دەمێكە وەزاح شاهری هێندە بە كاری جوتیاری دڵخۆش نەبووە، چونكە ماندوبونی بەفیڕۆ ناچێت و بەرهەمەكانی بە نرخێكی باش ساغ دەكاتەوە.
"تەنیا ترسمان لەوە هەیە بە تەواوی روبكەینەوە كشتوكاڵ و جارێكیتر توشی بێ بازاڕی و ساغنەكردنەوەی بەرهەمەكانمان ببینەوە بەهۆی بەرهەمی هاوردەوە" شاهری، جوتیار لە كەركوك وای وت.
ئەوەش دوای ئەوەدێت وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق، لە چەند مانگی رابردووەوە و هەر جارەو بە قۆناغێك، هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكی قەدەغە دەكات، تا بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕەكاندا بفرۆشرێت.
لە دوایین بڕیاری وەزارەتەكەدا، كە 22ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ دەركراوە، قەدەغە خراوەتە سەر بەرهەمی پەتاتەی هاوردەكراو لە تەواوی دەروازە و بازگەكاندا، بەوپێیەی لەناوخۆدا بەشی پێداویستی خەڵك بەرهەمدەهێنرێت و هەوڵدەدەن هەناردەیشی بكەن، وەك چۆن پێشتریش هاوردەكردنی تەماتە و باینجان و كولەكە و چەندین بەرهەمی دیكەی قەدەغە كرد.
هەروەها وەزارەت لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت رێكاری توند دەگرنەبەر بۆ رێگری لە هێنانی بەرهەمی هاوردە بە قاچاغ لە دەروازە و بازگەی پارێزگاكاندا.
جوتیارەكەی كەركوك داوادەكات قەدەغەی هاوردەكردنی ئەو بەرهەمانە بەردەوام بن، چونكە "كاریگەری باشی لەسەر كاری ئێمە هەبووە و بۆتە پاڵپشتی بۆ جوتیاران"، لەكاتێكدا زۆرێك لە جوتیاران بەهۆی نەبونی بازاڕێكی باش بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان پێشتر رویان لە كار و كاسبی تر كردووە.
وەزاح شاهری بەپێیویستی زانی لانیكەم لە كاتی هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكیدا هاوكاری جوتیاران بكرێت تا روبەڕوی زیانی زۆری دارایی نەبنەوە، دەكرێت ئەو هاوكارییەش بە دابینكردنی ئاو، دەرمان و پەیین و پێداویستییەكانی دیكەی كشتوكاڵی بێت.
بەپێی ئامارەكانی كشتوكاڵی كەركوك كە تایبەت بە (كەركوك ناو) دراوە، لەمساڵدا نزیكەی 30 هەزار دۆنم زەوی كراوە بە بەرهەمەكانی وەك باینجان، كولەكە، تەماتە، خەیار، بیبەر، پیاز، بامێ، لۆبیا، كاڵەك و شوتی.
"راستە نرخی بەرهەمی ناوخۆیی بەرز بۆتەوە بەراورد بە بەرهەمی هاوردە، بەڵام پێموایە ئێمەش پێویستە هانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بدەین بەوپێیەی قازانجەكەیشی هەر بۆ جوتیارانە و وادەكات بەرهەمی باشتر پێشكەشبكەن" عەلی سەباحی، هاوڵاتی دانیشتوی كەركوك وادەڵێت.
بەبڕوای ئەو ئەگەر حكومەت هاوكاری جوتیاران بكات ئەوكات نرخی بەرهەمی ناوخۆییش هێندە بەرز نابێتەوە.
پەتاتەی هاوردە كیلۆی بە 300 دینار بووە و پەتاتەی عیراقی كیلۆی بە 650 دینارە
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، نرخی زۆربەی بەرهەمە ناوخۆییەكانی كەركوك دوو هێندە و زیاتریشە، بەراورد بە بەرهەمی هاوردە.
ئەبو فەلاح، بەقاڵێكی شاری كەركوكە و دەڵێت قەدەغەكەی حكومەت نرخی بەرهەمی ناوخۆیی لە بەرانبەر هاوردەدا زیاتر كردووە، لەكاتێكدا كیلۆیەك تەماتەی هاوردەكراوی ئێرانی باش و شیاوی بە 500 دینار كڕیووە و بە 750 تا هەزار دینار فرۆشتویەتی، ئێستا تەماتەی ناوخۆیی كیلۆی بە 850 دینار دەكڕێت و ناچارە بە زیاتر لە 1500 دینار بیفرۆشێتەوە.
هەروەها بۆ (كەركوك ناو)ـی رونكردەوە پەتاتەی هاوردە كیلۆی بە 300 دینار بووە و ئێستا پەتاتەی ناوخۆیی كیلۆی بە 650 دینار دەكڕێت.
"ئەگەر حكومەت هاوكاری جوتیاران بكەن بۆ زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی بە دابینكردنی هۆكارەكانی گواستنەوەی بەرهەمەكان و ماددە كیمیاییەكان .. ئەوا نرخەكەیشی دیاریكراو دەبێت و كەس ناتوانێت یاری بە نرخی بەرهەمەكانەوە بكات" ئەبو فەلاح وای وت.
لە نیسانی ئەمساڵیشدا وەزارەتی كشتوكاڵ هاوردەكردنی زیاتر لە 23 جۆر میوە و سەوزەی قەدەغە كرد بە ئامانجی بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ و گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ.
خەندە كەركوكی، لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بڕیارەكەی وەزارەت بۆ رێگری لە هاوردەكردنی پەتاتەیە لە وڵاتانی دراوسێی عیراق تا پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەسترێت".
ئەوەشی خستەڕوو هەر لە لیستی قەدەغەكراوەكانی دیكەدا خەیار، باینجان، كولەكە، بیبەر، خورما، پاقلەی سەوز و هەنگوین هەن.
جگە لە بەرهەمی كشتوكاڵی، قەدەغە لەسەر هاوردەكردنی هێلكە، مریشكی زیندو و بەستو، ماسی بەستووش هەیە، بەوتەی خەندە كەركوكی.
لە زۆربەی بازگەكاندا چەند مانگێكە چاودێری تایبەت بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دانراون تا رێگریی لە تێپەڕینی بەرهەمی هاوردە بۆ ناو كەركوك بكەن.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بازگەكانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "لە چەند مانگی رابردووەوە تائێستا توانیومانە دەست بەسەر سەدان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لە بەرهەمی هاوردەكراودا بگرین و رێگە نەدەین بە رێگەی رەسمی یان قاچاخ بچنە ناو كەركوكەوە".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی چەند رێگایەكی قاچاخ هەبووە تا بەرهەمی هاوردە ببرێنە ناو كەركوك و ئەو رێگایانەش بە یەكجاری داخراون.
پارێزگای كهركوك، كە بهر له هێرشی داعش له ناوهڕاستی 2014دا له گرنگترین ناوچه كشتوكاڵییهكان بوو، بهرههمهكانی ههناردهی پارێزگاكانی باشور و دهرهوهی وڵاتیش دهكرا، سەرباری بوژاندنەوەی رێژەیی دوای كۆتاییهاتنی ئەو رێكخراوە، بەڵام جارێكیتر بێبارانی لەمساڵدا بەشێكی زۆر لە بەرهەمی كشتوكاڵی پارێزگاكەی بۆ نیوە كەمكردەوە، بە تایبەت گەنم و جۆ.