نۆ كورسییەكەی كۆتا 96 هەزار دەنگیان بەدەستهێناوە

كەركوك/ 10ی تشرینی یەكەمی 2021/ دوو هاوڵاتی لەكاتی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە بنكەیەكی ناوەندی شاری كەركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كەركوك ناو

كاندیدەكانی كەمینە لە عیراق، بە 96 هەزار و 76 دەنگ توانییان نۆ كورسی كۆتا لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەماندا مسۆگەر بكەن، لەنێو ئەوانیشدا زۆرترین دەنگ بەر كاندیدی كوردی فەیلی دەكەوێت.

بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەكان كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق بڵاویكردۆتەوە، لەكۆی نۆ كورسی كەمینە ئایینیی و نەتەوەییەكاندا، كاندیدانی كریستیان توانیویانە بە 46 هەزار و 596 دەنگ پێنج كورسی كۆتا بەدەستبهێنن.

پێنج كورسییەكەی كۆتای كریستیان دەكەونە پارێزگاكانی بەغدا، كەركوك، نەینەوا، هەولێر و دهۆك، چوار كورسییان بۆ كاندیدەكانی بزوتنەوەی بابلیۆن رۆیشتون بە سەرۆكایەتی رەیان كلدانی، فەرماندەی كەتائیبی بابلیۆن سەر بە حەشدی شەعبی.

كاندیدەكانی بابلیۆن هەریەك لە ئیڤان فائیق یەعكوب جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەران لە كابینەكەی مستەفا كازمی بە 12 هەزار و 989 دەنگ لە پشكی پارێزگای بەغدا بۆتە پەرلەمانتار وكورسی كۆتای كریستیانی بەدەستهێناوە.

ژنە كاندیدێكی دیكە؛ بیدە خدر بەهنام لە پشكی كۆتای كریستیانی دهۆك، توانیویەتی بە 12 هەزار و 405 دەنگ كورسی مسۆگەر بكات.

bangasha erbil (2)
هەولێر/ تشرینی یەكەمی 2021/ پۆستەری كاندیدی كریستیانەكان لە دەروازەی عەنكاوە كە شوێنی نیشتەجێبونی زۆرینەی كریسنیانەكانی پارێزگاكەیە فۆتۆ: فەرمان سادق

هەر لە بابلیۆن ئەسوان سالم كلدانی لە پشكی نەینەوا بە 11 هەزار و 79 دەنگ، دورێد جەمیل ئەیشوع لە پشكی كەركوك بە پێنج هەزار و 39 دەنگ، توانیویانە كورسی كۆتا مسۆگەر بكەن.

تاكە كورسییەكەی كۆتای كریستیانیش لە هەولێر بۆ فاروق حەنا عەتو بووە بە پێنج هەزار و 84 دەنگ، وەك كاندیدی سەربەخۆ كە ئەندام و لایەنگرانی حزبی شیوعی پشتگیرییان دەكرد.

بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن، تەواوی عیراق بۆ كریستیان یەك بازنەی هەڵبژاردن بوو؛ لە هەر ناوچەیەكی وڵاتەكەدا، دەنگدەری هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان دەیانتوانی دەنگ بە كاندیدی كریستیان بدەن.

لە عیراق 34 كاندیدی كریستیان كە 13یان ژن و 10یان سەربەخۆ بون كێبڕكێی بەدەستهێنانی ئەو پێنج كورسییەی كۆتا-یان كرد.

كورسی كۆتای سابیئەی مەندائی، كە بەهەمان شێوەی كریستیان عیراق بۆ ئەوانیش یەك بازنە بوو، ئوسامە كەریم خەڵەف، بە چوار هەزار و 89 دەنگ وەك كاندیدی سەربەخۆ توانی كورسییەكە مسۆگەر بكات، بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن.

ئەو كورسییە لە پشكی پارێزگای بەغدایە و هەشت كەس خۆیان بۆ كاندید كردبوو.

awara1
دهۆك/ 8ی تشرینی یەكەمی 2021/ دەنگدانی ئاوارەكان لە كەمپی شاریای زۆرینە ئێزیدی فۆتۆ: عەمار عەزیز

هەر بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، لەنێو 10 كاندیدی كوردی فەیلی بۆ یەك كورسی كۆتا لە پشكی پارێزگای واست، حسێن عەلی مەردان بە 19 هەزار و 579 دەنگ توانی بەدەستیبهێنێت، وەك كاندیدی سەربەخۆ.

تەواوی پارێزگای واست بۆ كوردی فەیلی یەك بازنەی هەڵبژاردن بوو.

كورسی كۆتای ئێزیدیی لە پارێزگای نەینەوا بۆ نایف خەڵەف سەیدۆ بوو، بە سێ هەزار و 222 دەنگ، وەك كاندیدی پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی، ئەوەش لەناو حەوت كاندیدا بە حزبی و سەربەخۆوە.

لە پارێزگای نەینەوا یەك كورسی كۆتای شەبەكیش هەبوو، لە نێو هەشت كاندیددا وەعد مەحمود ئەحمەد ناسراو بە ئەبوجەعفەر شەبەكی، وەك كاندیدی سەربەخۆ بە 18 هەزار و 590 دەنگ توانی بۆ خۆی مسۆگەری بكات.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021ی پەرلەمانی عیراق، لە كۆی 329 كورسی تەنیا نۆ كورسی كۆتای كەمینەی ئایینیی و نەتەوەیی هەبون، كە 67 كاندیدی حزبی و سەربەخۆ كێبڕكێی بەدەستهێنانیان كرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT