ڤینۆسی ئێزیدی
لە كەمپی ئاوارەییەوە بۆ كەمپی پەناهەندەیی لیتوانیا

فۆتۆ: رێكخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان (UNHCR)

عەمار عەزیز

دوو رێگە لەبەردەم كچە ئێزیدی، ڤینۆس حەسەن و خوشكەكەیدایە، کە لە كەمپێكی هاوشێوەی زینداندا لە لیتوانیا گیریانخواردووە؛ یان دەبێت بگەڕێنەوە بۆ عیراق، یان لە كەمپەكەدا لە برسا بمرن. سەرەڕای ئەو بارە لارەش، ڤینۆس عەوداڵی دۆزینەوەی رێگەی سێیەمە.

ڤینۆس(29ساڵ)، خوشكەكەی و لانیكەم 300 کۆچبەری عیراقی لەلایەن پۆلیسی لیتوانیاوە دەستگیركراون و خزێنراونەتەوە ناو كەمپی زۆرەملێوە؛ خواردن و جلوبەرگیان بەپێی پێویست نییە و بە كولەمەرگی دەژین.

ئەو خەڵكی ناوەندی شنگالە لە پارێزگای نەینەوا، بەڵام حەوت ساڵە لەگەڵ خوشكەكەیدا بە تەنیا لە كەمپی ئیسیانی دهۆك دەژین، دوای ئەوەی داعش هێرشیكردە سەریان و ئاوارەبون.

باوك و دایك و برایەكی ڤینۆس لەگەڵ سەرهەڵدانی داعشدا خۆیان گەیاندە ئەڵمانیا، بەڵام ئەو و خوشكەكەی لە خێزانەكەیان دابڕابون و بە تەنیا لە خێوەتێكی كەمپی ئیسیاندا دەژیاین.

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەو دوو خوشكە بڕیاردەدەن ئەوانیش عیراق بە جێبهێڵن، "بێزاربوین لە ژیانى کەمپ، كارمان نەبوو، هاوكاری بۆ ئاوارەكان زۆر كەمبۆوە زۆر بێهوابوین... ماوەیەك لەگەڵ رێكخراوێكدا كارمدەكرد و هەندێك پارەم دەستكەوت و بڕیارماندا كۆچ بكەین".

لە 30ی ئایاردا، دوای سۆراغ و پرسیاركردن لەگەڵ هەندێك لەوانەی "زانیارییان هەیە" دەربارەی رێگاكانی گەیشتن بە ئەوروپا و قاچاخچێتی، رێكدەكەون بچنە بیلاڕوسیا، تا لەوێوە بچنە لیتوانیا و دواتر بۆ وڵاتانی تری ئەوروپا.

froka-3
بەغدا/ 10ی ئابی 2021/ ئەو فڕۆكەیەی 240 كۆچبەری عیراق لە سنورەكانی بیلاڕوسیاو لیتوانیاوە بۆ عیراق گەڕاندەوە. فۆتۆ: هێڵی ئاسمانی عیراقی

"سەرەتا چوینە بەغدا، دوای دوو رۆژ بە فڕۆكە گەیشتینە بیلاڕوسیا، سێ رۆژ لەوێ بوین و رۆژی 5ی حوزەیران بە ئۆتۆمبێل چوینە سنوری لیتوانیا... لەوێ دابەزین و بە دارستانێكی چڕدا و بەپێ بەناو خاكی لیتوانیادا رۆیشتین، تا لەنزیك گوندێكی ئەو وڵاتە پۆلیس دەستگیریكردین"، ڤینۆس وایوت.

لەو گەشتەدا ژمارەیەك خەڵكی تری عیراق لەگەڵیاندا بون.

ڤینۆس كە بەتەلەفون قسەی لەگەڵ (كەركوك ناو)دا دەكرد، وتی "زیاتر لە شەش کاتژمێر پۆلیس لێکوڵینەوەی لەگەڵدا كردوین و دواتر كردیانینە ناو خوێندنگەیەكی ئەو وڵاتەوە".

زیاتر لە دوو مانگە ڤینۆس و خوشكەكەی لەناو ئەو كەمپەدا بە كولەمەرگی دەژین، "رۆژانە خواردنێكی كەممان پێدەدەن و برسێتیمان ناشكێ، جگە لەوەش زۆر ناخۆشە و پێی رانەهاتوین، 10 رۆژ مۆبایلیان لێسەندین و هیچ پەیوەندییەكمان بە كەسوكارمانەوە نەما".

لەو كەمپەدا، لە كۆی 300 كۆچبەر، 80یان ئێزیدین، 50یان ژن و منداڵن، ئەوەش بەپێی وتەی ڤینۆس. ئەوانەی تریش زۆربەیان هەر عیراقین، بەڵام زیاتر عەرەبن، لەگەڵ كۆچبەری شیشانی.

لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە شەپۆلێكی كۆچكردن لە عیراقەوە بەرەو بیلاڕوسیا و لیتوانیا دەستیپێكردوە بە ئامانجی گەیشتن بە ئەڵمانیا و هۆڵەندا و چەند وڵاتێكی تری ئەوروپا، بەڵام لە لیتوانیا دەستبەسەردەكرێن و دەخرێنە كەمپەوە.

دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە فشاردەكەن تا كۆچبەرەكان بگەڕێنرێنەوە وڵاتی خۆیان، بەو هۆیەشەوە، لە كەمپەكان خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ دابینناكەن.

ڤینۆس و خوشكەكەی، تا ئێستا 13 هەزار و 600 دۆلاریان خەرجكردووە و دەڵێن بەهیچ شێوەیەك نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ عیراق و دەیانەوێت بگەنە وڵاتانی تری ئەوروپا.

ئێزیدییەكان لە 2014 بەهۆی هێرشی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) روبەڕوی كۆمەڵكوژیی، رفاندن و ئاوارەبون بونەوە، شه‌ش هه‌زار و 417 ئێزیدی رفێنران و له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ دوو هه‌زار و 700 كه‌سیان چاره‌نوسیان نادیاره‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

ڤینۆس وتی "چەند رۆژێک لەمەوبەر لێپرسراوێكی ئەو وڵاتە هاتە كەمپەكە و وتی هەموتان دەبێت بگەڕێنەوە وڵاتى خۆتان... ئێمە داوا لە لێپرسراوانی عیراق دەكەین كاربكەن بۆ رزگاركردنمان لەم كەمپە".

kochbarrr
فۆتۆ: رێكخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەكگرتووەكان (UNHCR)

ئەیاز شەرەف  (25ساڵ)، یەكێكی ترە لەو گەنجە ئێزیدییانەی لە كەمپێكی ئەو وڵاتە دەستبەسەرە، دوای ئەوەی لە 23ی تەمموز خۆی گەیاندە لیتوانیا.

شەرەف خەلەف، باوکى ئەیاز، وتی "چەند ساڵێکە وازى لە خوێندن هێناوە، هیچ كارێكی نەبوو... لە ژیانی كەمپ بێزار ببوو؛ هەموو كات دەیوت، عیراق ئایندەی نییە و دەچمە ئەوروپا"، شەرەف كە لە كەمپی ئیسیان دەژیت، زیاتر وتی "كوڕەكەم لەگەڵ چەند هاوڕێیەكیدا گەیشتە لیتوانیا و ئێستا لەگەڵ 300 كەسدا خراونەتە كەمپێكەوە".

ئەو لە باسی كوڕەكەیدا دەڵێت "شوێنی مانەوەیان زۆر ناڕەحەتە، خواردنیان باش نییە... لە هەموشی ناخۆشتر چارەنوسیان نادیارە... كوڕەكەم دەیەوێت بچێتە هۆڵەندا یان ئەڵمانیا".

چالاكوانانی ئێزیدی داوادەكەن، ژیانی رۆڵەكانیان بپارێزرێت لەڕێی دابینكردنی ژیانێكی شایستە و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان لە عیراق تا كۆچ نەكەن.

خالد تەعلو، چالاکوانی ئێزیدی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێزیدییەکان بە تەواوى بێ هێوابون لەكاربەدەستانی عیراق، بۆیە ئایندەى ئێزیدى لە عیراق نەماوە... رۆژانە گەنجی ئێزیدی كۆچ دەكەن و كەمپەكان بەجێدەهێڵن".

بەڵام هەرمان میرزا بەگ، جێگرى میرى ئێزیدییان، پێیوایە گەنجانی ئێزیدی كەوتونەتە داوی چەند قاچاغچییەك و فێڵیان لێدەكرێت، بۆیە داوا لە لێپرسراوانی عیراق دەكات كار بۆ دەستگیركردن و سزادانی قاچاخچییەکان بكات.

هەرمان وتی "قاچاخچییەكان دەڵێن رێگای كۆچ هیچ كێشەی نییە؛ لێرەوە بە فڕۆكە دەڕۆن و لەوێش چەند رێگایەكی كەم بەپێ دەبڕن و دەگەنە ئەو وڵاتەی خۆتان دەتانەوێت... من ناوى چەند قاچاخچییەکم داوەتە دەزگا پەیوەندیدارەکان تا چیتر رێگا نەدەن فێڵ لە خەڵک بکەن و بەو شێوەیە و لەسەر حسابی گەنجەكانمان خۆیان دەوڵەمەند بكەن و ژیانی ئەوانیش وێران بكەن".

ناوى چەند قاچاخچییەکم داوەتە دەزگا پەیوەندیدارەکان تا چیتر رێگا نەدەن فێڵ لە خەڵک بکەن و بەو شێوەیە و لەسەر حسابی گەنجەكانمان خۆیان دەوڵەمەند بكەن و ژیانی ئەوانیش وێران بكەن

جەختیشیكردەوە "من ئاماری 70 ئێزیدیم لایە كە لە لیتوانیا گیریان خواردووە، دۆخى ئەوان لەهەموو رویەکەوە زۆر خراپە و نایەڵن لە خوێندنگەكە بێنە دەرەوە و وەكو زیندان وایە".

پێناچێت بۆ ڤینۆس و خوشكەكەیی و هەزارانی تر رێگای سێیەم  (گەیشتن بە وڵاتی دڵخوازی خۆیان) ئاسان بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی شەوی رابردوو 10ی ئاب، فڕۆكەیەكی هێڵی ئاسمانی عیراقی 240 كۆچبەری عیراقی لە سنورەكانی بیلاڕوسیا و لیتوانیاوە بۆ بەغدا گەڕاندەوە.

بەپێی راگەیەنراوێكی هێڵی ئاسمانی عیراقی، ئەو 240 كۆچبەرە لەگەڵ تەرمی گەنجێكی عیراقی لە سنورەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە گیریانخواردبوو، شەوی رابردوو گەیشتنەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT