كانی پیرا خای؛ سەرچاوەی سەرەكی ئاوی چیای شنگال وشكدەكات

نەینەوا/ تەمموزی 2021/ كانی پیرا خای، سەرچاوەی سەرەكی ئاوی پاك لە چیای شنگال وای وشكبونی فۆتۆ: داود عەلی

عەمار عەزیز – نەینەوا

كانی پیرا خای، گەورەترین و سەرەكیترین سەرچاوی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لە چیای شنگال وشك دەبێت، بەهۆی بێبارانی و بەرزی پلەكانی گەرماوە، ئەوەش زیانی بە هاوڵاتیان و كشتوكاڵی ناوچەكە دەگەیەنێت.

لە كۆتاییەكانی مانگی رابردودا، كانی پیرا خای لە چیای شنگال بە تەواوی وشكبووە، كە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە و كشتوكاڵی چەند گوندێكی چیاكە بووە، بە تایبەت توتن.

"تاكە سەرچاوەی دابینكردنی ئاوی ئێمە پیرا خای بوو، بە داخەوە وشك بووە، لەكاتێكدا دەبوو بەردەوام ئاوی توتن بدەین و وائێستا بەهۆی بێ ئاوییەوە بەشێكی زۆری بەرهەمەكانمان خراپ بون" حەجی خەڵەف دەروێش، دانیشتوی گوندی كولكا بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەو گوندە دەكەوێتە چیای شنگال، پەنجا مەتر لە كانییەكەوە دورە و دانیشتوانەكەی بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە بەرهەمهێنانی توتن دەبەستن.

حەجی دەڵێت دەیان ساڵە لەسەر ئاوی كانیاوەكە توتن دەكات و هیچ كاتێك بەوشێوەیە وشك نەبووە، "داواكارین یان قەرەبووی زیانەكانمان بكرێتەوە یاخود سەرچاوەیەكی دیكەی ئاومان بۆ دابینبكرێت".

hanjir
نەینەوا/ تەمموزی 2021/ بەرهەمی هەنجیری چەند گوندێكی چیای شنگال بەهۆی وشكبونی سەرچاوەی دابینكردنی ئاوەوە لەناوچون فۆتۆ: داود عەلی

چیای شنگال، كه‌ ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانه‌ له‌ سنوری نێوان عیراق و سوریا له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا، ده‌یان گوندی كۆن و شوێنی ئایینی تێدایه‌، له‌ 2014دا بوو به‌ په‌ناگه‌ی هه‌زاران ئێزیدی كه‌ له‌ ده‌ستی داعش هه‌ڵاتبون.

هەر ئەو كانییە لەكاتی هەڵاتنی ئێزیدییەكاندا سەرچاوەیەكی سەرەكی دابینكردنی ئاو و رزگاركردنی هاوڵاتیان بووە لە تینوێتی.

داود عەلی خەڵەف، دانیشتوی گوندی كەرسێ لە چیای شنگال، ئەمساڵ سێ دۆنم توتنی هەیە لەگەڵ 150 داری هەنجیر، كە سەرچاوەی ئاودانیان كانی پیرا خای بووە، "توشی زیانێكی گەورە بوین، ماندوبونی ئەمساڵمان بە فیڕۆ دەچێت، ئەو كانییە سەرچاوەی ئاوی كشتوكاڵی سەروو سەد خێزان بوو".

جوتیارەكانی شنگال نازانن بەدیاریكراوی زیانەكانیان چەندە بەهۆی ئەوەی هێشتا ماوەیەكی كەم بەسەر وشكبونی كانییەكەدا تێپەڕبووە و كشتوكاڵ و بەرهەمەكانیان بە تەواوی وشك نەبون.

لە زستانی رابردودا رێژەی بارانبارین بەراورد لە ساڵانی پێشتر لە نەینەوا و زۆربەی ناوچەكانی دیكەی عیراق كەم بووە و وشكەساڵی رویداوە.

"چەند كانییەكی تر هەن لە چیای شنگال، بەڵام زۆر بچوكن و ئاوی زۆریان لەبەر ناڕوات" بەوتەی داود عەلی.

سەرچاوە لاوەكییەكانی دیكەی دابینكردنی ئاو بۆ چیای شنگال كانی بچوك و بیری ئاو و بردنی ئاوە بە تانكەر لە ناوچەكانی دیكەوە.

chyayshngal
نه‌ینه‌وا، 2018، سه‌رده‌شتی چیای شنگال كه‌ دوای هێرشه‌كانی داعش ژماره‌یه‌كی زۆر ئێزیدی تێدا نیشته‌جێ بون فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

بەرەكات عیسا، بەڕێوەبەری هۆبەی چاندن لە ناحیەی سنونێی شنگال –چیای شنگال لەڕوی كارگێڕییەوە سەر بە سنونێیە- بە (كەركوك ناو)ی وت "پیرا خای، بە گەورەترین كانی دادەنرێت لە ناوچەكەدا، ئاوی زۆری لەبەر دەڕوات، بەداخەوە وشك بووە و هۆكارەكەیشی كەمی بارانبارینە لەگەڵ هەڵكەندنی بیری ئاو بەشێوەیەكی نازانستی لە نزیك و دەوروبەری كانییەكە".

تەنیا لە سنوری ناحیەی سنونێ لە چەند مانگی رابردودا چوار كانی دیكەی كە سەرچاوەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بون وشكیان كردووە، بەوتەی عیسا.

"تاكە چارەسەر دروستكردنی بەنداوە" بەرەكات عیسا دەشڵێت داوای قەرەبوكردنەوەی زیانلێكەوتوانی وشكەساڵی و دابینكردنی سەرچاوەی دیكەی ئاویان بۆ گوندەكانی چیای شنگال كردووە.

هەروەها وتی هەر لەو كانیاوەوە بە تانكەر ئاو بۆ چەندین شوێنی دیكەی چیاكە رەوانە دەكرا و "پیرا خای، سیمبولی چیا بوو، رۆڵی هەبوو لە رزگاركردنی هەزاران ئاوارەی ئێزیدی لە تینوێتی كاتێك لە داعش هەڵاتن".

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئاواره‌ی ئێزیدی، له‌ سه‌روبه‌ندی هێرشه‌كانی داعش رویانكرده‌ چیای قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ) و هێشتا سه‌دان خێزان له‌ هەردوو كەمپی (چیای شنگال و سەردەشت) ماونەتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT