سەردانەكەی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا روبەڕوی رەخنە دەبێتەوە، بەهۆی "پەراوێزخستن"ـی پێكهاتەی ئێزیدی و هاوكارینەكردنی پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی موسڵ.
ماكرۆن یەكشەممە 29ی ئابی 2021 سەردانی موسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوای كرد، لە كڵێسای ساعە كە داعش دوای دەستبەسەرداگرتنی شارەكە لە 2014دا تەقاندیەوە چاوی بە نوێنەرانی كریستیان كەوت، دواتر شوێنەواری خاپوركردنی مزگەوتی نوری و منارەی مێژویی حەدبای بەسەركردەوە كە ئێستا بنیاتدەنرێنەوە.
دورخستنەوەی پێكهاتەی ئێزیدی
"هەرچەندە ئێزیدییەكان بەشێكی رەسەنن لە عیراق بەڵام لەلایەن سەرۆكی فەرەنساوە پشتگوێخران و دورخرانەوە" بەوتەی جەوهەر عەلی بەگ، بریكاری ئەمیری ئێزیدییان لە عیراق و جیهان بۆ (كەركوك ناو).
"ماكرۆن پێكهاتەی ئێزیدی پەراوێزخست، بەڵێنەكانی نەبردە سەر بۆ سەردانیكردنی شنگال و رەمزەكانی ئێزیدی لە ئەمیر و ئەنجومەنی رۆحانی و هەموو پیاوانی ئایینی و ئێزیدییەكانی بە گشتی پشتگوێخست".
ماكرۆن ئێزیدییەكانی پەراوێزخست و بەڵێنەكەی بۆ سەردانیكردنی شنگال نەبردەسەر
جەوهەر عەلی بەگ دەڵێت ئێزیدییەكان "بە پەرۆش" بون بۆ سەردانەكەی سەرۆكی فەرەنسا و "هیوایان" لەسەر هەڵچنی بوو، بەڵام توشی شۆك بون بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكەیەوە بۆ شنگال.
هەندێك میدیای عیراقی لە سەرچاوەی جیاوازەوە بڵاویانكردەوە هەڵوەشاندنەوەی سەردانی ماكرۆن بۆ شنگال بەهۆی مەترسی بۆردومانی توركیاوە بووە بەڵام هیچ رونكردنەوە و راگەیەندراوێكی رەسمی لە حكومەتی عیراقی لەوبارەیەوە بڵاونەبۆتەوە.
توركیا بە پاساوی راوەدونانی چەكدارانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەمساڵدا زیاد لە جارێك بۆردومانی ناوچە جیاوازەكانی شنگالی كردوە.
سەرۆكی فەرەنسا رۆژی شەممە 28ی ئابی 2021 لە بەغدا چاوی كەوت بە نادیە موراد، چالاكوانی ئێزیدی و رزگاربوی دەستی داعش، كە هاوكات باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتوەكانە.
ئێزیدییەكان كە ژمارەیان بە زیاتر لە نیو ملیۆن كەس دەخەمڵێنرێت، لە ئابی 2014دا و لەكاتی هێرشەكانی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی - داعش"دا روبەڕوی هەڵمەتی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بونەوە، تائێستاش زیاتر لە دوو هەزار و 700 هاوڵاتی رفێنراوی ئەو پێكهاتەیە لەلایەن داعشەوە بە تایبەت ژن و منداڵ چارەنوسیان نادیارە.
سەردانی مەعنەوی
"سەردانەكەی رۆژی یەكشەممەی ماكرۆن بۆ موسڵ تەنیا سەردانێكی مەعنەوی بوو" رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری ئیداری بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
دەربارەی گرنگی سەردانە لە پرۆژەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكەدا، سمۆ وتی "پێموانییە فەرەنسا هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانەوەی كڵێسا و شوێنە ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا خەرجبكات".
پێموانییە فەرەنسا هیچ پارەیەك بۆ ئاوەدانكردنەوەی شوێنە ئایینییەكانی نەینەوا خەرجبكات
"ئێمە وەك ئیدارەی پارێزگای نەینەوا دەمانویست گرێبەستی پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەی موسڵ واژۆ بكەین بەڵام نەكرا، چونكە حكومەتی فەرەنسا هیچ نەخشەسازییەكی تایبەت بە نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەكەی بۆ حكومەتی عیراق نەناردووە" بەوتەی لێپرسراوەكەی نەینەوا.
حكومەتی فەرەنسا پێشتر ئامادەیی خۆی بۆ ئاوەدانكردنەوەی فڕۆكەخانەی موسڵ دەربڕی بە بڕی 300 ملیۆن یۆرۆ وەك قەرز لەسەر عیراق.
سمۆ دەڵێت سەردانەكەی ماكرۆن بۆ شوێنە ئایینییەكانی وەك مزگەوتی نوری و كڵێسای ساعە و مەرقەدی شیعە ئامانج لێی بەهێزكردنی پێكەوەژیانی ئاشتییانەیە لە نێوان پێكهاتە ئایینییەكاندا.
سەرۆكی فەرەنسا لەكاتی سەردانەكەیدا بۆ موسڵ پرۆژەی دوبارە ئاوەدانكردنەوەی شارەكەی بە "زۆر سست" وەسفكرد و نیازی وڵاتەكەی بۆ كردنەوەی خوێندنگە و كونسوڵخانە لە شارەكەدا ئاشكراكرد.
سەرۆك، بەشە زیانلێكەوتوەكەی نەبینی
"سەردانی ماكرۆن لە بەرژەوەندی شاری موسڵدایە، بەڵام ناوچە زیانلێكەوتوەكانی لە بەری راستی شارەكە نەبینی كە روبەڕوی وێرانكاری گەورە بونەتەوە، بە تایبەت مزگەوت و كڵێسا و ژێرخانی نەخۆشخانە و فڕۆكەخانە و ئوتێڵەكان" بەوتەی لوقمان حسێن، چالاكوانی مەدەنی لە نەینەوا بۆ (كەركوك ناو).
تائێستا هیچ ئامارێكی ورد لەسەر قەبارەی ئەو زیانانەی بەر موسڵ كەوتون بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە لە ناوەڕاستی حوزەیرانی 2014ـەوە تا ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەكە لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە لە 10ی تەمموزی 2017دا.
سەردانی ماكرۆن بۆ موسڵ لە پەراوێزی بەشداریكردنیدا بوو لە كۆنگرەی لوتكەی بەغدا بۆ هاوكاری و هاوبەشی كە 28ی ئابی 2021 بە ئامادەبونی سەرۆك و نوێنەرانی میسر، ئەردەن، قەتەر، ئیمارات، سعودیە، كوێت، ئێران و توركیا لە بەغداد بەڕێوەچوو.