ئێزیدییەكان توڕەن
یاسای ژنانی رزگاربوو هێشتا نەبۆتە كردار

دهۆك/ 2019/ شادبونه‌وه‌ی كچه‌ رزگاربویه‌كی ئێزیدی رفێنراوی ده‌ستی داعش به‌ كه‌سوكاری له‌ كه‌مپی ئاواره‌یی فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

تەنیا ئومێدی ئەحلام میعە تا بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی، پێدانی ئەو مافانەیە لە یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدیدا جێگیركراون، بۆ ئەوەی ژیانێكی نوێ بۆ خۆی بنیاتبنێت.

ئەحلام ساڵێك لەمەوبەر و وەك خۆی دەڵێت بە ناچاری چۆتە ئەوروپا، بەهۆی نەبونی بژێوی و خراپی گوزەرانیەوە، ئەوەش دوای چەند ساڵێك لە نەهامەتی و دیلیەتی دەستی داعش.

"ئەگەر ئەو یاسایەی هەیە جێبەجێبكرێت، مانگانە موچەم هەبێت و زەوی نیشتەجێبونم پێبدرێت، ئامادەم لەگەڵ منداڵەكانمدا بگەڕێمەوە" ئەحلام میعە (33 ساڵ) وای وت.

ئەحلام خەڵكی كۆمەڵگەی گرزەركەی شنگالە، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018 بە بڕی 20 هەزار دۆلار (دوو دەفتەر) لە شاری دێرەزوری سوریا لە دەست چەكدارانی داعش رزگاری بووە.

"چوار ساڵی پڕ لە ناخۆشی و ئازار بوو لای داعش، دوای رزگاربونیشم هیچ كار و بژێوییەكمان نەبوو، بۆیە كۆچم كرد بۆ ئەڵمانیا" ئەو بە (كەركوك ناو) دەڵێت بەجێهێشتنی ئەوێ پەیوەستە بە پێدانی مافەكانیەوە لە عیراق.

دوای رزگاربونم هیچ كار و بژێوییەكمان نەبوو، بۆیە كۆچم كرد بۆ ئەڵمانیا

یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی، لە ئاداری 20201دا پەرلەمانی عیراق پەسەندیكرد بۆ قەرەبوی ماددی و مەعنەوی رزگاربوانی دەستی داعش، بەڵام هێشتا هیچ رزگاربویەك مامەڵەكانی بەو یاسایە رایینەكراوە و سودمەند نەبووە، لەكاتێكدا ماوەی 90 رۆژ دانراوە تا حكومەت رێكاری و رێنمایی پێویست بۆ جێبەجێكردنی دەربكات.

ئەحلام یەكێكە لەو ئێزییدیانەی چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاساكەیە و توڕەیە لە سستی كارەكانی جێبەجێكردنی "چونكە هەر قسە دەكەن و بە كرداری هیچ نابینین، سەرەتا بەو یاسایە زۆر دڵخۆش بوین، بەڵام خەریكە دەكەوینە گومانە یاساكە جێبەجێبكرێت".

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) چەندین ژن و كچی رزگاربوی دیكەی ئێزیدی نیگەرانییان دەربارەی درەنگكەوتنی جێبەجێكردنی ئەو یاسایە و قەرەبوكردنەوەیان بە كەسایەتی و لێپرسراوانی ئێزیدی گەیاندووە.

campi-mam-rashan
دهۆك، 2019، كه‌مپی مام ره‌شان كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانەكەی ئێزیدین فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

حكومەتی عیراق وەك یەكەم هەنگاو لەو یاسایە، تەمموزی ئەمساڵ، خانمێكی ئێزیدی وەك بەڕێوەبەری چاودێری كاروباری رزگاربوان لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی دانا.

بەپێی یاساكە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گرنگی بە راییكردنی كاروباری ژنانی ئێزیدی و كەمینەكانی تری رزگاربوی دەستی داعش دەدات.

سەراب ئەلیاس، دوای دانانی وەك بەڕێوەبەری چاودێری كاروباری رزگاربوان ئەوكات بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڕێوەبەرایەتییەكەمان هێشتا بارەگای دیاریكراوی نییە، چاوەڕێدەكەین نوسینگەی سەرەكی لە موسڵ یان شنگال بێت".

له‌ یاساكه‌دا پێدانی موچەی مانگانە، پارچه‌یه‌ك زه‌وی نیشته‌جێبون یان شوقه‌ به‌ژنانی رزگاربو جێگیركراوه‌ له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك ناوه‌ندی ده‌رونی بۆ چاره‌سه‌ری رزگاربون و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خانمانه‌ی به‌هۆی رفاندنیانه‌وه‌ له‌ خوێندن دابڕاون.

كارەكانی جێبەجێكردنی یاساكە زۆر سستە

ئەحلام میعە، دایكی دوو كچ و كوڕێكە، دەڵێت لە عیراق منداڵەكانی بەهۆی دابڕانیان لە خوێندن و گەورەبونی تەمەنیانەوە لە خوێندن وەرنەدەگیرانەوە، كە ئەوەش لە یاساكەدا چارەسەری بۆ دانراوە و زۆر كەس لێی سودمەند دەبێت ئەگەر جێبەجێبكرێت.

"خەریكە جارێكیتر بێ هیوا دەبینەوە، تائێستا یەك دینار قەرەبو نەكراوینەتەوە، وادیارە هیچ بەهایەكمان لای لێپرسراوانی عیراق نییە" ئەحلام وای وت، بەهۆی نیگەرانییەكانیەوە دەربارەی جێبەجێنەكردنی یاسای ژنانی رزگاربوو.

بەپێی یاساكە هەموو ژن و كچ و منداڵێكی ئێزیدی و كەمینەكانی دیكەی توركمان، كریستیان و شەبەك لە بڕگەكانی یاساكە سودمەنددەبن.

لە كۆی شەش هەزار و 417 رفێنراوی ئێزیدی، تائێستا سێ هەزار و 550 كەسیان لەدەستی داعش رزگاركراون، لەو ژمارەیە هەزار و 206یان ژنن، لەگەڵ دوو هەزار و پێنج منداڵ لە هەردوو رەگەز، ئەوەش بەپێی دوایین ئاماری نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

kojo 3
نه‌ینه‌وا، 6ی شوباتی 2021، مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی 104 هاوڵاتی ئێزیدی له‌ قوربانیانی ده‌ستی داعش له‌ گوندی كۆجۆی قه‌زای شنگال فۆتۆ: كەركوك ناو

حسێن حەسەن نەرمۆ، پەرلەمانتاری ئێزیدی لە عیراق بە (كەركوك ناو )ی  وت "كارەكانی جێبەجێكردنی یاساكە زۆر سستە، تەنیا كەسێك وەك بەڕێوەبەری گشتی دانراوە، ئێمەش نیگەرانیمان بە لێپرسراوانی لایەنی پەیوەندیدار گەیاندووە".

ئەو پەرلەمانتارە، كە چاودێری جێبەجێكردنی یاساكان بەشێكە لە ئەركە سەرەكییەكانیان، دەڵێت هێندەی تێبنییان كردووە حكومەت هاوكارنین لەوەی یاساكە بەزویی جێبەجێبكرێت و بكرێتە كردار، "رۆیتیناتی زۆر هەیە".

نەرمۆ وتی "سەرۆك كۆماری عیراقیش زۆر نیگەرانە لەو سستییە، چاوەڕواندەكرێت لەم رۆژانەدا بەدواداچون بۆ هۆكارەكانی ئەو سستییە بكات و داوابكات پەلە لە جێبەجێكردنی بكرێت".

دوای حەوت ساڵ حكومەتی عیراق هیچ مافێكی بە رزگاربوان نەداوە

پەسەندكردنی ئەو یاسایە نزیكەی حەوت ساڵ دوای روداوەكانی شنگال هات، كە بەهۆی هێرشی داعشەوە لە 3ی ئابی 2014دا، هەزاران ئێزیدی روبەڕوی كوشتن، رفاندن، ئاوارەیی و نەهامەتی دیكە بونەوە.

"هەوڵێكی باش هەیە لەم رۆژانەدا تا یاساكە جێبەجێبكرێت .. بۆ ئەوەی هەموو ژنانی رزگاربوی دەستی داعش قەرەبوبكرێنەوە و زانیاریشم هەیە حەوت ملیار دینار دابینكراوە" بەوتەی پەرلەمانتارەكەی عیراق.

هەفتەی رابردوو ژمارەیەك كەسایەتی ئێزیدی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كۆمەڵێك داواكارییان رادەستی نەتەوە یەكگرتووەكان و حكومەتی عیراق كردووە لە نێویاندا داوادەكەن بەزوترین كات یاسای ژنانی رزگاربوو جێبەجێبكرێت.

دەروێش چوكی جردۆ، بەڕێوەبەری رێكخراوی تولای تایبەت بە رزگاربوانی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای حەوت ساڵ حكومەتی عیراق هیچ مافێكی بە رزگاربوان نەداوە، بۆیە ئەو یاداشتەمان بە نەتەوە یەكگرتوەكان و حكومەت داوە كە داواكارییەكی سەرەكی ئەوەیە هیچ بیانویەك نەماوە بۆ قەرەبونەكردنەوە و ئەركە لەسەر حكومەت یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی وەك خۆی جێبەجێبكات".

ezidi-13
شێخان/ 2ی ئابی 2021/ مەراسیمی ساڵیادی هێرشەكانی داعش بۆ شنگال لە پەرستگای لالش فۆتۆ: ئەنجومەنی روحانی ئێزیدی

بەپێی یاساكە له‌ دامه‌زراندن حكومیدا ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ رزگاربوان ده‌بێت، بێ مه‌رجی ته‌مه‌ن مافی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خوێندنیان هه‌یه‌.

جەوهەر عەلی بەگ، جێگری میری ئێزیدیان بۆ كاروباری پەیوەندییەكان بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا تۆپەكە لە ساحەی حكومەتی عیراقە دوای پەسەندكردنی یاساكە لەلایەن پەرلەمانەوە، هیچ پێویست بە دواكەوتنی جێبەجێكردنی ناكات، مافی رزگاربوانە هەموو شایستەكانیان پێبدرێت".

"دەیانجار داوامان لە لێپرسراوانی عیراق كردووە یاساكە جێبەجێبكرێت، لە هەموو كۆبونەوەكان و دیداری نوێنەرانی وڵاتانیش باسمانكردووە، تەنیا داواكردن لە دەسەڵاتی ئێمەدایە و میری ئێزیدیانیش بۆ جێبەجێكردنی یاساكە بەردەوام لەهەوڵ و پەیوەندیدایە لەگەڵ لێپرسراوانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن" بەوتەی جەوعەر عەلی بەگ.

یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی روداوه‌كانی ده‌رهه‌ق به‌ ئێزیدی وه‌ك تاوان ناساندووه‌، جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه‌ و 3ی ئابی هه‌موو ساڵێكیشی به‌ رۆژی نیشتمانی بۆ ناساندنی ئه‌و روداوه‌كه‌ دیاریكردووه‌.

دەیانجار داوامان لە لێپرسراوانی عیراق كردووە یاساكە جێبەجێبكرێت

بەپێی ئامارەكانی نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی، هێشتا چارەنوسی دوو هەزار و 763 كەس نادیارە، 104 هاوڵاتی ئێزیدی رفێنراو تەرمەكانیان دۆزراوەتەوە، جگە لەوەی هەر لە رۆژەكانی سەرەتای هێرشەكانی داعشەوە هەزار و 293 كەس كوژراون.

هەروەها 82 گۆڕی بەكۆمەڵی سەردەمی داعش دۆزراونەتەوە، لەگەڵ دەیان گۆڕی تاك، 68 مەزارگەی ئایینی ئێزیدییش تەقێنراونەتەوە.

لە ئامارەكاندا هاتووە؛ لە كۆی لە كۆی 550 هەزار ئێزیدی عیراق، 360 هەزار كەس ئاوارەبون كە زۆرینە خەڵكی قەزای شنگال بون و هێشتا بەشێكیان نەگەڕاونەتەوە، نزیكەی 100 هەزار كەسیشیان بەرەو وڵاتانی دیكە كۆچیان كردووە.

قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ و له‌ڕوی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT