بەرەی توركمانی، پەردە لەسەر دیارنەمانی ژمارەیەك ئامێری بایۆمەتری تۆماری دەنگدەران لادەدات و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش رەتیناكاتەوە، بەڵام دەڵێت نوێ نییە و ئەو دۆسیەیە "بە رەسمی" داخراوە.
وروژاندنی ئەو دۆسیەیە لەلایەن بەرەی توركمانییەوە، لە كۆبونەوەی سەرۆكی حزبەكاندا بووە بە ئامادەبونی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كە درەنگانی شەوی شەممە 7ی ئابی 2021 دەربارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان لە بەغدا بەڕێوەچوو.
لە كۆبونەوەكەدا حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی جەختیكردۆتەوە لەوەی ژمارەیەك ئامێری بایۆمەتری تۆماری دەنگدەران لە كەركوك دیارنەماون، ئەوەش بەپێی بەیاننامەی ئەو حزبە.
تۆران داواشی لە كۆمسیۆن كردووە "دڵنیایی بدات كە هیچ ناوێك بۆ تۆماری لیستی دەنگدەرانی ئامێرە ونبوەكان زیاد ناكرێت".
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، ئامێری بایۆمەتری بەكاردەهێنێت بۆ تۆماركردنی زانیارییەكانی دەنگدەر و وەرگرتنی پەنجەمۆر و خوێندنەوەی باركۆدی سەر كارتی دەنگدان.
نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەڵێت ئەو دۆسیەیە بۆ ساڵی 2018 دەگەڕێتەوە و تەنیا چوار ئامێر دیارنەماون.
"چوار ئامێری بایۆمەتری دیارنەمان، لەسەروبەندی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە ساڵی 2018دا لە بەردەم كۆگاكنی كۆمسیۆنی كەركوك لە نزیك بازگەی عەلوە لە گەڕەكی واستی" بەوتەی لوئەی ئەركان، بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ (كەركوك ناو).
هەروەها رونیكردەوە لەو رۆژەدا چوار ئامێری بایۆمەتری و ئامێری دیكەی وەك تەلەفۆن دیارنەمان، هەر ئەوكات نوسینگەی سەرەكی كۆمسیۆن بە نوسراوێكی رەسمی ئاگاداركراوەتەوە و دوو لیژنە بۆ گەیشتن بە راستییەكان پێكهێنراوە، یەكەمیان لە كۆمسیۆن و دوەمیان لە دەستەی نەزاهەوە.
لوئەی ئەركان كە دوو مانگە بۆتە بەڕێوەبەری ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆن دەڵێت دۆسیەی دیارنەكانی ئامێرەكانی بایۆمەتری "بەشێوەیەكی رەسمی" لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە داخراون.
ئەو لە بەهای دیارنەمانی ئەو چوار ئامێرە و كاریگەری بۆ سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان كەمكردەوە و وتی "ئامێرەكان پێویستیان بەوەیە جارێكیتر بەرنامەسازی بكرێن و فێرژنەكانیان نوێ بكرێتەوە تا بتوانرێت كاریان پێبكرێت"، جەختیشیكردەوە كۆمسیۆن كاركردنی بەو چوار ئامێرە راگرتووە و بەرنامەكانیانی پەكخستووە.
بەرەی توركمانی جگە لەو دۆسیەیە، لە هەفتەكانی رابردوشدا ئەو حزبە لەگەڵ هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك چەندجارێك ناڕەزاییان دژی گۆڕانكارییەكانی كۆمسیۆن لە پارێزگاكە دەربڕی.
كۆمسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكان له عیراق، 2ی حوزهیرانی 2021 زنجیرهیهك گۆڕانكاری له پۆسته ئیدارییهكانی ئۆفیسی كهركوكیدا كرد لەوانە لابردنی سهوسهن تهیب لە پێكهاتەی كورد و دانانی لوئهی ئهركان كاكەیی له پۆستی بهڕێوهبهری ئۆفیسی كهركوكی كۆمسیۆن، لەگەڵ گۆڕینی لێپرسراوی بهشهكانی راگەیاندن، تۆماری دەنگدەران، راهێنان، خزمەتگوزاری، بەشی حزبەكان و كاروباری كاندیدەكان، دارایی، یاسایی و كارگێڕی لە پێكهاتە جیاوازەكانی شارەكە.
گۆڕانكارییەكان هاوكاتە لەگەڵ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021دا بەڕێوەبچێت.