دادگای تاوانەكانی هەولێر، دوای دانیشتنێكی سێ كاتژمێری، بڕیاریدا بە دواخستنی دادگاییكردنی چوار چالاكوانی بادینان و تۆمەتەكانیشیانی وەك خۆی هێشتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی تشرینی یەكەمی 2021 پرۆسەی دادگاییكردنی هەر لە كارگەر عەباس، بەندەوار رەشید، شێروان تەها ئەمین و مەسعود شنگالی چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان جارێكیتر یەكلایینەكرایەوە و بۆ 8ـی تشرینی دوەمی ئەمساڵ دواخرا.
هەرێم رەفعەت، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگری دوای كۆتاییهاتنی دانیشتنەكە بە رۆژنامەنوسانی وت پرۆسەكە دواخراوە.
پەیامنێری (كەركوك ناو) لەبەردەم هۆڵی دادگا ئامادەبوو، یەكێك لە دەستگیركراوەكانی بینی لەكاتی بردنی بۆ هۆڵی دادگاییكردن، ئەوەش بە بەرچاوی كەسوكاری دەستگیركراوانەوە كە لە نزیكی هۆڵە بون و رێگەنەدرا كەسیان ئامادەی پرۆسەكە بن.
پێش دەستپێكردنی دانیشتنەكەی دادگا، ژمارەیەك كارمەندی ئاسایش، شەش پارێزەری تیمی بەرگری، ژمارەیەك پەرلەمانتار، تیمی كوردستانی رێكخراوی (CPT) و نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان چونە هۆڵی دادگایی، لە بەردەم هۆڵەكە و نزیكی كەسوكاری دەستگیركراوانیش، ژمارەیەك لە هێزی ئاسایش بە چەك و پۆلیسی چالاكی مەدەنی و پۆلیسی دادگا راوەستابون.
دانیشتنەكە بۆ 8ـی تشرینی دوەم دواخرا
لەكاتی گواستنەوەی بەندەر ئەیوب بۆ ناو هۆڵی دادگا، خوشكێكی تەمەن 8 ساڵی بە گریانەوە بانگی دەكرد، كاتێك نەیتوانی هیچ وەڵامێكی لێوەربگرێت و قسەی لەگەڵ بكات، سەری خستە سەر موحاجەرەی بەردەم هۆڵی دادگا و دەگریا.
دانیشتنەكە سێ كاتژمێری خایاند، لەو ماوەیەدا دووجار پارێزەری بەرگری هاتنە دەرەوەی هۆڵی دادگا و دەستبەجێ كەسوكاری دەستگیركراوان لە هەواڵی ناوەڕۆكی دانیشتنەكەیان دەپرسی، لانیكەم چاوەڕێ بون ماددەی یاسایی دادگاییكردنەیان بگۆڕێت و هاوشێوەی دەستگیركراوانی دوێنێ هەواڵی خۆش ببیستن.
دوێنێ سێشەممە هەریەك لە بەدەل بەرواری، مامۆستا و ئومێد بەرۆشكی، رۆژنامەنوس بە یاسای سزادانی عیراقی بە یەك ساڵ زیندانی حوكمدران، بەهۆی هەژماركردنی ماوەی دەستبەسەركردنیان بڕیارە مانگی داهاتوو بەدەل ئازادبكرێت بەڵام ئومێد لەبەرئەوەی لە دۆسیەی دیكەدا سزادراوە، زیندانی دەكرێت.
لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆشدا هەمان داواكاری بۆ گۆڕینی ماددەی یاسایی دادگایی چوار چالاكوانەكە كراوە بەڵام هیچ وەڵامێكیان وەرنەگرتووە.
ئەو چوار چالاكوانە ساڵی رابردوودا بە تۆمەتی "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری" بەپێی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 دەستگیركراون.
