پێكهاتەی عەرەب لە كەركوك، بە نزیكەی 60 كاندیدی حزبی و سەربەخۆوە، لە تەواوی بازنەكەی هەڵبژاردنی پارێزگاكەدا شەڕی بەدەستهێنانی كورسی دەكەن.
ئەو پەرتەوازەییە رەنگە هەوڵەكانی عەرەب بۆ زیادكردنی ژمارەی كورسییەكان لە پەرلەمان بە ئاراستەیەكی دیكەدا بگۆڕێت، كە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئایاری 2018دا، تەنیا سێ كورسییان بەدەستهێنا لە كۆی 12 كورسی پشكی كەركوك.
زۆری كاندید
عەرەب لە كەركوك نزیكەی 60 كاندیدیان هەیە لەكاتێكدا بە هەردوو پێكهاتەی كورد و توركمانەوە، بە حزبی و سەربەخۆوە، 70 كاندیدیان لە پارێزگاكە هەیە.
"بە دڵنیاییەوە زۆری ژمارەی كاندیدەكان دەنگی عەرەب لە پارێزگاكە پەرتەوازە دەكات" بەوتەی نازم شەمەری، جێگری سەرۆكی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو بۆ (كەركوك ناو).
عەرەب لە هەڵبژاردنی رابردودا توانییان بە دەنگی زیاتر لە 84 هەزار كەس سێ كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن.
فاتن رەجەب خەزرەجی، كاندیدی سەربەخۆ لە كەركوك وتی "زۆری كاندید دەبێتە خاڵی لاوازی بۆ پێكهاتەی عەرەب، چونكە لەلایەك دەنگەكان پەرتەوازە دەكات و لەلایەكی ترەوە دەنگدەر دودڵ دەكەن لەوەی كەسێكی گونجاو و شیاو هەڵبژێرێت".
پارێزگای كەركوك، بۆ هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراوە و 130 كاندید 56یان سەربەخۆن كێبڕكێی بەدەستهێنانی 12 كورسی دەكەن.
پەرش و بڵاوی لە بازنەكاندا
پەرتەوازەیی عەرەب تەنیا لە زۆری ژمارەی كاندیدەكانیاندا نییە، بەڵكو بەسەر بازنەكانی كەركوكیشدا پەرش و بڵاو بونەتەوە.
"پێدەچێت لەم هەڵبژاردنەدا پێكهاتەی عەرەب ئیستحقاقاتی و دەنگی شایستە بە قەبارەی خۆیان بەدەستنەهێنن، بەخۆی دابەشبونیان بەسەر سێ بازنەكەی هەڵبژاردندا، بەوپێیەی زۆرینەی كورد لە بازنەی یەك و توركمانی لە بازنەی دوو چڕبونەتەوە" نازم شەمەری وای وت.
بەپێچەوانەی كورد و توركمانەوە كە كاندیدەكانیان لە هەردوو بازنەی یەك و دوو چڕكردۆتەوە، عەرەب كاندیدەكانی بەسەر سێ بازنەكەدا دابەشبون.
ژمارەیەك كاندیدی عەرەب لە بازنەی یەك هەن، كە پێنج كورسی بۆ تەرخانكراوە و زۆرینەی ناوچە كوردنیشینەكانی تێدایە لە خۆرهەڵاتی ناوەندی كەركوك و باكوری شارەكە وەك دوبز.
لە بازنەی دوو كە چوار كورسی هەیە، ناوچەیەكی تێكەڵە لە عەرەب، توركمان و كورد، بەڵام بەناوچەی بەهێزی توركمان دادەنرێت و لەوێش عەرەب كاندیدی زۆر و ململانێی توندی هەیە.
لەو بازنەیە كە داقوق و بەشێك لە ناوەندی شاری كەركوكیشی تێدایە، عەرەب زیاتر لە 21 كاندیدی حزبی و سەربەخۆی هەن، لەكاتێكدا حزبێكی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا یەك كاندیدی لەو بازنەیە هەیە.
"زۆری كاندیدی عەرەب دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی دەنگەكانیان لەو بازنەیە" مەحمود زیدان عوبێدی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی هاوپەیمانی عەرەبی دەڵێت ئەگەر ژمارەی كاندیدەكان كەمتر بوانایە، ئەگەری بەدەستهێنانی دەنگی زیاتریان هەبوو.
لە بازنەی سێ، كە بچوكترین بازنەی پارێزگاكەیە و لە ناوەندی حەویجە و ناحیەكانی عەباسی و زاب و رەشاد و تازە پێكهاتووە، سێ كورسی بۆ تەرخانكراوە كە تارادەیەك یەكلابۆتەوە بۆ عەرەب و لە ناو خۆیاندا كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.
خراپی رێكخستن
"پێكهاتەكانی كورد و توركمان لەلایەن حزبەكانەوە بەڕێوەدبرێن، بەڵام عەرەب بەپلەی یەكەم بەدەست خراپی رێكخستن و بەڕێوەبردنەوە دەناڵێنێت، چونكە سەركردایەتی عەرەبی زیاتر هەنگاو بەرەو عەشایەری و عەشیرەت دەنێن" بەوتەی نازم شەمەری.
هەروەها وتی سەركردایەتی عەرەب لە كەركوك پشت بە كاراكتەری خێڵەكی دەبەستن و لەگەڵ پێكهاتەكەدا لەسەر بنەمای جیاكاری عەشایەری مامەڵە دەكەن، ئەوەش رەنگدانەوەی لەسەر هەڵبژاردن هەیە.
عەرەب لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2014ی عیراق، زیاتر لە 92 هەزار دەنگیان لە كەركوك بەدەستهێنا و تەنیا توانییان دوو كورسی مسۆگەر بكەن.
"عەرەب بەدەست دەستنیشانكردنی كاندید لەلایەن عەشیرەتەكانەوە دەناڵێنێت، وەك ئەوەی ناچاربن كەسێك كاندید بكەن تا نوێنەرایەتییان بكات، بەوهۆیەوە كەسانی دور لە ئەزمونی سیاسی و حزبی و بەتوانا دەبنە كاندید" بەوتەی زێدان عوبێدی، دەشڵێت ئەوە وادەكات عەرەب لەروی سیاسییەوە رێكخراو نەبن و بێ سەركردایەتی سیاسی بن، ئەوەش كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دادەنێت.
لە كەركوك دوو هاوپەیمانی و بەرەی سەرەكی عەرەبی هەن بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەیەك كەس لەرێی هاوپەیمانی و حزبە عەرەبەكانی دیكەی عیراق لە كەركوك خۆیان كاندید كردووە.
"لە دوای ساڵی 2003ـەوە تائێستا عەرەب لە كەركوك شكستی هێناوە لە دروستكردنی مەرجەعیەت یان حزبێكی سیاسی یەكگرتوو كە نوێنەرایەتی هەموو عەرەبی پارێزگاكە بكات" ئەحلام حەمدان (50 ساڵ) وای وت.
ئەو هاوڵاتییە بەهیوایە هەڵبژاردنی ئەمجارە؛ ئەو نوێنەرانە بنێرێتە پەرلەمان كە دەتوانن چارەسەری كێشەكانی رۆژانەی خەڵك بكەن.