رفاندن هەڕەشە لە دانیشتووانی مەخمور دەكات

مەخمور/ ئازاری 2020/ ئۆپەراسیۆنی چیای قەرەچوغ، فۆتۆ: دژە تیرۆری عیراق

عەمار عەزیز

لێپرسراوانی قەزای مەخمور دڵنیایی دەدەنە هاوڵاتیان بۆ باشبونی دۆخی ئەمنی قەزاكە لە ئایندەیەكی نزیكدا، بەڵام خەڵكی ناوچەكە ترسی دوبارەبونەوەی حاڵەتەكانی كوشتن و رفاندیان هەیە لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە(داعش) كە هۆكار بووە بۆ چۆڵكردنی دەیان  گوند لە مەخمور.

ئەو دڵنیاییەی لێپرسراوان دوای ئەوە دێت تەنیا لە مانگی ئاب-دا 11 هاوڵاتی لە سنوری قەزاكە رفێنران، هەندێكیان بەرامبەر بە بڕە پارەیەكی زۆر ئازادكران و هەندێكیشیان هیچ سۆراغێكیان نییە.

کۆمار وەلى فەقى ئەحمەد، خەڵکى گوندى برایم باول سەر بە ناحیەى قەراج لە مەخمور، لە 8ی ئاب، برازایەكی لە نزیك گوندەكە روبەڕوی رفاندن بۆوە و دوای 14 رۆژ لە بەرامبەر 500 هەزار دۆلار ئازادكرا.

ئەو برازایەی كۆمار، تەمەنی 16 ساڵە و سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بووە لە گوندەكەیان و وەك مامەكەی دەڵێت هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەسدا نەبووە.

"ئەوانەی برازاكەمیان رفاند چەكدارانی داعش بون، دوای رفاندنی تەلەفونیان بۆ كردین و وتیان یان نایبیننەوە یان 500 هەزار دۆلارمان دەوێت، ئێمەش هەرچی موڵك و ئاڵتون هەبوو كردمانە پارە، لەگەڵ قەرز و هاوكاری خێرخوازان ئینجا توانیمان ئەو پارەیە دابین بكەین... ئێستا 170 هەزار دۆلار قەرزارین"، كۆمار بەمشێوەیە باسی ئازادكردنی برازاكەی كرد، بەڵام لەترسی روداوی هاوشێوە نەچووە ناو وردەكاری باسەكەوە، تەنیا وتی "دڵنیام چەكدارانی داعش بون".

هەرچەندە حكومەتی عیراق لە تشرینی یەكەمی 2017، كۆتاییهاتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام راگەیاند، بەڵام لە ئەمساڵدا چالاكییەكانی ئەو رێكخراوە بەتایبەت لە ناوچەكانی جێناكۆك فراوان بووە، سنوری قەزای مەخمور لە پارێزگای نەینەوا و بەتایبەت چیای قەرەچوغ بەلانكەی خۆحەشاردانی چەكدارای داعش ناودەبرێت و یەكێكە لە ناوچانەی دوای دەیان ئۆپەراسیۆنی سەربازیش هێشتا ناوچەیەكی ئارام نییە.

maxmur
مەخمور/ كانونی دووەمی 2021/ گوندی گردی به‌گۆ، سه‌ر به‌ ناحیه‌ی قه‌راج فۆتۆ: كەركوك ناو

زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چوغ، له‌ رۆژهه‌ڵاتی قه‌زای مه‌خمور له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای نه‌ینه‌وایە و سنوری نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یە.

كۆمار و خانەوادەكەی لە دوای ئەو روداوەوە گوندەكەیان بەجێهێشتووە و ئێستا لە هەولێر دەژین، ئەوان داوا لە حكومەتی عیراق دەكەن كار بۆ پاراستنی گوندنشینان و گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان بكات.

محەمەد عەلى حەمە، مامۆستایە لە ناوەندی مەخمور، بەهەمان شێوە لە مانگی ئاب-دا ئامۆزایەكی لە سنوری قەزاكە رفێنرا، كاتێك كاتژمێر 10ی شەو بۆ بەخێوكردنی مەڕو ماڵات چووە یەكێك لە گوندەكانی ناوچەكە.

"بردیانە چیای قەرەچوغ و دوای سێ رۆژ تەلەفونیان بۆ براكەی كرد و وتیان دەبێت 50 هەزار دۆلار بدەن بۆ ئازادكردنی"، محەمەد وتی "ناچار ئەو بڕە پارەیە درا تا ئازادكرا".

