ئيريك شۆڤاليێ، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق ئاشكرایدەكات، كۆمپانیاكانی وڵاتەكەی ئامادەن بۆ پرۆژەی دوبارە بنیاتنانەوە و نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەی موسڵ، جەختیشیكردەوە دوای لابردنی بەربەستەكان پرۆسەكە دەستپێدەكەن.
وتەكانی ناوبراو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات لەگەڵ نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا كە دوشەممە 27ی ئەیلولی 2021 بەڕێوەچوو، ئەوەش لە پەراوێزی سەردانەكەیدا بۆ شاری موسڵ.
باڵیۆزی فەرەنسا وتی وڵاتەكەی گرنگی بە جێبەجێكردنی پرۆژە لە پارێزگاكە دەدات وەك نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەی موسڵ، كە بە پرۆژەیەكی "زۆر گرنگ بۆ شارەكە" وەسفیكرد، بەوپێیەی هاوڵاتیان چاوەڕێی جێبەجێكردنی دەكەن و لەوەشدا مافی خۆیانە.
"بودجەی پرۆژەكە ئامادەیە و كۆمپانیا فەرەنسییەكانیش ئامادەن و پلانی خۆیان پێشكەش بە لایەنی عیراقی كردووە، كاتێك گەڕامەوە بۆ بەغدا لەگەڵ لێپرسراوانی عیراقی‌دا كۆدەبینەوە تا كۆتا هەنگاوەكانی دەستپێكردنی پرۆژەكە بنێین" شۆڤالێی وای وت، جەختیشیكردەوە "لە رۆژانی ئایندەدا پرۆژەكە دەستپێدەكات، ئەوەش دوای لابردنی بەربەستەكان".
سەردانەكەی باڵیۆزی فەرەنسا كەمتر لە مانگێك دوای سەردانی ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی ئەو وڵاتە دێت لە 29ی ئابی ئەمساڵ بۆ شاری موسڵ.
فەرەنسا ئامادەیە بە قەرزی 300 ملیۆن یۆرۆ فڕۆكەخانەی موسڵ نۆژەنبكاتەوە بەو مەرجەی كۆمپانیا فەرەنسییەكان پرۆژەكە ئەنجامبدەن.
ڤیدیۆ: كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئيريك شۆڤاليێ، باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق و نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا/ 27ی ئەیلولی 2021
نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "چارەسەرە پێشنیازكراوەكان بۆ دۆسیەی فڕۆكەخانە ئەوەیە یان قەرزی فەرەنسی وەربگیرێت بۆ ئەمساڵ یان پرۆژەكە لەڕێی پارە بلۆككراوەكان و بودجەی وەبەرهێنانەوە جێبەجێبكرێت".
داواشی لە حكومەتی عیراقی و باڵیۆزی فەرەنسا كرد بۆ ئەمساڵ قەرزەكەی فەرەنسا وەربگرن و دواینەخەن.
فڕۆكەخانەی موسڵ لە 1920 بنیاتنراوە، ئەوكاتەی بەریتانیا حوكمی عیراقی دەكرد و لە ساڵی 1922 لە فڕۆكەخانەی سەربازییەوە كراوە بە مەدەنی.
داعش له كۆتایی 2015دا 22 خه‌نده‌قی له فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ دروستكرد به قوڵی نزیكه‌ی دوو مه‌تر و پانی 10 مه‌تر، نێوانی هه‌ر خه‌نده‌قێك بۆ یه‌كێكیتر 100 مه‌تره و ئامانجی لێی رێگریی بوو له دابه‌زینی هێزی عیراقی له ئاسمانه‌وه و هه‌ر ئه‌و خه‌نده‌قانه‌ش به‌ربه‌ست بووه له‌به‌رده‌م نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه‌دا له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا.
به‌پێی به‌دواداچونی پێشتری (كه‌ركوك ناو) ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر رێڕه‌وی فڕینی فڕۆكه كه‌وتووه ده‌گاته سه‌دا 25، زیانه‌كانی گۆڕه‌پانی وه‌ستانی فڕۆكه‌كه سه‌دا 5، بورجی چاودێری سه‌دا 100 زیانی به‌ركه‌وتووه و ئامێر و ته‌واوی پێداویستی و به‌شه‌كانی دیكه‌ی فڕۆكه‌خانه به‌رێژه‌ی له‌سه‌دا 100 خاپور بون.
داعش له ناوه‌ڕاستی 2014دا ده‌ستی به‌سه‌ر موسڵ و روبه‌رێكی به‌رفراوانی خاكی عیراقدا گرت و دوای سێ ساڵ له شه‌ڕ هێزه عیراقییه‌كان به پاڵپشتی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی توانیان ناوچه‌كان له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه كۆنتڕۆڵبكه‌نه‌وه.