هەڵواسین، لێدان بە دار و كارەبای تێدایە
وردەكاری ئەشكەنجەدان لە زیندانەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان

وێنه‌یه‌كی كێشراو له‌لایه‌ن هیومان رایتس وۆچ-ـه‌وه‌ له‌سه‌ر شێوازێكی ئه‌شكه‌نجه‌ له‌ گرتوخانه‌كانی عیراق

كەركوك ناو

نەتەوە یەكگرتووەكان، لە نوێترین راپۆرتیدا تۆماركردنی چەندین حاڵەتی ئەشكەنجەدان لە شوێنەكانی دەستبەسەركردن و زیندانەكانی عیراق، لە نێویاندا هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات، ئەوەش پاڵپشت بە دانپێدانانی دەیان زیندانی و بەدواداچونی مەیدانی لە ماوەی نزیكەی دوو ساڵدا.

سەرباری قەدەغەكردنی ئەشكەنجەی زیندانی بەپێی دەستور و یاسا كارپێكراوەكانی عیراق، بەڵام راپۆرتەكەی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عیراق (یونامی) و کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ بە ناونیشانی "مافەكانی مرۆڤ لە بەڕێوەبردنی دادپەروەی لەعیراق: مەرجە یاساییەکان و ڕێکارەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەشکەنجە و مامەڵەی نەشیاو" پەردە لەسەر حاڵەتەكانی ئەشكەنجەدان لادەدات.

بەپێی ئەو راپۆرتە كە ئابی ئەمساڵ بڵاوكراوەتەوە، نەتەوە یەكگرتوەكان لە 1ی تەمموزی 2019 تا 30ی نیسانی 2021 چاوپێكەوتنیان لەگەڵ 235 زیندانی، ژمارەیەك لە كارمەندانی زیندانەكان، دادوەر، پارێزەر، كەسوكار زیندانییان و لێپرسراوانی لایەنی پەیوەندیداردا كردووە لە پارێزگاكانی عیراق و هەرێمی كوردستان.

ئەو 235 زیندانییە، لە سەرانسەری عیراقدان، لە نێویاندا 11 ئافرەت و 15 نەجەوان هەبون، كە بەشێكیشیان لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدا ئازادكراون یان لە دادگاییەكانیاندا بێتاوان دەرچون.

زیاتر لە نیوەی ئەو راگیراوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا كراوە "چیرۆکی باوەڕپێکراویان لەسەر ئەشکەنجەدان پێشکەش کردووە"، هەروەها هاتووە "چیرۆكی قوربانییەكان هیچ گومانێك ناهێڵێتەوە لەسەر ئەشكەنجەدان و جۆرەكانی دیكەی مامەڵەی نەشیاو".

mndall-3
خانەى نەوجەوانانى زیندانى تلکێف، وێنەى مانگى 4ی ساڵى 2019 کە لەلایەن (هیومان رایتس وۆچ) ەوە بڵاوکراوەتەوە، نیشانى دەدات کە قەرەباڵغیەکى لەڕادەبەدەر هەیە لە زیندانەکەدا.

 

شێوازەكانی ئەشكەنجەدان

لە راپۆرتەكانی نەتەوە یەكگرتوەكاندا هاتووە شێوازەكانی ئەشكەنجەدان لە زیندانەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان بریتی بون لە "لێدانی پڕ ئازار، بە تایبەتی لە سك و قاچەكان بە دار و كارەبا، هەڵواسین بە بنمیچ و ئیختیناق و هەڕەشەی توند".

16 كەس لەوانەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كراوە، لە نێویاندا ئافرەتێك و كوڕێك، باسیان لەوكردووە روبەڕوی توندوتیژی سێكسی بونەتەوە لەكاتی لێكۆڵینەوەدا، جگەلەوەی بەكارەبا ئازاردراون، "شوشە و دار خراوەتە ئەندامی زاوزێیان".

نەتەوە یەكگرتوەكان ناسمانەی قوربانییەكانی بە نهێنی هێشتۆتەوە، لە ترسی تۆڵەسەندنەوە، بەڵام هەڵسەنگاندن و بەدواداچونی بۆ قسەكانیان كردووە، لە كۆی 235 كەس 122كەسیان بە تەواوی پشڕاستبۆتەوە ئەشكەنجەدراون، هەر چیرۆكێكیش پشڕاستنەكرابێتەوە ئەوا لە راپۆرتەكەدا پشتی پێنەبەستراوە.

