دوو پەڕۆی رەشی هاوشێوەی ئاڵای داعش، لە باڵەخانەیەكی تەواونەكراوی گەڕەكی شۆریجەی كەركوك هەڵدەكەن و بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان؛ دوو گەنج لەكامێراكانی چاودێریدا دەردەكەون و دواتر هەڵدێن.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی كانونی یەكەمی 2021 دانیشتوانی رەشیدئاوای گەڕەكی شۆریجە، هێزە ئەمنییەكانیان لە هەڵكردنی ئاڵای داعش ئاگاداركردۆتەوە، ئەوەش لەناو بینای تەواونەكراوی خوێندنگەدا.
بەڵێن فەتاح، دانیشتوی ئەو گەڕەكە و نزیك لە شوێنی روداوەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەر بەیانی زوو هێزی ئەمنی ئەم ناوچەیەی گرت و وتیان لە دوو شوێنی جیاوازی بیناكەدا ئاڵای داعش هەڵكراوە، یەكێكیان لەناو پەنجەرەی خوێندنگە تەواونەكراوەكە و ئەویتریش لەسەر بلۆكەكان بووە".
هەر لەو باڵەخانەیەدا كیسەیەكی بەتاڵ دانراوە و هێزە ئەمنییەكان لەبەر مەترسی بۆمبی چێنراو لەڕێی تیمی پسپۆڕی پوچەڵكردنەوەی تەقەمەنییەوە كیسەكەیان هەڵگرتۆتەوە.
"ئاڵاكە پارچەیەك قوماشی رەش بوون، بە خەتێكی ناشرین دروشم و لۆگۆكەی ئاڵاكەی داعشی لەسەر كرابوو" بەوتەی بەڵێن كە پێیوایە ئەو روداوە جێی مەترسی و هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ خەڵك.
ئەو باڵەخانەیەی ئاڵاكانی تێدا هەڵكراوە، دەكەوێتە ناوەندی گەڕەكی شۆریجەی كەركوك، لە دەستەراستیەوە خوێندنگەی نێرگز نزیكە، لە بەرامبەریشیدا كۆمیتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یانەی وەرزشی شۆریجە هەیە بە دوری كەمتر لە 50 مەتر.
سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاگادار كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "لێكۆڵینەوە بەردەوامە و لە كامێراكانی چاودێری یانەی وەرزشی شۆریجە و كۆمیتەی یەكێتی دەركەوتووە كاتژمێر 6:30 خولەكی بەیانی دوو گەنج ئاڵاكان هەڵدەكەن و دەڕۆن".
بەوتەی سەرچاوەكە ئەو دوو گەنجە خەڵكی گەڕەكەكە نین.
هەروەها وتی دوای ئاگاداركردنەوەیان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، ئاڵاكانیان بردووە و بەدوای سەرەداوی روداوەكەدا دەگەڕێن.
ئەوەش لەكاتێكدایە لە دوو هەفتەی رابردودا، چەكدارانی (دەوڵەتی ئیسلامی - داعش) لە چەندین شوێنی پارێزگای كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك هێرشەكانیان بۆ سەر هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان، بە تایبەت سەنگەرەكانی پێشمەرگە چڕكردۆتەوە.
خانم دەروێش، دانیشتوی گەڕەكی شۆریجە بە (كەركوك ناو)ـی وت هەڵكردنی ئاڵای داعش تەنیا بۆ شڵەژانی هاوڵاتیانە و "كەسانی دەمڕوت ئەو كارە دەكەن تا ترس و دڵەڕاوكێ بخەنە دڵی خەڵكییەوە".
تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك بە رەسمی هیچ رونكردنەوەیەكیان لەسەر روداوەكە بڵاونەكردۆتەوە.
لە پارێزگای كەركوك پۆلیسی ناوخۆیی، لیوای 61ـی تایبەت، سوپای عیراق، پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی هەن لە چوارچێوەی ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكاندا.