حكومەتی فیدراڵی عیراق، گۆڕێكی بە كۆمەڵی شنگال هەڵدەداتەوە، كە روفاتی حەوت ئەندامی یەك خانەوادەی تێدایە.
ئەو گۆڕە بە كۆمەڵە بە دوری پێنج كیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەی گرعوزێری قەزای شنگال) و یەكشەممە 21ـی تشرینی دوەمی 2021 دەست بە هەڵدانەوەی كراوە.
روفاتەكانی نێو ئەو گۆڕە، كوڕ و نەوەكانی دایێ شەمێ، كەسایەتی دیاری ئێزیدییە كە به‌شێكیشیان به "دایكی شه‌هیدان" ناوی ده‌هێنن.
خدر دێرۆ، برای دایێ شەمێ و خاڵی پێنج لە قوربانیانی گۆڕە بەكۆمەڵەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت "لەیەک رۆژ هەر حەوت روفاتەکە هەڵگیرانەوە و رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کران".
دوای پشكنینی پێویست لە بەغداوە رەوانەی شنگال دەكرێنەوە و روفاتەكان بڕیارە لە گرعوزێر بەخاكبسپێردرێن.
تیمی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەر بە دەزگای شەهیدانی عیراق سەرپەرشتی هەڵدانەوەی گۆڕەكە و پشكنینی روفاتەكان دەكات.
خدر دێرۆ وتی "دەیانجار لە كۆبونەوە و دیداری لێپرسراوان داوامانكردووە گۆڕی كوڕەكانی دایێ شەمێ زوو هەڵبدرێنەوە، چونكە ئەوان بون بە سیمبوڵی قوربانیدانی هاوڵاتیانی شنگال".
شه‌مێ دێرۆ حه‌سه‌ن (65 ساڵ)، ناسراو بە دایێ شه‌مێ، پێشتر لە (كەركوك ناو) چیرۆكی ژیانی بڵاوبۆتەوە و دەڵێت لە 65 ئەندامی خانەوادەكەی 32 كەسیان لە ئابی 2014دا كەوتنە دەستی داعش، لە نێویاندا پێنج كوڕ و دوو نەوەی.
به‌پێی ئه‌و گێڕانه‌وانه‌ی به دایێ شه‌مێ گه‌یشتۆته‌وه، داعش داوای گۆڕینی ئایینی له كوڕه‌كانی كردووه، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیانكردۆته‌وه و به‌رجه‌س-ی كوڕه گه‌وره‌ی وتویه‌تی "هەر بە ئێزدی دەمرین و ئاینی خۆمان ناگۆڕین".
پێنج كوڕه‌كه‌ی دایێ شه‌مێ، له‌گه‌ڵ دوو نه‌وه‌یدا كه كوڕی به‌رجه‌س بون هه‌مویان ده‌درێنه بەر ده‌ستڕێژی گولـله.
نه‌وه‌یه‌كی دایێ شه‌مێ، كچی به‌رجه‌س-ی كوڕی، به‌ناوی جیلان، كاتێك چه‌كدارانی داعش هه‌وڵده‌ده‌ن له ئه‌میرێكی ماره بكه‌ن و ده‌ستدرێژی بكه‌نه سه‌ر، ده‌ماری ده‌ستی ده‌بڕێت و گیانله‌ده‌ستده‌دات، جگە لەوەش نەوەیەكی دیكەی بەهەمانشێوە خۆی دەكوژێت بەرلەوەی داعش دەستدرێژی بكەنە سەری.
(كەركوك ناو) چیرۆكی جیلان-ـی بڵاوكردۆتەوە كە وه‌ك چیرۆكێكی كاریگه‌ر له نێو ئێزییهكاندا باسده‌كرێت.
به‌پێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هێشتا زیاتر لە دوو هەزار ئێزیدی بێسەروشوێنن و زیاتر لە دوو هه‌زار كەسیشیان به ده‌ستی چه‌كدارانی داعش کوژراون.
هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئامارانه له شنگال، 80 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، که مێژوه‌کانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش دهگهڕێتەوە.
هەڵدانەوەی یه‌که‌م گۆڕی به‌کۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌کان له گوندی کۆجۆی قه‌زای شنگال، به بڕیاری حکومه‌تی عیراق له 15ی ئازاری 2019 ده‌ستیپێکرد و تائێستا به دوو قۆناغ، نزیكه‌ی 500 روفات له 20 گۆڕدا دەرهێنراون و لە شوباتی ئەمساڵیشدا روفاتی 104 ئێزیدی بە گوندی كۆجۆ بەخاكسپێردرانەوە.