"شتەكان زۆر دوبارە دەبونەوە، هەمو رۆژێك دەیانبەستمەوە و لێیاندەدام، هەندێك شتیان لەگەڵ كردوم لەڕوم نایەت باسیان بكەم، بەڵام دەمەوێت یەك شتتان پێبڵێم كە دوجار وایانلێكردوم لەسەر بوتڵ دابنیشم" وتەی یەكێك لەو زیندانییانەی بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان قسەی كردووە.

دوجار وایانلێكردوم لەسەر بوتڵ دابنیشم

نزیك بە نیوەی دۆسیەكانی ئەشكەنجەدان و مامەڵەی نەشیاو لە زیندان و شوێنەكانی دەستبەسەركردنی هەرێمی كوردستان بون.

27 زیندانی وتویانە روبەڕوی لێدانی زلە، جنێو، سوكایەتی و هەڕەشە بونەتەوە، بەڵام 43 زیندانی دیكە دەڵێن بینیویانە كەسانی تر ئەشكەنجەدراون.

"ناخۆشترین رۆژانی ژیانم بون، هەر كە گەیشتمە ئەوێ ئەفسەرێك بە بۆری ئاسن لێیدام و دوو وایەری كارەبایان لێدام، لە هەفتەی دوەمی دەستگیركردنمدا بە چنگانەوە دایاننام و بە بۆرییەكەوە بەستیانمەوە تا نەتوانم هەستمەوە، دواتر بە شتێكی رەق لە بنی پێیان دەدام كە زۆر بە ئازار بوو، وایكرد ببورێمەوە، دوای ئەوەی بە ئاگا هاتمەوە بینیم گیراوەكانی تر لەسەر سەرمن و سنگم دەشێلن بۆ بوژانەوەم" چیرۆكی یەكێك لە دەستبەسەركراوان بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان.

زۆرینەی دۆسیەكانی ئەشكەنجەدان لە شوێنی دەستبەسەركردنی ژێر دەسەڵاتی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و دەزگا ئەمنییەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عیراق بون.

"لە دواوە دەستەكانیان بەستم و هەڵیانواسیم بە بنمیچەوە، پرسیاریان لێنەكردم، تەنیا هاواریان دەكرد كە دانپێدانان بكەم" یەكێك لە زیندانییەكان وادەڵێت.

زۆرینەی دەستگیركراوان دەڵێن ئەشكەنجە و مامەڵەی نەشیاو بۆ فشار بووە تا دانپێدانانیان لێوەربگرن و دوای ئەوە ئەشكەنجەدان وەستاوە.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەداوە چەندین حاڵەتی دیكەش بە جۆرێك لە مامەڵەی نەشیاو و ئەشكەنجە دادەنرێن لەوانە نەبونی خزمەتگوزاری پزیشكی، ئاو و بردنە بەر هەتاو، قەرەباڵغی زۆر و كەمی پاكوخاوێنی.

zindan
نه‌ینه‌وا، یه‌كێك له‌ شوێنه‌كانی ده‌ستبه‌سه‌ركردن له‌ موسڵ فۆتۆ: ئه‌رشیفی كه‌ركوك ناو

 

سكاڵاكان پشتگوێدەخرێن

نەتەوە یەكگرتوەكان دەڵێت لە كاتێكدا سكاڵاكردن دژی ئەشكەنجەدان و مامەڵەی نەشیاو هۆكارێكە بۆ رێگری لەو حاڵەتانە و دوبارە بونەوەیان، بەڵام ئەوانەی سكاڵایان كردووە، دۆسیەی زۆربەیان پشتگوێخراون.

"لەوكاتەی سكاڵام دژی پۆلیس كرد، شوێنی لێدان لەسەر جەستەم هەبوو، بەڵام زۆری پێچوو تا سكاڵاكەیان لەبەرچاوگرتم و برینەكان سارێژبون" بەندكراوێك وای وت.

