ناوی لە لیستی سزادانی ئەمریكادایە
وەعد قەدۆ؛ بە كورسی كۆتای شەبەك دەچێتە پەرلەمانی عیراق

وەعد مەحمود قەدۆ، ناسراو بە ئەبو جەعفەر شەبەكی، فەرماندەی پێشوتری لیوای 30ی حەشدی شەعبی (شەبەك) و كاندیدی سەركەوتوو بۆ پەرلەمانی عیراق فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە فەیسبوك

سیروان حسێن

وەعد قەدۆ ناسراو بە ئەبو جەعفەر شەبەكی، فەرماندەی پێشوی حەشدی شەعبی كە بە تۆمەتی پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤ خراوەتە لیسی سزادانی ئەمریكاوە، كورسی كۆتای شەبەك لە نەینەوا بۆ خۆی مسۆگەر دەكات.

بەپێی دوایین ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق، وەعد مەحمود ئەحمەد قەدۆ، كاندیدی كورسی كۆتا لە پارێزگای نەینەوا بەشێوەی سەربەخۆ، توانیوتی بە 20 هەزار و 827 دەنگ سەركەوتن بەدەستبهێنێت.

جگە لە قەدۆ، حەوت كاندیدی دیكەی سەربەخۆ لە كێبڕكێدابون بۆ بەدەستهێنانی كورسی كۆتای شەبەك .

وەعد قەدۆ، ناسراو بە ئەبو جەعفەر شەبەكی يەكێك بووە لە دامەزرێنەرانی حەشدی شەعبی شەبەك لە ساڵی 2014 و تا ئەیلولی 2020 فەرماندەی لیوای 30ی حەشد بووە.

وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا، له‌ 19ی ته‌مموزی 2019دا وه‌عد قه‌دۆ، ئامرلیوای 30ی حه‌شدی شه‌عبی خسته‌ نێو لیستی ره‌شه‌وه‌ و سزای به‌سه‌ردا سه‌پاند، به‌هۆی تێوه‌گلانی له‌ دۆسیه‌كانی پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ نێویاندا چه‌وساندنه‌وه‌ی كه‌مینەكان.

حه‌شدی شه‌به‌ك یان لیوای 30 لە ده‌سته‌ی حه‌شد شه‌عبی، له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌، دۆسیه‌ی ئه‌منی به‌شێك له‌ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وایان كه‌وتەدەست، دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و به‌هۆی ئاڵۆزی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له‌ده‌ره‌نجامی ریفراندۆمدا.

hashd-6
نەینەوا/ 2021/ كاروانێكی هێزەكانی لیوای 30ی حەشدی شەعبی (شەبەك) فۆتۆ: راگەیاندنی لیوای 30ی حەشد

له‌ ئابی 2019دا عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیران و فه‌رمانده‌ی گشتی پێشوی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق، فه‌رمانیكرد به‌ پاشه‌كشێی حه‌شدی شه‌به‌ك له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، به‌ڵام ئه‌و فه‌رمانه‌ جێبه‌جێنه‌كرا، دوای خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی لایه‌نگرانی لیوای 30ی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ خێوه‌تیان هه‌ڵدا و رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی موسڵیان به‌ره‌و كۆكجه‌لی و هه‌ولێر داخست.

لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عیراق، نۆ كورسی وەك كۆتای كریستیان، شەبەك، ئێزیدی، كوردی فەیلی و سابیئەی مەندائی تەرخانكراو.

لە كۆی پێنج كورسی كۆتای كریستیان لە پارێزگاكانی بەغدا، كەركوك، نەینەوا، هەولێر و دهۆك، چوار كورسییان بۆ كاندیدەكانی بزوتنەوەی بابلیۆن رۆیشتون بە سەرۆكایەتی رەیان كلدانی، فەرماندەی كەتائیبی بابلیۆن (كریستیان)ـی سەر بە حەشدی شەعبی.

رەیان كلدانی لە هەمان ئەو لیستەدایە كە ئەمریكا ساڵی 2019 سزای بەسەریاندا سەپاند.

حه‌شدی شه‌عبی، دوای هێرشه‌كانی داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا له‌سه‌ر فه‌توای عه‌لی سیستانی، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان پێكهێنرا بۆ شه‌ڕی دژ به‌و رێكخراوه‌ و چەند ساڵێكە بەپێی یاسایەكی پەرلەمان لەچوارچێوەی سیستەمی بەرگری عیراقدا رێكخراوەتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT