پارتی و هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان) هەردوكیان بە 21 كاندید لەگەڵ دوو كاندیدی سەربەخۆی كورد كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 31 كورسی پارێزگای نەینەوا، بەپێی پێشبینییەكانیان سەروی 10 كورسی بەدەستدەهێنن، ئەوەش بە ئامانجی قایمكردنی پێگەی كورد لەو پارێزگایە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق كە بڕیارە لە 10ی كانونی یەكەم بەڕێوەبچێت، پارێزگای نەینەوا بەسەر هەشت بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراوە و كورد لە حەوت بازنەدا كاندیدی هەیە، بەڵام بۆ یەكەمجارە كەمترین حزبی كوردی لەو پارێزگایە بەشداری دەكەن. بەڵام بۆ یەكەمجاریشە بە پشتبەستن بە یاسای هەڵبژاردنەكان و سیستمی نوێی هەڵبژاردن دوو كورد بەشێوەی سەربەخۆ كاندیدن.
پارتی: چاومان لە هەشت بۆ نۆ كورسییە
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سنورى پارێزگای نەینەوا 14 كاندیدی هەیە و بەسەر حەوت بازنەی هەڵبژاردندا دابەشبون، لەكۆی هەشت بازنەی پارێزگاكە.
مەناف حەسەن، لێپرسراوی بەشى هەڵبژاردن لە لقى 14ى پارتى لە موسڵ – كە ئیستا لە سنوری پارێزگای دهۆك دەوامدەكەن-، بە (كەركوك ناو)ی وت "10 كاندیدی پیاو و چوار كاندیدی ژنمان هەیە لە حەوت بازنەدا، سێ لە كاندیدەكانمان عەرەبن، ئێمە و هاوپەیمانی كوردستان تاكە دوو لایەنی كوردین كە بەشداری هەڵبژاردن دەكەین لە نەینەوا".
لە هەڵبژاردنی رابردودا لە 2018، پارتی دیموكراتی كوردستان، شەش كورسی لەو پارێزگایە بەدەستهێنا، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەوتەی مەناف چاویان لە بەدەستهێنانی هەشت بۆ نۆ كورسییە.
ئەو پێشبینییەش بە پشتبەستن بەوەی "بەپێی ئامارەكانمان بۆ ئەم هەڵبژاردنە 220 هەزار دەنگدەرمان هەیە لەو حەوت بازنەیەدا"، مەناف زیاتر وتی "چەند رۆژێکە لیژنەیەكی پارتیمان گەڕاوەتەوە بۆ ناوەندی موسڵ بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و بەشێوەیەكی ئاسایی دەستمان بە بانگەشە كردووە، بەڵام گەڕانەوەمان هێشتا رەسمی نییە، وەكو لق هێشتا نەگەڕاوینەتەوە".
بەپێی ئامارەكانمان بۆ ئەم هەڵبژاردنە 220 هەزار دەنگدەرمان هەیە لەو حەوت بازنەیەدا
لە تەواوى پارێزگاى نەینەوا، زیاتر لە دوو ملیۆن و 330 هەزار دەنگدەر هەیە، لە كۆی زیاتر لە سێ ملیۆن و 800 هەزار كەس لە دانیشتووانەكەی.
پارێزگاكە 31 كورسی پەرلەمانی هەیە، لەگەڵ سێ كورسی كۆتا (ئێزیدی، شەبەك و كریستیان).
پارتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە، لەو فرە بازنەییە ناترسێت، كە بۆیەكەمجارە لە دوای ساڵی 2003ەوە لە عیراق پەیڕەو دەكرێت، ئەوەش بەهۆی زۆری دەنگەكانی لە بەشێك لە بازنەكاندا بەپێی هەڵبژاردنەكانی رابردوو.
هاوپەیمانی كوردستان: بە حەوت كاندید چاوی لە پێنج كورسییە
هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان)، بە حەوت كاندید لە حەوت بازنەدا لە نەینەوا بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕی رەسمی هاوپەیمانی كوردستان، بۆ ئەوەش چاوی لە پێنج كورسییە.
نەسروڵا سورچى، لێپرسراوی مەڵبەندى یەکێتى لە موسڵ بە (کەرکوک ناو)ى وت "چوار لە كاندیدەكانمان ژنن و ئەوانی تر پیاون، دەمانەوێت پێنج كورسی بەدەستبهێنین".
لەو 31 كورسییەی نەینەوا، 8 كورسی بۆ كۆتای ژنان دانراوە. لەوەشدا یەكێتی چاوی لە كورسی كۆتای ژنانە.
یەکێتى لە هەڵبژاردنەکانى ساڵى 2014دا دوو كورسی لە پارێزگای نەینەوا بەدەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی رابردودا كە لە ئایاری 2018دا بەڕێوەچوو تەنیا یەك كورسی بەدەستهێنا، هەرچی بزوتنەوەی گۆڕانە نەیتوانیوە لە هیچ هەڵبژاردنێكدا لەو پارێزگایە كورسی پەرلەمانی بباتەوە.
نەسروڵا سورچی وتی "ئەوەى بۆ ئێمە گرنگە وەكو کورد، ئەوەیە لە پارێزگاى نەینەوا بۆ ئەم هەڵبژاردنە 10 کورسى بەدەستبهێنین، بۆ ئەوەى سەنگى کورد لەو پارێزگایە لەدەستنەدەین... وەكو هاوپەیمانی كوردستان هەموو هەوڵێک دەدەین پێنج کورسى بەدەستبهێنین بۆ ئەم مەبەستەش دەستمان بە بانگەشەیەكی فراوان کردووە".
ئەوەى بۆ ئێمە گرنگە وەكو کورد، ئەوەیە لە پارێزگاى نەینەوا بۆ ئەم هەڵبژاردنە 10 کورسى بەدەستبهێنین، بۆ ئەوەى سەنگى کورد لەو پارێزگایە لەدەستنەدەین
لە تەواوی پارێزگای نەینەوا، 401 كاندید لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقەوە پەسەندكراون و 750 بنكەی تایبەت بۆ دەنگدان لە رۆژی هەڵبژاردندا دەكرێنەوە.
ریاز کاکەیی، لێپرسراوی کاروبارى حزب و هاوپەیمانێتییەكان لە ئۆفیسی نەینەوای کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆۆی هەڵبژاردنەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "جگە لە پارتی و هاوپەیمانی كوردستان، دوو كاندیدی تری كورد بە شێوەی سەربەخۆ لە پارێزگای نەینەوا خۆیان كاندید كردووە، بەڵام هیچ حزبێكی تری كوردی بۆ ئەم هەڵبژاردنە كاندیدی نییە".
ریاز کاکەیی، ئاماژەی بەوەشدا كە حەوت كاندیدی ئێزیدی كێبڕكێ دەكەن بۆ كورسییەكی كۆتای ئێزیدییەكان لە نەینەوا، بۆ كورسی كریستیانەكانیش شەش كاندید و شەبەك هەشت كاندید.