نزیكەی 120 جوتیاری سنوری پردێ زەرەمەند دەبن، دوای ئەوەی بەروبوم و زەوییە كشتوكاڵییەكانیان ژێرئاو دەكەوێت، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبونی لافاوەوە.
لافاوی ناوچەكانی ناحیەی پردێ (باكوری خۆرئاوای شاری كەركوك)، هەینی 17ـی كانونی یەكەمی 2021 دروستبوو، دوای شەپۆلێكی بارانبارینی بەخوڕ كە چەند رۆژێكە زۆربەی پارێزگاكانی عیراقی گرتۆتەوە.
"نزیكەی 120 جوتیار دەبین كە زیانمان بەركەوتووە، هەر جوتیارێكیش لانیكەم 10 بۆ 15 ملیۆن دینار زەرەرمەند بووە" بەوتەی جەوهەر عومەر، جوتیار لە پردێ.
زەوییە كشتوكاڵییەكانی جەوهەر دەكەوێتە ناوچەی حاوی لە پردێ و یەكێكە لە زیانلێكەوتوانی لافاو.
"ئەو زیانەی بەر ئێمە كەوت بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچوكەوە نەبوو، بەڵكو بارانبارینی بەخوڕ و زۆری ناوچەی قوشتەپە و كۆبونەوەی ئاو لەو ناوچەیە هۆكار بوو كە دواتر ڕێڕەوی گۆڕی بەرەو شێراوە، لەوێ رێڕەوی تێپەڕینی ئاوی باران كە دەچێتەوە سەر زێی بچوك گیرابوو، بۆیە ئاوێكی زۆر و لافاو روی لە زەوییەكانی ئێمە كرد" ئەو جوتیارە بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
هەمان رۆژ بارانی بەخوڕ و لافاو زیانی بە دەیان هاوڵاتی لە قوشتەپە، دارەتوو و چەند ناوچەیەكی دیكەی سەر بە پارێزگای هەولێر گەیاند و 12 هاوڵاتی لە نێویاندا منداڵێك بەوهۆیەوە گیانیانلەدەستدا، بەپێی ئامارەكانی ئیدارەی ئەو پارێزگایە.
جوتیارەكەی پردێ داوای قەرەبوكردنەوەی زیانەكانیان دەكات و دەڵێت هەندێكیان بە تەواوی ئامێرەكانی ئاودان و پێداویستی دیكەی كشتوكاڵییان ئاو بردویەتی.
700 بۆ 800 دۆنم زەوی لە پردێ ژێر ئاو كەوتوون
زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە ئاوی زێی بچوك دەبەستن كە بە سنوری پردێ-ـدا تێدەپەڕێت و لە ساڵانی رابردوشدا بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئەو روبارە هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی ژێرئاو كەوتن.
"هێندەی ئێمە بیزانین 700 بۆ 800 دۆنم زەوی لە پردێ ژێر ئاو كەوتوون بەهۆی بارانەكەی هەینی رابردووەوە، كە بەشێكی زۆری گەنم بووە" یوسف عەلی، كە جوتیارێكی زیانلێكەوتوی پردێ-ـیە وادەڵێت.
ئەو ئاماژەی بەوەدا نزیكەی لە سەدا 25ـی ئەو زەوییانەی ژێرئاو كەوتون سەوزە وەك تور و كاهوو و سڵق بون و لەگەڵ بەشێكی وێنجە بۆ ئاژەڵ.
یوسف بە (كەركوك ناو)ـی وت "جوتیار هەیە هەموو ئامێرەكانی ئاودانی ئاو بردویەتی، زیان بە تراكتۆر و بیری ئاو كەوتووە" داواشیكرد هەرچی زووە قەرەبووبكرێنەوە چونكە خەڵكی ناوچەكە بژێوی سەرەكییان لەسەر كشتوكاڵە.
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی عیراق و هەرێمی كوردستان؛ شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین لەمڕۆ دووشەممەوە دەستپێدەكات و تا ئێوارەی چوارشەممە بەردەوام دەبێت، لە هەندێك ناوچەش مەترسی دروستبونی لافاو هەیە.
محەمەد ئەحمەد، لێپرسراوی هۆبەی كشتوكاڵی پردێ بە (كەركوك ناو)ـی وت "زەرەر و زیانی جوتیارانی ناوچەكەمان بینی، وێنەمان گرت و راپۆرتمان بۆ فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك بەرزكردۆتەوە، لەوێشەوە راسپێردراین دەستبەجێ ناوی زیانلێكەوتوان تۆماربكەین بۆ قەرەبوكردنەوە".
ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا قەرەبوی زیانلێكەوتوانی ساڵانی رابردوو نەكراوەتەوە.
"هیچ ساڵێك قەرەبووی زیانی جوتیاران نەكراوەتەوە بەهۆی لافاوەوە، تەنیا ساڵی 2008 قەرەبوو هەبوو، ئەویش بەهۆی وشكەساڵییەوە نەك لافاو، بەڵام هەوڵی تەواو دەدەین تا ئەمساڵ قەرەبویان بۆ وەربگرین" بەوتەی لێپرسراوی كشتوكاڵی پردێ.
بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو)، تەنیا لە شەپۆلێكی بارانبارینی بەخوڕ و تەرزەوە ساڵی رابردوو له چهندین ناوچهی كهركوك، هەزاران دۆنم زەوی دانەوێڵەی گەنم و جۆ بەرهەمەكانیان لەناوچون، لە بارانبارینی ساڵی 2019ـیشدا كە بووە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی زێی بچوك لانیكهم 100 باخ تهنیا له سنوری نێوان تهقتهق و ناحیهی پردێ لهئهمبهر و ئهوبهری روبارەكە ژێر ئاو كهوتون.