بەپێی راپۆرتەكە 53 كەس لەوانەی چاوپێكەوتنیان لەگەڵدا كراوە سكاڵایان دژی خراپی مامەڵەكردن و نیگەرانییەكانیان گەیاندۆتە دادوەری لێكۆڵینەوە، كە 43 كەسیان برین بە جەستەیانەوە هەبووە، بەڵام تەنیا چوار كەسیان زانیویانە بەدواداچون بۆ سكاڵاكانیان كراوە و لەوانەش سێ كەس لە ئەنجامدەران بەوهۆیەوە غەرامە كراون.

بەشێك لە زیندانییەكان دەڵێن ترسیان لە تۆڵەسەندەوە ئەگەر سكاڵا بكەن لەوانە گەڕاندنەوەیان بۆ هەمان شوێنەكانی پێشوو.

"پێشێلكاران لە پێشهاتەكانی ئەشكەنجەدان ناترسن، چونكە دەزانن كە روبەڕوی سزادان نابنەوە" پارێزەرێك بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان وادەڵێت.

تا سكاڵاكەیان لەبەرچاوگرتم و برینەكانم سارێژبون

بەپێی ئامارێكی ئەنجومەنی دادوەری عیراق لە ساڵی 2020دا، هەزار و 406 سكاڵایان بەدەست گەیشتووە دەربارەی ئەشكەنجەدان و مامەڵەی نەشیاو لە زیندان و ناوەندانی راگرتندا.

دەستوری عیراق، دەستگیركردنی نایاسایی و هەموو جۆرە ئەشكەنجەدانێكی دەرونی و جەستەیی قەدەغە كردووە.

هەروەها بەپێی ماددەی 333ی یاسای سزادانی عیراقی، ئەشكەنجەدان تاوانە و سزای توندی لەسەرە.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە زۆربنەی زیندانییان دەڵێن لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا پارێزەریان نەبووە، یان رێگەنەدراوە پارێزەرەكانیان ئامادەبن و بەشێكی زۆریشیان لە رۆژی دادگاییەكەیدا پارێزەری بۆ دابینكراوە.

لەكاتێكدا بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی عیراق پێویستە لە كاتی لێكۆڵینەوەدا پارێزەری تۆمەتبار ئامادەبێت.

بەوتەی زیندانییەكان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كراوە نەك دادوەری لێكۆڵینەوەوە.

ژمارەیەك پارێزەریش، كە بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان قسەیان كردووە، دەڵێن روبەڕوی بەربەست و رێگری بونەتەوە بۆ ئامادەبونیان لە دانیشتنی لێكۆڵینەوەدا.

نابێت هیچ بارودۆخێك بکرێت بە پاساو بۆ ئەشکەنجەدان 

 

راسپاردەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان

نەتەوە یەكگرتوەكان زنجیرەیەك راسپاردە پێشكەشی هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان دەكات، بۆ قەدەغەكردنی ئەشكەنجەدان و مامەڵەی نەشیاو، لەگەڵ راهێنان و پێداچوونەوە بە یاساو سیاسەتەکان، لە نێویشیاندا ڕیساو پەیڕەوکردنی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە.

جینین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عیراق دەڵێت "نابێت هیچ بارودۆخێك بکرێت بە پاساو بۆ ئەشکەنجەدان".

لە راسپاردەكاندا داوای بەرجەستەكردنی یاسایەكی دژەتیرۆری تۆكمە و پلانێكی نیشتمانی دەكرێت كە هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی مافەكانی مرۆڤ و پەیماننامەی دژە ئەشكەنجە.

هەروەها هاتووە پێویستە ئەو یاسایانە دابنرێن كە دڵنیایی دەدەن دەربارەی تەبایی بارودۆخی زیندانەكان لەگەڵ یاسا جیهانییەكانی مافەكانی مرۆڤ، لەگەڵ پەسەندكردنی پەیماننامەی دژە ئەشكەنجە و مامەڵەی دڵڕەقانە، دڵنیابونەوە لەوەی دەستگیركردن لایەنی دەسەڵاتدار بەپێی یاسا ئەنجامی دەدات.

داوای ئەوەشكراوە بانگەشەی ئەشكەنجەدان و مامەڵەی نەشیاو بەشێوەیەكی ورد و بێلایەن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە لێكۆڵینەوە و بەدواداچونی بۆ بكرێت.

زیندانییان مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەموو مافەكانی دیكەیان پێبدرێت.

