ خانوەكەی خۆی لە شنگال، بەڵام گەڕانەوەكەی لە تەمموزی ئەمساڵدا كۆتاییدێت و دوبارە دەچێتەوە كەمپ.
ئەو دەڵێت "لە گەڕانەوەدا بۆ شنگال زۆر دڵخۆش بوین، چونكە بێزاربوین لە ژیانی كەمپ، .. هەموو كەس حەزدەكات لە زێدی خۆی بژیت، بەڵام ژیان لەوێ بۆ ئێمە قورس بوو، بێ ئیش و بێ بژێوی بوین، بۆیە ئاوارەبوینەوە".
لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 665 هەزار ئاوارە هەن، كە سەدا 30یان ئێزیدیین و زیاتر لە نیوەیان خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی پارێزگای نەینەوان، بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم.
كاروان زەكی، لێپرسراوی راگەیاندنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان -سەرپەرشتی دۆسیەی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن- بە (كەركوك ناو)ی وت "لە 13ی تەمموزەوە تائێستا ئێستا 237 خێزان لە شنگالەوە دووبارە گەڕاونەتەوە پارێزگای دهۆك".
بەپێی ئامارەكانی ئەو ناوەندە لە مانگی ئایاری ئەمساڵیشدا دوو هەزار و 230 هاوڵاتی لە ناوچەكانی دیكەی عیراقەوە دوبارە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بونەتەوە، لەبەرانبەردا دوو هەزار و 553 كەس لەو مانگەدا بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی لێكۆڵینەوە لە هۆكاری دوبارە ئاوارەبونەوەی خێزانەكانی شنگال دەكەن، "ئەوان دەڵێن بەهۆی نائارامی بارودۆخی ناوچەكە، نەبونی خزمەتگوزاری و هەلیكارەوەیە" بەوتەی زەكی.
له قهزای شنگال زیاتر له ههشت هێزی چهكداری جیاواز ههن له نێویاندا حهشدی شهعبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یهكینهكانی بهرخودانی شنگال (یهبهشه)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق، پێشمهرگهی ئێزیدخان و پێشمهرگهی سهر بهحكومهتی ههرێم.
ناتق عەلو ئەحمەد، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی شنگال رەتیدەكاتەوە ئاوارەبونەوەی دەیان خێزانی قەزاكە بەهۆی باری ئەمنییەوە بێت و بە ( كەركوك ناو )ی وت "بارودۆخی ئەمنی شنگال باشە و كێشەی نییە، بارودۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی دەزگا ئەمنییەكاندایە، هیچ خێزانێكیش سكاڵای نەبووە هەڕەشەی ئەمنی یان فشاری لەسەربوبێت".
هێرشەكانی حەوت ساڵ لەمەوبەری داعش بۆ شنگال، جگە لەلایەنی ئەمنی، زیانی به كهرتی گشتی گهیاند له نێویاندا وێرانبونی تۆڕهكانی ئاو و كارهبا، روخانی خانوی هاوڵاتیان، خوێندنگه و شوێنە ئاینییەكان، ئەوەش بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو).
وتەبێژی پۆلیس دەڵێت "هۆكاری ئاوارەبونەوەی خەڵك زیاتر لەبەر كەمی خزمەتگوزارییە،.. بەڵام ئێمە دڵنیایی دەدەین كەس فشار لەسەر هاوڵاتیان دروستنەكات و نەبێتە هەڕەشە تا ئاوارەببنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵك خۆی ئازادە دەمێنێتەوە یان دەگەڕێتەوە بۆ كەمپ".
هەردوو حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی كوردستان لە تشرینی یەكەمی 2020دا رێككەوتنی شنگال-یان بۆ رێكخستنهوهی ئیداری، ئهمنی و ئاوهدانی قهزاكه واژۆیانكرد؛ بهڵام هێشتا هیچ خاڵێكی وهك خۆی جێبهجێنهكراوه.
قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچهیهكی جێناكۆكه و لهڕوی ئیدارییهوه سهر پارێزگای نهینهوایه، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.