بەشدار حەسەن، ئەندامی تیمی پارێزەرانی بەرگری بە (كەركوك ناو)ی وت لە دانیشتنەكەدا سێ هەنگاوی نوێ هەبون، یەكێكیان پاشەكشێی دادوەرێك بووە لە پرۆسەكە، "بێبەری بوونی خۆی لە دادگاییەكە راگەیاند و لە پڕۆسەكە كشایەوە و داوای كرد دادوەرێكی تری لە جێگە دابنرێت" بەوتەی بەشدار، بێ ئەوەی زانیاری دیكەی لەسەر هۆكاری پاشەكشێی ئەو دادوەرە هەبێت.
هەروەها وتی داواكاری گشتی داوایكردووە شێروان تەها ئازاد بكرێت، بەڵام دادگا بەپێویستی زانیووە لێكۆڵینەوەی زیاتر لەو تۆمارە دەنگییەدا بكرێت كە دەوترێت هی شێروانە و ئەویش رەتیدەكاتەوە.
بەوتەی بەشدار حەسەن داواكاری گشتی داوایكردووە هەریەك لە مەسعود شنگالی، بەندەوار ئەیوب و كارگەر عەباس بەپێی ماددەی 1ـی یاسای ژمارە 21ـی ساڵی 2003 سزابدرێن.
لەو ماددە یاساییەدا هاتووە "هەركەسێ بە دەستی ئەنقەست و بە هەر شێوەیەك دەبێ ببێ، لە كارێكدا تێوەگلێ بە مەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی عێراق و ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئەو زیانە، بە بەندكردنی هەتا هەتا یان بە بەندكردنی كاتی سزادەدرێت".
بەشدار حەسەن وتی تۆمەتی هەوڵی دروستكردنی گروپی چەكداری خراوەتە پاڵ ئەو سێ چالاكوانە، بەڵام ئەوان رەتیانكردۆتەوە، "بەندەوار بەهۆی تەواوكردنی خوێندنەوە لە كافیتریایەكدا لەگەڵ كارگەر دانیشتووە بۆ خواردنی شیرینی، مەسعود شنگالیش لەوێ بووە، بەڵام دانیشتنەكە والێكدراوەتەوە قسەیان لەسەر دروستكردنی گروپی چەكداری كردووە".
داواكاری گشتی داوایكرد شێروان تەها ئازادبكرێت
بەپێی ئامارێكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، لە مانگی ئابی 2020دا تا تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ، حکومەتی هەرێم زیاتر لە 300 کەسی بەتۆمەتی "رێکخستنی خۆپیشاندان و ئاژاوەگێڕی" دەستگیرکردوە، زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆك بون؛ لە ئێستاشدا زیاتر لە 50 كەس هێشتا لە زیندانەكاندا ماون.
بەپێی بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی (CPT) ژمارەی دەستگیركراوانی بادینان زیاتر لە 70 كەسن، بەشێكیان وادەی دادگاییكردنیان نادیارە و زۆرینەشیان لە زیندانی هێزە ئەمنییەكاندا مانیانگرتووە.
كامەران سارمەمی، لە تیمی پارێزەرانی بەرگری دەڵێت تۆمەتێكی دیكە روبەڕوی چالاكوانەكان كراوەتەوە، ئەویش كاركردنیانە لەچوارچێوەی هاوپەیمانی پێشوی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری ئێستای عیراق، لەكاتێكدا ئەندامبون لە حزبێكی مۆڵەتپێدراودا تاوان نییە.
دادگاییكردنی كارگەر عەباس، بەندەوار رەشید، شێروان تەها ئەمین و مەسعود شنگالی پێشتریش چەند جارێك بە پاساوی جیاواز دواخراوە.
بەپێی ماددەی یەكەمی یاسای ژمارە 21 دادگای تاونەكانی هەولێر، لە 16ی شوباتی 2021 سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ ههریهك له رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) دهركرد.
بڕیارە پێنجشەممە 21ـی تشرینی یەكەمی 2021 پرۆسەی دادگاییكردنی هەریەك لە سلێمان كەمال سلێمان، سلێمان موسا ئەحمەد، فرسەت ئەحمەد سەعید، عامر خالد عەگید و جەمال خەلیل مەجید چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان بەڕێوەبچێت.