دانیاڵ بێڵ، لێپرسراوی نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ لە نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عیراق (یونامی) دەڵێت "دەرکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی کارا بۆ بەتاوانکردنی ئەشکەنجە ... دەکرێت ببێت بە هەوێنی چارەسەرکردنی نەبونی پرساندنی بەردەوام بۆ ئەنجامدەرانی کاری ئەشکەنجە".

kazamy
بەغداد/ 30ی تەمموزی 2020، سەردانی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ یەكێك لە زیندانەكان فۆتۆ: ئەنجومەنی وەزیران

 

حكومەت وەڵامدەداتەوە

هەردوو حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی كوردستان وەڵامی بەدواداچون و لێكۆڵینەوەكانی نەتەوە یەكگرتوەكانیان داوەتەوە، جگە لەرەتكردنەوەی بەشێك لە تۆمەتەكان، بەڵێنی چارەسەری كێشەكان دەدەن و ئامادەیی خۆیان بۆ روبەڕوبونەوەی ئەشكەنجەدان نیشاندەدەن.

وەزارەتی دادی عیراق لە وەڵامی راپۆرتەكەدا دەڵێت پرۆژەیەك بۆ روبەڕوبونەوەی ئەشكەنجەدان هەیە و هێشتا رەوانەی پەرلەمان نەكراوە، دەشڵێت دەسەڵاتی جێبەجێكردن هیچ رۆڵێكی لە رێكارەكانی لێكۆڵینەوەدا نییە و ئەو دەسەڵاتە تەنیا لای ئەنجومەنی دادوەرییە.

هەروەها باس لەوەدەكات رێكارەكانی دیكەی نێو زیندان بەپێی یاسا و رێنماییەكان بون، لە مۆڵەتی سەردانیكردنی كەسوكاری دەستگیركراو، شوێنی مانەوە، خزمەتگوزاری پزیشكی و كاتی راگرتنی پێش دادگاییكردن.

وەزارەتی داد دەڵێت لیژنەیەك لە ئەنجومەنی دادوەری پێكهێنراوە بۆ پێداچونەوە بە یاسا بەركارەكان و گونجاندنیان لەگەڵ پێوەرەكانی مافەكانی مرۆڤ.

لیژنە بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكاری و بانگەشەی ئەشكەنجەدان هەیە بەڵام بەشێكی راپۆرتەكە پێویستی بە كاتی زیاترە بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچون و دەرخستنی راستییەكان، وەك وەزارەت ئاماژەی پێدەكات.

داوا لە نەتەوە یەكگرتوەكان دەكەین بە وردی ئەو شوێنانە بۆ دیاریبكات كە بانگەشەی ئەنجامدانی ئەشكەنجەدانی تێدایە

نوسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش جگە لە رەتكردنەوە ژمارەیەك تۆمەت، ئاماژە بە هەنگاوەكانی حكومەت لە پێناو چاكسازی و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ دەكات.

هەروەها هاتووە حكومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ هەماهەنگی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و پابەندی خۆی نیشاندەدات بە سەپاندنی هەر رێكارێك و لێنەبوردن بەرانبەر ئەشكەنجەدان لە هەرێم.

حكومەتی هەرێم داوا لە نەتەوە یەكگرتوەكان دەكات بە وردی ئەو شوێنانەی بۆ دیاریبكات كە بانگەشەی ئەنجامدانی ئەشكەنجەدانی تێدایە، ئەوەش هاوكارییان دەكات تا رێكاری سزایی دژی ئەنجامدەرانی ئەشكەنجە بگرنەبەر.

لە راپۆرتی نەتەوە یەكگرتوەكاندا هاتوە تا تشرینی دوەمی ساڵی 2020 بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی دادی عیراق 39 هەزار و 518 زیندانی هەبون لە نێویاندا دوو هەزار و 115 ئافرەت، كە زیاتر لە 11 هەزاریان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، جگە لەوەی لە ساڵی 2019دا هەزار و 464 زیندانی نەجەوان هەبون كە زۆرینەیان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركراون.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمیش تا ئایاری 2021، لە زیندانەكانی هەرێم پێنج هەزار و 324 زیندانی پیاو هەبون، لەگەڵ 90 ئافرەت و 106 نەوجەوان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT