دادگاییكردنی چوار چالاكوانی بادینان دوادەخرێت
كەسوكاری دەستگیركراون: پرۆسەیەكی سیاسییە و دەیانەوێـت ئازاری ئێمە بدەن

هەولێر/ 4ی تشرینی یەكەمی 2021/ گردبونەوەی ناڕەزایی لەبەردەم دادگای هەولێر دژی دەستگیركردن و دادگاییكردنی ژمارەیەك رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان فۆتۆ: فەرمان سادق

فەرمان سادق – هەولێر

دادگای تاوانەكانی دوی هەولێر، بە پاساوی گۆڕانكاری لەدەستەی سەرۆكایەتییەكەیدا جارێكیتر دانیشتنی دادگایی چوار چالاكوانی بادینانی دواخست.

ئەمڕۆ دوشەممە 4ی تشرینی یەكەمی 2021 دادگایی هەر لە كارگەر عەباس، بەندەوار رەشید، شێروان تەها ئەمین و مەسعود شنگالی چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان بۆ 20ی ئەم مانگە دواخرا، سەرباری ئامادەبونی كەسوكاریان و پارێزەرەكانیان لە دادگا.

رێباز یوسف، پارێزەری خۆبەخشی چالاكوانەكان لە بەردەم دادگا بە (كەركوك ناو)ی وت گۆڕانكاری لە جێگرانی یەكەم و دوەمی سەرۆكایەتی دادگادا كراوە بۆیە دانیشتنەكە دواخرا.

لە مانگی ئەیلولیشدا بە هەمان پاساو دادگایی ژمارەیەك چالاكوانانی دیكەی بادینان دواخرابوو.

بەوتەی رێباز پێشتر دوو دادوەری بە كاتی دانرابون و ئێستا دوو دادوەری دیكە بە جێگیری لەو شوێنەدا دانراون.

"ئەگەرچی دیوێكی یاساییە، بەڵام دیوەكەی تری گوشارێكی سیاسییە لە دەرەوەی دادگا كە دەكرێتە سەر پڕۆسەی دادگاییكردنی چالاكوان و رۆژنامەنووسانی بادینان" بەوتەی پارێزەری خۆبەخشی دۆسیەی چالاكوانی بادینان.

rojnamanus (3)-1
هەولێر/ 4ی تشرینی یەكەمی 2021/ كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان و چالاكوانان لەبەردەم دادگا داوای ئازادكردنی دەستگیركراوەكان دەكەن فۆتۆ: فەرمان سادق

چالاكوانی بادینان بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 روبەڕوی دادگا كراونەتەوە، كە تیایدا هاتووە "هەركەسێ بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك دەبێ، ببێ‌ لە كارێكدا تێوەگلێ بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتا هەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزادەدرێت".

"دەمانەوێت دادگا كاری دروستی خۆی بكات نەك بخرێتە چوارچێوەیەكی سیاسییەوە، چونكە هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەوانە نین كە زۆرینەیان مامۆستا و چالاكوانن" تەنگەزەر ئەیوب رەشید، برای بەندەوار، یەكێك لە چالاكوانە دەستگیركراوەكانی بادینان وای وت.

ئەو دەڵێت دواخستنی پرۆسەی دادگاییەكە بۆ "ئازاردان"ی كەسوكاری دەستگیركراوانە كە لە دهۆكەوە دەچنە هەولێر، چونكە بۆ جاری سێیەمە كەسوكاری چالاكوانان ئەو رێگا دورە دەبڕن بەرەو هەولیر و دادگاییەكە دوادەخرێت.

بەپێی ئامارێكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، لە مانگی ئابی 2020دا تا تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ، حکومەتی هەرێم زیاتر لە 300 کەسی بەتۆمەتی "رێکخستنی خۆپیشاندان و ئاژوەگێڕی" دەستگیرکردوە، زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆك بون؛ لە ئێستاشدا زیاتر لە 50 كەس هێشتا لە زیندانەكاندا ماون.

زۆرینەی دەستگیركراوەكان بەماددەی 2ی یاسای ژمارە 21 تۆمەتباركراون.

rojnamanus-2
له‌ ده‌سته‌ راسته‌وه‌:شڤان سه‌عید، گۆهدار محه‌مه‌د، هاریوان عیسا، شێروان ئه‌مین شێروانی و ئه‌یاز كه‌ره‌م كە لە شوباتی ئەمساڵ بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 هەریەكێكیان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرا

رەجبەر عەباس، برای كارگەر عەباس كە یەكێكە لە دەستگیركراوانی بادینان بە (كەركوك ناو)ی وت "پڕۆسەی دادگاییەكە بە تەواوەتی سیاسییە و تا ئێستا ئەوە بۆ ساڵێك دەچێت نەیانتوانیوە هیچ بەڵگەیەك لەسەر كارگەر و ئەوانی تر بدەنە دادگا"، وتیشی "ئەوان مامۆستان و لەكاتی دەستگیركردنیان تەنیا قەڵەمیان بە دەستەوە بووە نەك چەك وەك بۆیان هەڵبەستراوە، بۆیە دواخستنی دادگاییەكەش هەمووی سیاسییە".

هەر ئەمڕۆ لەبەردەم دادگاكانی هەرێمی كوردستان، لە چەندین ناوچەی جیاواز، لە نێویاندا شاری كەركوك، گردبونەوەی ناڕەزایی دژی دەستگیركردن و دادگاییكردنی چالاكوان و رۆژنامەنوسانی بادینان بەڕێوەچوو.

بەپێی ماددەی یەكەمی یاسای ژمارە 21 دادگای تاونەكانی هەولێر، لە 16ی شوباتی 2021 سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هه‌ریه‌ك له‌  رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی  (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) ده‌ركرد.

مانگی رابردوش ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەنوسی فریلانس، بەتۆمەتی ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی پۆستی فەیسبوک لەسەر پۆلیس و پارێزگاری دھۆک، بە ساڵێك زیندانی حوكمدرا، ئەمەش دووەم سزادانی بوو لە ماوەی سێ مانگی رابردودا لەلایەن دادگاوە.

بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی (CPT) ژمارەی دەستگیركراوانی بادینان زیاتر لە 70 كەسن، بەشێكیان وادەی دادگاییكردنیان نادیارە و زۆرینەشیان لە زیندانی هێزە ئەمنییەكاندا مانیانگرتووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT