ئاڵای حزبی و دروشم و پۆستەری بانگەشەی كاندید؛ هێشتا دیمەنی زاڵ و بەرچاون لە چەندین شەقامی سەرەكیی كەركوك، سەرباری تێپەڕینی نزیكەی مانگێك بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عیراق.
هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق لە 10ـی تشرینی یەكەمی 2021دا، سێ مانگ پێش وادەی پرۆسەكە دەستیپێكرد، لەوكاتەوە شەقام و شوێنە گشتییەكان پڕبون لە پۆستەر و دروشم كە تائێستاش بەشێكیان لێنەكراونەتەوە.
"ئێواران كاتێك دەمەوێت لەگەڵ هاوڕێیەكانم گوزەرێك بە بازاڕەكانی شارەكەدا بكەین، ئەو دیمەنانەی دەیبینین رۆژانە ئازارمان دەدات، هەبونی ئەو وێنە و ئاڵا و دروشمانەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بون و هێشتا لانەبراون" عەلی محەمەد، دانیشتوی گەڕەكی ئیسكانی كەركوك وای وت.
عەلی بە تەنزەوە دەڵێت لەكاتێكدا ناوەڕۆكی دروشم و پۆستەری كاندیدەكان زۆرێكیان بانگەشەی خزمەتكردنی كەركوكە، بەڵام "خزمەتەكەیان ئەوەیە شاریان بەمشێوەیە بەجێهێشتووە و زۆربەی شوێنە گشتییەكانیان شێواندووە"، ئەو لەڕێی (كەركوك ناو)ـەوە داوا لە كاندید و حزبەكان دەكات هەرچی زووە شار لە كەشی هەڵبژاردن داببڕن و پۆستەرەكان لێبكەنەوە.
بەپێی بەدواداچونەكانی پەیامنێری (كەركوك ناو)، نەك هەر پۆستەرەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەمساڵ، بەڵكو هەندێك دیوار و راگری شەقامە سەرەكییەكان شار، تائێستاش دروشمی كۆنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی 2014 و 2018ـیان پێوەماوە.
پۆستەرەكان هەندێكیان بەهۆی رەشەباوە لێبونەتەوە و بەشێكیی تریان هێندە بە دیوارەكانەوە ماونەتەوە، تیشكی خۆر سوتاندونی، جگە لەوەی راگری پۆستەرەكان، كە ئاسنن و لە زەوی شۆستەی شەقامەكاندا چەقێنراون، یان لێنەكراونەتەوە یاخود لە لێكردنەوەیاندا بەشێكی بچوكی ئاسنەكانیان ماوەتەوە كە مەترسی هەیە هاوڵاتیان لەكاتی هاتوچۆدا بەری بكەون و برینداربن.
سەرچاوەیەك لە شارەوانی كەركوك كە لێپرسراوێتی هەیە بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەشێك لەو لایەن و كاندیدانەی لە هەڵبژاردنەكەدا دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێناوە، ئامادە نین وێنە و پۆستەری بانگەشەكانیان لابەرن، بۆیە ئێمە چاوەڕوانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانین وادەیەكیان بۆ دابنێت".
بەوتەی سەرچاوەكەی شارەوانی، لەڕێی نوسراوێكەوە لقی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاگاداركراوەتەوە كە داوا لە كاندید و حزبە بەشداربوەكانی هەڵبژاردن بكات تا پۆستەر و ئاڵا و دروشمەكانیان لێبكەنەوە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و رێكارەكانی كۆمسیۆنی بۆ بانگەشە؛ شوێنەكانی هەڵواسینی پۆستەری لەلایەن شارەوانییەكانەوە دیاریدەكرێن و لە یەكەم رۆژی دوای كۆتایی پرۆسەی دەنگدانەوە، بۆ ماوەی 30 رۆژ، پێویستە كاندید و لایەن و هاوپەیمانییەكانی بەشداربوی هەڵبژاردن پۆستەرەكان لێبكەنەوە.
عەلی عەباس، وتەبێژی لقی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژادنەكان بە (كەركوك ناو)ـی وت "حزب و لایەنە سیاسەكان و كاندیدە سەربەخۆكان ئەگەر لەكاتی دیاریكراودا وێنە و هەڵمەتی بانگەشە لێنەكەنەوە، ئەوا لەو بڕە پارەیە تێچوی لێكردنەوەی پۆستەرەكان دابیندەكرێت كە لای كۆمسیۆن وەك پێشینەی دڵنیایی پێشتر لێیانوەرگیراوە".
ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی لای كۆمسیۆن دانراوە بەشی غەرامەی پێشێلكاری كاندید و حزب و هاوپەیمانییەكانی نەكرد، ئەوا داوای پارەی دیكەیان لێدەكرێت "هەركاتێكیش ئامادەنەبون پارەی دیكە بدەن ئەوا رێكاری یاسایی بەرانبەر كەس و لایەنی پێشێلكار دەگیرێتەبەر و سزادەدرێت".