بردیانە چیای قەرەچوغ و دوای سێ رۆژ تەلەفونیان بۆ براكەی كرد و وتیان دەبێت 50 هەزار دۆلار بدەن بۆ ئازادكردنی

رۆژێك دوای ئازادكردنی ئەو ئامۆزایەی محەمەد، سێ تاوەری كارەبا لە مەخمور تەقێنرانەوە، دواتر لە روداوێكی تردا نۆ كەسی تر رفێنران.

ئەو نۆ كەسە لە شەوی 7ی ئابی 2021، لە بازگەیەكی وەهمیدا لە دەرەوەی قەزای مەخمور، ئۆتۆمبێلەكەیان رادگیرێت و دەڕفێنرێن.

ئەوكات هێزە ئەمنییەكان جەختیانكردەوە لەوەی توانیویانە سێ كەس لە رفێنراوەكان رزگار بكەن، دووانی دیكەیان داعش خۆی ئازادی كردن، بەڵام بۆ ئازادكردنی هەر یەكێك لە چوار رفێنراوەكەی تر داوای 100 هەزار دۆلاریان كرد.

هێرش حسێن، بەڕێوەبەرى ناحیەى قەراج – بەشیك لە روداوەكان لە سنورەكەی ئەودا بووە-، بە (كەركوك ناو)ی وت "ماوەیەكە ئاسایشی مەخمور خراپ بووە، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە مەدەنی و گوندنیشنان دەكرێنە ئامانج... راستییەكەی ئەوەیە بۆشایی ئەمنی هەیە لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی عیراق و داعش ئەو بۆشاییەی بۆ هێرشكردن و پێكانی ئامانجەكانی بەكاردەهێنێت".

مه‌خمور ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی موسڵ، له‌ دوای 2003ه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌درا، به‌ڵام له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه،‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیی و ئیداری له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی عیراقە.

بەڕێوەبەرى ناحیەى قەراج، وتی "دەیانجار داوامانکردووە کە پێویستە ئەو بۆشاییە ئەمنییە لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان پڕبکرێتەوە، چونکە ئەمە کارەساتێکە و کاریگەرییەکەى رۆژ بە رۆژ لەسەر خەڵکى ناوچەکە زیاتر دەبێت و جموجۆڵی چەكدارانی داعش-یش تا دێت زۆرتر دەبێت".

بەپێی ئامارەكانی (كەركوك ناو) كە لە یەكە ئیدارییەكانی ناوچەكە كۆیكردۆتەوە، لەكۆی 40 گوندی كوردنیشن لە قەزای مەخمور، تەنیا چوار گوندی ناوچەكە ئاوەدانە، ئەو چوار گوندەش خێزانێك یان دووان لێی دەژین. بەڵام دۆخی گوندە عەرەبنشینەكان باشترە و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی باسدەكرێت كەمتر ناوچەكانی ئەوان دەگرێتەوە.

رزگار محەمەد، قایمقامى مەخمور و سەرۆكی لیژنەی ئەمنی قەزاكە، بە (کەرکوک ناو )ى وت "راستە خەڵک دەڕفێنرێت، بەڵام رفاندنەكە رۆژانە نییە و هەموو هەفتەیەك دوبارە نابێتەوە... دواى توندکردنى رێکارە ئەمنییەکان لەلایەن سوپاى عیراق و هێزى پێشمەرگەوە لەم مانگەدا _ ئەیلول _ هیچ حاڵەتێكی رفاندن روینەداوە".

دواى توندکردنى رێکارە ئەمنییەکان لەلایەن سوپاى عیراق و هێزى پێشمەرگەوە لەم مانگەدا _ ئەیلول _ هیچ حاڵەتێكی رفاندن روینەداوە

بەپێی رێككەوتنی هەردوو وەزارەتی بەرگری عیراق و و پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان شەش ژوری هەماهەنگی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی سەربازی لە ناوچكەنانی جێناكۆك پێكهێنراون، یەكێك لەوانە دەكەوێتە سنوری قەزای مەخمور، ئەوەش بە ئامانجی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لە نێوان هەردولایاندا هەیە.

هەردولاش لە گفتوگۆدان بۆ پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەش لە ناوچەكانی جێناكۆكدا.

رزگار محەمەد، وتی "چوار مانگە ژورى هاوبەش لە نێوان هێزە عیراقییەکان و هێزى پێشمەرگە پێکهێنراوە و دەستیان بە ئەركەكانی خۆیان كردووە و بەمنزیكانەش ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لەو ناوچانە رێكدەخەن كە جموجۆڵی چەكدارانی داعشی لێیە".

"دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیان، دۆخی ئەمنی ناوچەكە باشتر دەبێت"، قایمقامی مەخمور وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT